دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ئێران: سزامان بدەن چەکی ئەتۆمی دروست دەکەین

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی ئەگەر ڕۆژئاوا بەردەوام بێت لە هەڕەشەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەری زۆرە پرسی بەکارهێنانی ئەتۆمی لە ناوخۆی ئێراندا بگۆڕێت بۆ پەرەپێدانی و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە کۆپییەکی ڕاپۆرتێکی بڵاونەکراوەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەم ئاژانسە هەواڵییە بینیویەتی، تاران نیازی خۆی بۆ زیادکردنی ژمارەی سانتریفیوژەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی "فەردۆ" و "نەتەنز" ڕاگەیاندووە.

بەڵام به پێی ئەم ڕاپۆرتە کە لەلایەن ئاژانسی وزەوە بۆ هۆشیاری وڵاتانی ئەندام ئامادەی کردووە، سەرەڕای ئەم هەڕەشە، ئێران بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی و زیادکردنی پیتاندن، کارێکی زۆری نەکردووه.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران بە 60%ی یۆرانیۆم پیتاندن دەکات، کە نزیکە لە 90%ی پیتاندنی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

زلهێزەکانی ڕۆژئاوا دەڵێن هیچ پاساوێکی مەدەنی باوەڕپێکراو نییە بۆ پیتاندن تا ئەم ئاستە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دەڵێت هیچ وڵاتێکی دیکە بەبێ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەو ڕێژە لە پیتاندنەدا ناکات.

دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ئەم مانگە بڕیارنامەی پێشنیارکراوی چوار وڵاتی زلهێزی ڕۆژئاوای پەسەند کرد و ئێرانی بە فراوانکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی و هاوکاری نەکردنی لەگەڵ ئاژانسەکەدا سەرکۆنە کرد.  ئەمە دووەمین بڕیارنامەی دژ بە ئێران بوو لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP