هەرێم نیوز
دۆخی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی هەڵدەقوڵێت و گۆڕانی ڕیشەیی و بەرچاو لە ناوچەکەدا ڕوودەدات، چوار پارچەی کوردستانیش دەکرێت ڕۆڵی هەبێت و گۆڕانی بەسەردا بێت، ئایا کوردستان تووشی دژواری جەنگ و ماڵوێرانی دەبێت، یان بەسیاسەتی وریاییەوە خۆی بەدوور دەگرێت لە جەنگ؟ هەڵوێست و دیدگای بارزانی لەسەر ئەم گۆڕانکارییانە چییە و بەنیازی چی دەبێت؟
لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی حەماس و ئیسرائیل بۆ هەمووان ڕوونبوویەوە کە جەنگ پەل بۆ ناوچەکانی دیکە دەهاوێژیت، ئەوە بوو سوریا بەزووترین کات ڕووخا و حکومەتێکی نوێ جێی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی گرتووەتەوە، لێدوانەکانیان بەدڵی کورد نییە و هاوکات پێناچێت دژایەتی تەواوەتی کوردیش بێت، ئەگەرچی تا ئێستا تەنیا لە ئاستی قسەدایە.
دەستەی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی، لە 8ی کانوونی یەکەمدا کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، ئەحمەد شەرع سەرکردەی ئەو هاوپەیمانێتییە رایگەیاند، "کورد بەشێکن لە نیشتمان، وەکو ئێمە ستەمێکی زۆریان لێکراوە، لە سووریای داهاتوودا هاوبەشی سەرەکی دەبن و لە ئەمڕۆ بەدواوە هیچ ستەمێکیان لێ ناکرێت."
بارزانی لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی شەمس ڕایگەیاند: قسەی باش و جوان لە سووریا دەبیستین، هیوادارین ئەو قسانە ببن بە کردار، ئێمە مافی خۆمانە وریا بین، چونکە قسە بە تەنیا بە ئەنجاممان ناگەیەنێت، بەڵکوو دەرگەی کردار دەکاتەوە.
بارزانی باوەڕی وایە:" گرنگترین شت کە ئێمە لە سیستمی نوێی دیمەشق چاوەڕێی دەکەین ئەوەیە، کۆتایی بەم نەهامەتییانەی گەلی کورد و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بهێنێت، تاوەکو بتوانن ئازادیی خۆیان بەدەستبهێنن، هەست بە شکۆمەندی، هاووڵاتیبوون و مرۆڤایەتیی خۆیان بکەن. ئەوەی کە پەیوەندی بە گەلی کورد لە سووریاوە هەیە، داوایان لێ دەکەین، رێگەی گفتوگۆ بگرنەبەر. داوا لە دیمەشقیش دەکەین لە تایبەتمەندیی کورد لە ناوچەکە تێبگات".
پرسی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان باسوخواسی گەرمی ئەم گۆڕانکارییانەن، هەر زوو ڕای گشتی لەو باوەڕەدا بوو یەکگرتنی کورد لە سوریا پێویستییەکی حەتمی و گرنگی ئەم ساتەوەختەی مێژووە. ئەوە بوو بارزانی و مەزڵوم عەبدی کۆبوونەوە و جەختیان لە یەکڕیزی و پشتیوانی کورد کردەوە بۆ دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان. بارزانی دەڵێت: بەرژوەندیی باڵای نەتەوەیی پێویستی چاوپێککەوتنم لەگەڵ مەزڵووم عەبدی هێنایە کایە، من ئامۆژگاریم کرد بێهیوا نەبێت، پەنا بباتە بەر گفتوگۆ، کۆتایی بە هەموو هەژموونێکی دەرەکی بهێنێت، قسە و هەڵوێستی کورد یەک بخاتەوە.
لەبارەی ئەوەی کە پێی باشە کورد لە سووریای نوێدا چ شێوە قەوارەیەکی سیاسیی هەبێت؟ بارزانی باوەڕی وایە:" بڕیارەکە بۆ خۆیان ( کوردی رۆژئاوای کوردستان) جێدەهێڵم کە لەنێو خۆیاندا رێکبکەون و دواتریش لەگەڵ حکومەتی سووریا رێکبکەون. نامەوێت شێوازی ئەو چارەسەرە دیاری بکەم کە بەکاریدەهێنن. ئەوە ئەوانن کە پێویستە بڕیار بدەن چۆن لەگەڵ دیمەشق کۆدەبنەوە."
