هەرێم نیوز
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نزیكەی (50%) زیندانیەكان لە عێراق یاسای لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە، دەشڵێت، (65 بۆ 75) هەزار كەس لە عێراق زیندانیكراون، "قەرەباڵغی زیندانەكان گەیشتووەتە (300%)"
لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات، نزیکەی نیوەی زیندانیانی عێراق بەپێی یاسای لێبوردنی گشتی ئازاد بکرێن.
عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاندووە: یاساکە بە كرداری چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پابەندی رێوشوێنی وردكراوە، پێشبینیش دەکات لە ماوەی مانگێک یان زیاتر، ژمارەی زیندانەکان روو لە كەمبونەوە بكات.
ئاماژەی بەوەشکرد، یاساکە ئازادكردنی سزادراوێكی زۆری لەخۆگرتووە، جگە لە گروپە تیرۆریستییەکان و ئەوانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سورە.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، رەنگە لەسەدا (٤٠ بۆ ٥٠) زیندانەکان ئازادبكرێن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی ئەو تاوانانەی کە لێبوردنەکە دەیگرێتەوە پەیوەندییان بە پارەی خوێن و تاوانە بچوکەوە هەیە، لەگەڵ دۆسیەی ماددە هۆشبەرەکان، كە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە بە بڕی کەمتر لە (٥٠)گرام گیراون.
جەختیشكردووە، جێبەجێکردنی یاساکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر زیندانەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەكانی دەوڵەت، بەتایبەت دابینكردنی خۆراک و ئامادەکردنی پێداویستییە لۆجستیکییەکان.
ژمارەی زیندانیان لە عێراق، لە نێوان (٦٥ بۆ ٧٠)هەزار زیندانییە، لە کاتێکدا توانای زیندانەکان تەنها نزیکەی (٢٠)هەزار زیندانییە، ئەوەش وایکردووە زیندانەکان (٣٠٠%) بە رێژەی قەرەباڵغتر بن.