هەرێم نیوز
وەزارەتی كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێشوازییان لە 262 هاوڵاتی لوبنانی كردوە کە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان، وڵاتەكەیان بەجێهێشتوە، دەشڵێت ، "شەوی ڕابردو پێشوازی لە 144 كەسی دیكەی لوبنانی كراوە كە ژمارەیەكەیان برینداربون".
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ی 10ی 2024 وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تیمەكانیان بەردەوامن لە پێشوازیکردن لە خێزانە لوبنانییەکان کە ڕو لە عێراق دەكەن، بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، لە ڕێگەی دەروازەی سنوریی قائیم-ەوە".
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو هاوڵاتیانەی ئەمڕۆ گەیشتونەتە عێراق، كاروانی دوەمی ئەو لوبنانەیە و پێکهاتوە لە 262 هاوڵاتی، وەزارەتەكە و حكومەتی عێراق هەمو ئاسانکارییەکی پێویستیان بۆ ئەو كەسانە كردوە.
ئەوەش هاتووە، "شەوی ڕابردو كاروانی یەكەمی ئەو لوبنانیانە گەیشتونەتە عێراق كە ژمارەیان 144 هاوڵاتی بوە و ژمارەیەكیشیان برینداربون".