دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

وردەکارییەکانى رێککەوتنى ئیسرائیل و لوبنان

هەرێم نیوز

رۆژى چوارشەممەى رابوردوو ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاى لوبنان چووە بوارى جێبەجێکردنەوە و بووە مانشێتى زۆرینەى میدیاکان، بەڵام وردەکارییەکانى ئەو ئاگربەستە بەتەواوى رانەگەیەنرا، لە بەدواداچوونێکى -هەرێم نیوز-دا بۆ خاڵەکانى ئەو ئاگربەستە دەستى گەشت بەکۆمەڵێک زانیاری ورد کە دەکرێت لەم خاڵانەى خوارەوەدا کورتیان بکەینەوە.
1- ماوەى ئاگربەستەکە شەست رۆژە و لە رۆژى 27ـى تشرینى دووەمەوە دەستپێدەکات و تارۆژى 25ـى کانوونى یەکەم دەخایەنێت، واتە پێنج رۆژ دواى ئەوەى دۆناڵد ترەمپ پێدەنێتە کۆشکى سپی، ئەوەى کە جێگەى سەرنجە دۆناڵد ترەمپ پەیمانى راوەستانى جەنگەکەى دا و لە هەمانکاتیشدا پێدەچێت جۆبایدن ویستبێتى پێش دەستى بکات و لە ئەهمیەت و گرنگی ئەو ئاگربەستە بۆ رکابەرەکەى کەمبکاتەوە، راشیگەیاندووە لە ماوەى ئەو شەست رۆژەدا کار بۆ ئەوە دەکات جەنگەکە بە یەکجاریی رابگرێت.

2- لە ئەنجامی ئەو ساڵەدا کە جەنگ بەرۆکی لوبنانى گرتووە زیانێکى زۆری مادى و مەعنەویی و سیاسی لەو وڵاتە کەوتووە، بەجۆرێک بۆئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەى دۆخی پێشوو هەم پێویستى بە کاتى زۆرە و هەم تێچوویەکى زۆریشى دەوێت، بەگوێرەى بەدواداچوونەکان تا ئێستا 3768 کوژراو و 15699 بریندارى لێکەوتوەتەوە، حزبوڵاى لوبنانیش بە فەرمی رایگەیاندووە 500 ئەندامی لەو هێرشانەدا کوژراوە وێڕای سەرکردەکانى لەنێویشیاندا حەسەن نەسروڵا. بەڵام تەنها 73 سەربازی ئیسرائیلى و 45 هاووڵاتی سڤیل کوژراون. ویرانبوونى 99 هەزار ماڵى لێکەوتووەتەوە کە بە نزیکەى سێ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت وێڕاى زیانە لاوەکییەکانى تر کە تەنها لە کەرتى کشتوکاڵدا بەبەهاى 124 ملیۆن دۆلار زیان لە لوبنان کەوتووە و ئیسرائیلیش بەبەهاى 273 ملیۆن دۆلار زیان بەر دامەزراوەکانى کەوتووە.

3- بنەماى ئاگربەستەکە بڕیارى ژمارە 1701ـى نەتەوەیەکگرتووەکانە کە لەڕێگەى ئەو بڕیارەوە ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە، هەرچەندە بڕیارەکە کۆنە و هی سالی 2006 ـە بەڵام بەگوێرەى بڕیارەکە دەبێت باشورى لوبنان لە چەک دابماڵرێت و و سوپاى ئیسرائیلیش هەموو ئەوناوچانە چۆڵبکات کە داگیریکردوون و لە بڕیارەکەدا بە ناوچەى سەوز ناوى هاتووە، بایدن رایگەیاندووە لە ماوەى ئاگربەستەکەدا بەگوێرەى پلانێکى داڕیژراو سوپاى ئیسرائیل دەکشێتەوە و هاووڵاتیانیش دەگەڕێنەوە شوێنەکانى خۆیان.

