دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ پەکەکە چەک دانێت

هەرێم نیوز

ئۆجەلان لە پەیامەکەی ئەمڕۆیدا داوای لە پەکەکە کردووە چەک دانێن و خۆیان هەڵوەشێننەوە و دەڵێت: وەک چۆن هەموو کۆمەڵگە و پارتە مۆدێرنەکان دەیکەین، کە نەتوانراوە بە هێز کۆتایی بە هەبوونیان بهێنرێت، لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون.

پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-2-2025 لە ئیستەنبوڵ لەلایەن شاندی ئیمڕاڵییەوە خوێندرایەوە، تێیدا هاتووە: لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە، هەروەها ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:

 
بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات

پارتی کرێکارانی کوردستان لە سەدەی بیستەمدا لەدایک بوو، کە توندوتیژترین سەردەمی مێژوو بوو، لە سایەی دوو جەنگی جیهانی، سۆشیالیزمی واقیعی و کەشوهەوای جەنگی سارد کە جیهان بەخۆیەوەبینی، هەروەها نکۆڵیکردن لە واقیعی کوردی و سنوردارکردنی ئازادییەکان، لەسەرووی هەموویانەوە ئازادی دەربڕین.

لە رووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە، حیزبەکە بە تووندی کاریگەر بوو بە سیستەمی سۆشیالیزمی واقیعیی سەدەی بیستەم. لەگەڵ رووخانی سۆشیالیزمی واقیعی لە نەوەدەکان بەهۆی هۆکاری نێوخۆیی و لەگەڵ پاشەکشەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتدا و ئەو پێشکەوتنانەی کە لە ئازادی دەربڕیندا روویاندا، حیزبەکە گرنگیی خۆی لەدەستدا و دووچاری دووبارەبوونەوەی زێدەڕۆیانە بوو. لە ئەنجامدا، وەکو هاوتاکانی رۆڵی خۆی تەواو کرد و هەڵوەشاندنەوەی بووە پێویستییەک.

بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ، تورک و کورد هەوڵیان داوە لە بەرامبەر هێزە زاڵەکاندا مانەوەی خۆیان بپارێزن و خۆڕاگر بن، هەر ئەوەش بوو وایکرد هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای ئارەزوومەندانە ببێتە پێویستییەکی بەردەوام بۆیان.

بەڵام مۆدێرنبوونی سەرمایەداری، لە ماوەی دوو سەد ساڵی رابردوودا، ئامانجی سەرەکی خۆی کردە هەڵوەشاندنەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە. هێزە جیاوازەکان کاریگەرییان لێکرا و بەپێی بنەماکانی چینایەتی بەم ئاراستەیەدا رۆیشتن. بە لێکدانەوە تاکلایەنەکانی کۆمار، ئەم رێڕەوە خێراتریش بوو. ئەمڕۆ، دووربارە رێکخستنەوەی ئەم پەیوەندییە مێژووییە کە زۆر ناسک بووە، بە رۆحی برایەتی، لەگەڵ رەچاوکردنی باوەڕەکانیش پێویستە.

ناکرێت نکۆڵی لە پێویستیی هەبوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات بکرێت. ئەگەر پەکەکە، کە درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیبوون و توندوتیژی بوو لە مێژووی کۆماردا، توانیویەتی هێز و پشتگیری بەدەست بهێنێت، ئەوا لەبەر داخستنی دەرەچەکانی سیاسەتی دیموکراتی بووە.

ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی توندڕەو بنیاتنراون، وەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی جیاواز، یان فیدراڵی، یان ئۆتۆنۆمی، یان چارەسەری کولتووری، پێداویستییەکانی مافە کۆمەڵایەتییە مێژووییەکانی کۆمەڵگە دابین ناکەن.

رێزگرتن لە ناسنامە، ئازادیی دەربڕین، رێکخستنی دیموکراتی و بنیاتنانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بۆ هەر گرووپێک بەپێی بنەماکانی تایبەتی خۆی، تەنها بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و بواری سیاسی دیموکراسی جێبەجێ دەبێت.

سەدەی دووەمی کۆمار ناتوانێت مانەوەی هەمیشەیی و برایانە بەدەست بێنێت ئەگەر دیموکراسی بەدەستنەهێنێت. 

هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە دیموکراسی نییە بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی نوێ و جێبەجێکردنی و ناشبێت. رێگەی بنەڕەتی، رێککەوتنی دیموکراسیانەیە.

هەروەها پێویستە زمانێک پەرە پێ بدرێت کە لە ماوەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا لەگەڵ واقیع بگونجێت. 

لە کەشوهەوای ئێستادا، کە بە بانگەوازی بەڕێز دەوڵەت باخچەلی دروست بووە، هەروەها ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و هەڵوێستە ئەرێنییەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە بەرامبەر بەم بانگەوازە، من بانگەواز بۆ چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.

وەک چۆن هەموو کۆمەڵگە و پارتە مۆدێرنەکان دەیکەین، کە نەتوانراوە بە هێز کۆتایی بە هەبوونیان بهێنرێت، لەسەر بەستنی کۆنگرەیەک و بڕیاردان لەسەر تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە رێکبکەون و پێویستە هەموو گرووپەکان دەستبەرداری چەک بن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

سڵاو بۆ هەموو ئەو گرووپانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە و بەدەم بانگەوازەکەمەوە دێن.

25ی شوباتی 2025
عەبدوڵڵا ئۆجەلان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP