هەرێم نیوز
بە هێرشی سەخت لە باکووری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە، بۆ یەکەمجار لەماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد توانیان ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەن کە پێشتر لە دەستی هێزەکانی سوپای سوریا و حکومەتی بەشار ئەسەد بوون.
گرووپی سەربازی ئیسلامیی "تەحریر شام" و گرووپە هاوپەیمانەکانی دەڵێن، لە ڕۆژی چوارشەممەوە توانیویانە ژمارەیەک شارۆچکە و گوندی حەلەب و پارێزگای ئیدلب بگرن.
سوپای سوریا دەڵێت، هێزەکانیان ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی "تیرۆریستان" بوونەتەوە و توانیویانە زیانێکی زۆریان پێبگەیەنن.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 180 سەربازی هەردوولا لە تێکهەڵچوونەکاندا کوژراون. ئەم گرووپە دەشڵێت: لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و حکوومەتی بەشار ئەسەد بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی یاخیبووان، لانیکەم 19 کەسی سڤیلیش کوژراون.
لە شەڕی ناوخۆی سوریادا زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژران، کە بە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی خۆپیشاندەرانی لایەنگری دیموکراسی لەم وڵاتە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد.
ئیدلب دوایین ناوچەیە کە تا ئێستا بە زیاتر لە 4 ملیۆن کەسەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی بەشار ئەسەددان. زۆرێک لە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە لە کاتی شەڕی ناوخۆ ئاوارە بوون یان لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین.
بەشی سەرەکی ئەم ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریر شامی سوریادایە، بەڵام گروپە میلیشیاکانیش کە پشتیوانی تورکیایان هەیە، لەژێر ئاڵای "سوپای نیشتمانی سوریا" شانبەشانی کۆمەڵێک هێزی سەربازی تورکیا لەم ناوچەیەدا ئامادەن.
لە ساڵی 2020 تورکیا کە پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد دەکات، ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ ڕووسیا واژۆ کرد کە لایەنگرێکی سەرسەختی حکومەتی سوریایە، کە ڕێگری لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئیدلب لە لایەن هێزەکانی بەشار ئەسەدەوە کرد و هەروەها ئاستی شەڕی نێوان هەردوولای کەمکردەوە. هەرچەندە هێرشی ئاسمانی و تۆپخانە بەردەوام بووە.
مانگی ڕابردوو نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا هۆشداری دابوو کە شەڕی غەززە و لوبنان "بە شێوەیەکی مەترسیدار ململانێکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا پەرەپێدەدات".
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی تەحریر شام هێرشی بەرفراوانیان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت ئەنجامداوە و ڕوسیاش بۆ یەکەمجار دوای چەند مانگ هێرشە ئاسمانییەکانی دەستپێکردووەتەوە. بە وتەی ناوبراو، حکومەتی سوریاش بە هێرشەکانی تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەو ناوچانەی کردۆتە ئامانج.
ڕۆژی پێنجشەممە، گرووپی چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاند کە هێزەکانی دژە حکومی ڕێگای سەرەکی M5 ی نێوان حەلەب و دیمەشقیان پچڕاندووە و دەرچوونێکی دیکەیان لەم ڕێگا خێرایە بۆ ڕێگای M4 لە نزیک سەراقیب کۆنترۆڵ کردووە.
بەگوێرەی ئەم گرووپە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 121 هێزی یاخیبوو کە زۆربەیان ئەندامی دەستەی تەحریر شام بوون، لەگەڵ 40 هێزی لایەنگری حکوومەت کوژراون.
نەیارانی حکومەت دەڵێن، شاری خان ئەلعەسەلیان کۆنترۆڵ کردووە، کە کەوتووەتە پێنج کیلۆمەتریی ڕۆژئاوای حەلەبەوە و زیاتر لە 200 کەسیان لە هێزە سەربازییەکانی پاڵپشتی بەشار ئەسەد کوژراون.
لە هەمان کاتدا سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە "کیومەرزی پورهاشمی" یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە هێرشی شەوی ڕابردووی نەیارانی بەشار ئەسەد بۆ سەر شاری حەلەبی سوریا کوژرا.
هێرشەکانی نەیارانی بەشار ئەسەد ڕۆژی چوارشەممە لە کاتێکدا دەستی پێکرد کە حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی وەک ئێران سەرنجیان لەسەر شەڕی لوبنان و غەززە بوو. سوپای ئیسرائیل لە لوبنان زیانێکی زۆری بە پێگەکانی حیزبوڵڵا گەیاندووە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. هێزەکانی حیزبوڵڵا لە شەڕی ناوخۆدا ڕۆڵێکی جددییان هەبوو لە پاڵپشتی کردنی حکومەتی سوریا.
هاوکات ئیسرائیلیش بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی لە سوریا بۆ سەر پێگەکانی پەیوەندیدار بە ئێران و حیزبوڵڵا و هێزەکانی ڕوسیاش لەم ماوەیەدا سەرنجیان لەسەر شەڕی ئۆکرانیا بووە.