هەرێم نیوز
ئەمڕۆ شەممە، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق بە یاوەری ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی، سەردانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنەکانی نزیک شنگال، لە ڕۆژئاوای مووسڵ کرد.
سابت محەمەد عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق بە هاوڕێیەتی یاریدەدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و فەرماندەی هێزی زەمینیی، گەیشتە كەرتی ئۆپراسیۆنەكانی خۆرئاوای نەینەوا لە شەنگال.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی، ئامانج لە سەردانەكەی وەزیری بەرگری بۆ ناوچەكە، بۆ ئاگاداربوونە لە دۆخی ئەمنی و بەسەركردنەوەی هێڵی سنوریی نێوان عێراق و سوریا.
پێشتر وەزیری بەرگریی عێراق ئامادەیی هێزە چەكدارەكانی عێراقی بۆ پاراستنی سنورەكان لە ئەگەری هەر هێرشێك راگەیاندو وتی: هێزەكانی عێراق رێگە بە دزەكردنی هیچ تیرۆرستێك نادەن بۆ ناو وڵات.
سەردان و لێدوانەكانی وەزیری بەرگریی عێراق لەكاتێكدان، دۆخی ئەمنی ناوچە سنورییەكانی سوریا لەگەڵ عێراق ئاڵۆزیی بەخۆوە دەبینێت و گروپە چەكدارە توندرەوەکانی لە شاری حەلەب پێشڕەویی دەكەن و دەستیان بەسەر ژمارەیەك شوێنی ستراتیژیدا گرتووە، ئەمەش نیگەرانیی ئەمنیی بۆ حكومەتی عێراق لە سنورەكان دروستكردووە.
لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێت: سنور لەگەڵ سوریا بەتەواوەتی پارێزراوە، هێزەكانی سنور بە نوێترین چەك و كەلوپەلی سەربازیی پۆشتە كراون، لەوانە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و كامێرایی حەراریی.
بەرپرسانی عێراق ترسی دوبارەبوونەوەی رووداوی 2014ی هێرشی داعش لە سوریاوە بۆسەر گرتنی روبەرێكی زۆری خاكی عێراق دەكەن، بەتایبەتیش هاوكات لەگەڵ پێشڕەوی گروپە توندڕەوەكانی سوریا لەبەرامبەر هێزەكانی رژێمی بەشار ئەسەد.