هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئێران بە هاوکاری ئەمریکا و بە چەکی ئەوان کراوە و دەبێت ئەمریکا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە بگرێتە ئەستۆ".
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتوومانە تاران وەڵامدانەوەی هێرشەکانی رژێمی زایۆنی بە مافی خۆی دەزانێت".
ئاشکراشیکرد: "لەو نامەیەدا داوای هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکانمان کردووە سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، "بە تووندی و بێ مەرج" ئەو هێرشانە سەرکۆنە بکەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئیسرائیل هیچ توانایەکی لە ناوچەکەدا نییە و ئەو هێرشەی کراوەتە سەر ئێران بە هاوکاری ئەمریکا و بە چەکی ئەوان کراوە و دەبێت ئەمریکا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە بگرێتە ئەستۆ".
ڕوونیشیکردەوە: "لە نامەکەدا داوای کۆبوونەوی بەپەلەمان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووکان کردووە، بەڵام بە هۆی ئامادەبوونی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکە هیچ ئومێدێک نییە کە کۆبوونەوەکە ئەنجامێکی باشی هەبێت".
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا.''