دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

هەرێمی کوردستان و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەرێم نیوز

پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، لە زانكۆی ئەمریكی لە كوردستان لە دهۆك، لە 22ی مانگ بۆ دوو ڕۆژ دەستی بە كارەكانی كرد. زیاتر لە 120 سەرۆك و سەركردە و سیاسەتمەدار و دیپلۆمات و توێژەری ئەكادیمیستی ناوەندەكانی توێژینەوە لە 40 دەوڵەتەوە بانگهێشت كرابوون.

بارزانی بەهۆی ئەزموونی خۆی، باوەڕێکی دروستی لە وتارەکەیدا دەربڕی، ئەویش ئەوە بوو کە وتی، ئەگەر خۆمان وەک کورد ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداكارییەك، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات. دەشبێت واقعبین بین و بزانین هەنگاو بۆ كوێ دەنێین. دوای جەنگی جیهانی و دابەشکردنی وڵاتان بەشێوەی هەڵە و غەدری گەورە لە کورد و نەتەوەکانی دیکە، وادەکات ڕێگەچارە تەنیا یەکترقبوڵکردن و چارەسەری کێشەکان بەڕێگەی ئاشتییانە بێت. بەتایبەت بارزانی خۆشحاڵی و پشتگیری تەواوەتی خۆی، بۆ پرسی ئاشتی لە تورکیا دەربڕی و، ئاشتی و دانوستانی بەڕێگا ڕاستەکە زانی.

بارزانی لە خەمی واقعبینانەی خۆی ئاماژەی بە پرسێکی هەستیاریش کرد، ئەو باوەڕی وایە بازرگانی ئازادانەی ماددەی هۆشبەر ئاڵنگارییەکی سەرەکییە و، ئەم کارەساتە هاوواتای کوشتنی نەتەوەیەکە. ئەوەی کە زۆر لایەنی دەسەڵاتدار کارخانە دروستدەکەن و، ماددەی هۆشبەر بڵاودەکەنەوە، تەنانەت مەترسییەکە کە لە تیرۆریش گەورەترە.

کۆڵنەدان و خۆڕاگری چیرۆکی ئێمەیە

کەس نییە نەزانێت جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی ناهەمواردایە، جەنگی ئیسرائیل و حەماس و لوبنان، تا درێژەکێشانی پرشی جەنگ بۆ ئێران و تەنانەت عێراقیش. لەم ساتە هەستیارانەدا کۆڵنەدان و خۆڕاگری و سیاسەتی حەکیمانە بۆ کوردستان لە هەموو شت پێویستترە.

مەسرور بارزانی لە پەیڤێكی كورتدا كە لە تۆڕی سۆشیال میدیای ئێكس بڵاوی كردووەتەوە، نووسیویەتی: «ئێمە هەرگیز كۆڵ نادەیەن و خۆڕاگر دەبین، ئەمەش چیرۆكی ئێمەیە». ئەم وتەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە مەغزایەكی قووڵی هەیە و وەك پەیامێك ئاراستەی بەشداربووانی كۆڕبەندی مێپس-ی كرد، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە نابێت مرۆڤ لە كاتی تەنگژە و ئاڵۆزیی سەختدا، چۆك دابدات و تەسلیم بێت.

بەتایبەتی كە ئێستا لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بارودۆخێكی هێندە ئاڵۆز و مەترسیدار دروست بووە، چاوەڕوانی هەموو ئەگەرێكی نەخوازراوی لێدەكرێت و، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ شەڕەكە فراوانتر دەبێت. بە دوور نازانرێت بە هۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە ئەوروپا، سیناریۆی شەڕێكی جیهانی دووبارە دابڕێژرێتەوە.

هەرێمی کوردستان و لانگەی ئاشتی و پێکەوەژیان

كۆڕبەندی ئەمساڵی مێپس ئەو پەیامەی بە جیهان ڕاگەیاند، کە لەناو ئەو جوگرافیایەی پێی دەگوترێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕێكی كراوەی مەترسیداری بوونی هەیە و، بیركردنەوەیەكی ڕادیكاڵییانەی مەزهەبی و قەومی باڵادەستە و، لێبوردەیی و یەكتری قبووڵكردن بوونی نییە.

بەڵام لەو جوگرافیا بچكۆڵەی كە پێی دەگوترێت «هەرێمی كوردستان»، لە ناو هۆڵێكی زانكۆی ئەمریكی كوردستان لە شاری دهۆك، زمانێك دروست بووە كە زمانی «ئاشتی و لێكتێگەیشتنە»، نوێنەری 40 دەوڵەتی جیاوازی پێكەوە كۆكردووەتەوە و، پێكەوە لەسەر ئەم پلاتفۆرمە ئازادە هەموویان لە یەكتری تێدەگەن و، ئامانجیان ئەوەیە هەوڵەكانیان یەك بخەن، بۆ ئەوەی ژینگەی لێبوردەیی و یەكتری قبووڵكردن بێتە ئاراوە و، كۆتایی بە شەڕ بێت و ئاشتی جێگەی بگرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP