هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکان و داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان قسەمان کرد و مووچەی مانگی 12 خەرج دەکرێت بەڵام رەنگە دوابکەوێت.
ئەمڕۆ شەممە 11ـی 1ی 2025، ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، "پێم وایە میکانیزمێک لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 12 دەبێت، ئەگەر ساڵی داراییش کۆتایی هاتبێت، پێویستە مووچە خەرج بکرێت."
جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، تەنیا 400 ملیار دیناری بۆ مووچە مانگی 12، بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، ئەمەش کورتهێنانی بە بڕی زیاتر لە 500 ملیار دیناری دروست کردووە.
ئیخلاس دلێمی، جەختی لەوە کردەوە، بڕیاری دادگای فیدراڵی ڕوونە، پێویستە مووچە زامن بکرێت، دادگا باسی ئەوەی نەکردووە زامنی مووچە لە چوارچێوەی بڕگەی قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران بێت. بەڵكو لە چوارچێوەی 20 ترلیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجە.