هەرێم نیوز
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هەژماری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی بە زمانی عیبری ڕاگرت.
ئەمڕۆ دووشەممە هەژمارەکەی خامنەیی داخرا، بەهۆی ئەوەی ئێکس ڕایگەیاندووە کە سەرپێچی یاساکانی کردووە بەڵام ڕوونی نەکردەوە کە پێشلکارییەکان چین.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، هەژمارێکی تایبەت بە خۆی بە زمانی عیبری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کردەوە.
نوسینگەی خامنەیی ساڵانێکە چەندین ئەکاونتی ئێکسی بۆ ڕێبەرە تەمەن 85 ساڵەکە کردوەتەوە، لە ڕابردوشدا بە چەند زمانێک پەیامی ناردوە.
ئەمە یەکەمجار نییە کە هەژمارەکانی عەلی خامنەیی دادەخرێن، مانگی دووی ساڵی ڕابردوو، مێتا هەژماری فەیسبووک و ئینستاگرامی خامنەیی داخست بەهۆی پشتگیریکردنی لە حەماس دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵی 2023.