لەبارەی عێراقیش ئەوە ڕوونە کە بەهۆی بوونی میلیشیاکانی ئێران دەکرا وڵاتەکە ڕوو لە بۆردوومان و ناخۆشی بێتەوە و پریشکی جەنگی بەربکەوێت، بەتایبەت کە ئێستا بە هاتنەسەر دەسەڵاتی ترەمپ لە ئەمریکا و دژایەتی سەختی میلیشیاکان وەک بەشێک لە بەرەی مقاوەمە و هەروەها پلان و نەخشەی ئیسرائیل بۆ بنبڕکردنی باڵی بەرەی مقاوەمە بە میلیشیاکانی عێراقیشەوە، ترسی جەنگی لەدڵی عێراقییەکاندا دروست کرد. هاوکات دژایەتی ئەمریکاش دەکەن و بۆردوومانی بنکەکانیان دەکرد. لەلایەکی دیکەش ترسێکی دیکەی عێراق سەرهەڵدانەوەی داعشە و ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەیان هەیە، چ لە سوریا و چ لە عێراق.
لەبارەی مەترسیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق دەڵێت، ئێستا مەترسییەكە كەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا ماوە، بە تایبەتی ئەگەر میلیشیاكان ئامادە نەبن چەكەكانیان ڕادەستی حكوومەت بكەن و هێرشی ئاسمانی لە عێراقەوە نەوەستێت. هەتا هێزێك لە عێراقدا هەبێت كە لە دەرەوەی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی عێراق بجووڵێتەوە، مەترسیی ئیسرائیلی لەسەر دەمێنێت.
بارزانی له بهشێكی دیكهی قسهكانیدا باس لهوه دهكات كه مانهوهی هێزهكانی هاوپهیمانان بۆ ئهم قۆناغه به پێویست دەزانێت، به مهرجێك بهپێی رێككهوتن بێت و هەر لایەك ئەركی خۆی بزانێت، ناكرێت ههوڵ و ماندووبونی ئهمریكا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچهكه نادیدە بگیرێت، ئهمه پێویستی به رێككهوتنی نوێ و لێكتێگهیشتنی نوێ ههیه، به تایبهت كه قۆناغی گرنگمان له پێشه بۆ هاوبهشیكردن لهگهڵ هێزی هاوپهیمانان.
پرسێکی گرنگی دیکە کورد لە باکووری کوردستانە، کە تورکیا زوو هەستی بەم گۆڕانکارییانەی ناوچەکە کرد و سیاسەتی برایەتی کورد و تورکیان هێنایە باس و پێدەچێت لە باکووری کوردستانیش لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەدوورنەبێت و پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە بکرێت.
بارزانی لە بارەی تورکیاوە دەڵێت، ئێستا كورد لە ناوچەكەدا ژمارەیەكی قورسە و هەرگیز ناتوانن جارێكی تر پەراوێزمان بخەن، هەڵبەت ڕێگەكە گوڵڕێژ نییە. پێوەندی ئێمە لەگەڵ توركیا باشە و هیوادارم ببێتە هۆی ئەوەی ئاشتی لە ناوچەكەدا بەرهەم بهێنێت. ئێمە لە یەكتربینینە فەرمییەكاندا هەردەم لەسەر برایەتیی كورد و تورك سوور بووین، ئەمەش زمانێكی نوێیە لە توركیادا و پێشتر هەرگیز زمانێكی لەو جۆرە قەبووڵ دەنەكرا.
بارزانی پەیامی بۆ کورد لە چوارپارچەی کوردستان هەبوو:" دەبێت بیرتان بێت ئێوە خاوەنی دۆزێكی پیرۆزن و كۆڵی لێ نەدەن، بەڵام ڕێگەی توندوتیژی مەگرنە بەر بۆ ئەو ڕێگەیەتان. لە كۆتاییدا كورد نزیك یان دوور یەك دەگرێت و وێڕای گرێكان، بڕوای تەواوم هەیە كە ئەو ڕۆژە دێت و هەموو هێزی خۆم بۆ یەكگرتوویی هەموو كورد تەرخان دەكەم.