4- بڕیارى ئاگربەست مافى بەرگری لەخۆکردنى داوە بەهەردوولا بەمەرجێک گونجاوبێت لەگەڵ یاساى نێودەوڵەتیدا، هەرچەندە لوبنانییەکان داوایانکردووە کە بەخێرایی ئیسرائیل پاشەکشە بکات بەڵام وەک چاودێران دەڵێن پێدەچێت تا کۆتایی مانگی یەکەمى ئاگربەستەکە درێژە بکێشێت.، چەکدارەکانى حیزبوڵاش بۆ 30 کیلۆمەتر لە سنوورەکانى ئیسرائیل بکشێنە دواوە.

 5- کشانەوەى هێزەکانى حیزبوڵاى لوبنان بە ئاشکرا نابێت، بەڵکو لە لایەن لیژنەیەکى تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت و ئەو چەکانەى کە چەکدارەکان دەتوانن لەگەڵ خۆیانى ببەن دەیبەن و ئەوەى دەمێنێتەوە بە ئۆتۆمبێلى سەربازیی و تایبەت پاشەکشەى پێدەکرێت و سوپاى فەرمی لوبنان شوێنیان دەگرێتەوە کە ژمارەیان پێنج هەزار چەکدارى فەرمییە و لە 33 سەربازگە و پێگەى گەورەو بچوکدا جێگیردەکرێن.

 6- یەکێک لەو کێشانەى دێتە پێشەوە گەڕانەوەى خەڵکی ئاوارەى ئەو ناوچەیەیە کە رێککارەکانی دراوەتە دەست ئەو یەکە سەربازییانە بەتایبەتى کێشەى تەقینەوە و پاشماوە جەنگییەکان کە لە ئەنجامى بۆردومانى ئیسرائیل لە ناوچەکەدا جێماون. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لەو جەنگەدا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار هاووڵاتى ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووەو ئاوارە بوون، گەڕاندنەوەیان ئەرکی یەکەمى لوبنانە، لە هەمان کاتیشدا ئەو دەیان ئاوارە ئیسرائیلیەش دەگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان کە لەترسی هێرشەکانى حیزبوڵا ئاوارەبوون.

 7- هێزى ئاسایش و سەربازیی لوبنان هاوکاری هێزەکانى پاراستنى ئاشتى نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن کە بە -یونیفێل- بەناوبانگن.

 8- هاتنە ناوەو کڕینى هەموو جۆرە چەکێک بۆ حیزبوڵا قەدەغەیە و حکومەتى لوبنان چاودێریی ئەو بارودۆخەکە دەکات و بەرپرسیارە لە داخڵبوونى هەرجۆرە چەک و تەقەمەنییەک.

 9- یەکێک لەو کێشانەى کە روبەڕووی ئاگربەستەکە دەبێتەوە چاودێریکردنیەتى، هەربۆیە جگە لە یونفێل و لوبنان و ئیسرائیل، نوێنەرانى ئەمریکا و فەرەنساش چاودێریکردنى پرۆسەکە دەکەن و لەئەگەرى هەر پێشێلکارییەکدا هەڵویستى خۆیان دەبێت و هەردوولایان لیژنەیەکى  هونەریی تایبەت بەخۆیان دەبێت بۆ چاودێریکردن و پێدەچێت ژمارەی چاودێرەکان بەشێوەیەکی گشتى بگاتە دە هەزار کەس کە لە لوبنان بڵاوەیان پێدەکرێت.

 بەڵام هێشتا پرسیارە گرنگەکە پێویستى بەوەڵامە، ئاخۆ ئەم ئاگربەستە کاریگەریی دەبێت لەسەر جەنگە سەرەکییەکەى نێوان ئیسرائیل و حەماس، یان ئەوەیە ئەوەش خۆیەکلایی کردنەوەى ئیسرائیلە بۆ ئەو بەرەیە؟ لە لایەکی تریشەوە تۆبڵیی ئەمە نەبـێتە دەروازەیەکى دیکە بۆ خاڵیبوونى دەستى ئیسرائیل تا گورزێکى دیکە لە دوژمنەکانى تری لە یەمەن، ئێران و عێراق  بوەشێنێت؟ یان هەر ئەوەیە کە ئیسرائیلیش بەگیرهاتووەو ئەو جەنگە بووەتە کارەساتێکى گەورە بۆی و تا بەردەوام بێت نەزیفى ئابورییەکەى ناوەستێتەوە، ئەوە پێویستى بەوەڵامە و داهاتووش وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP