هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمریکا كۆمەڵێك پرسی پەیوەست بە زیادكردنی فشارەكانی بۆ سەر ئێران خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراق، دەشڵێت، ئەمریکا پێشنیازی راگرتنی هاوردەکردنی غازی لە ئێرانەوە بۆ كردون.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (العربیە_الحدث) ئەمڕۆ پێنجشەممە، وتی: ئەمریکا پێشنیازی راگرتنی هاوردەکردنی غازی لە ئێرانەوە بۆ كردون.
وتوشەیەتی، بەغداد هیوادارە گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامبێت.
فوئاد حسێن، ئەوەشی ئاشكراكردووە، واشنتۆن پەیامی نافەرمی لەبارەی دۆخی گروپە چەكدارەكان ناردووە، هەڕەشەکانی ئیسرائیلیش بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ناوخۆی عێراق هێشتا لە شوێنی خۆیانن.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە عێراق، رونیکردەوەتەوە، کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
سەبارەت بە چەکداماڵینی گروپەكانی دەرەوەی دەوڵەتیش، جەختی كردووە، ئەم بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی ناوخۆیی هەیە، ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو گروپە چەکدارانە مەترسی لەسەر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دروست ناکەن.
وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریداوە لە مەترسییەکانی داعش و باسی لە بوونی جموجۆڵی گوماناوی لەلایەن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە كردووە، کە بۆتە جێی نیگەرانی حکومەت.