هەرێم نیوز
ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئابووری، ڕایدەگەیەنێت: "بڕیار بوو لە سەرەتای هەفتە تەواوكاریی مووچەی مانگی هەشت لە بەغداوە بگات، تا ئێستا نەهاتووە، هیوادارین ئەمڕۆ بگات."
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چاوەڕێین ئەمڕۆ سێشەممە حکومەتی عێراق تەواوکاریی مووچەی مانگی هەشت بنێرێت.
راشیگەیاند: دەبوو سەرەتای ئەم مانگە مووچەی تەواوکاری مانگی هەشت بهاتایە، تا ئێستە نەهاتووە هیوادارین ئەمڕۆ بینێرن. لەسەر وردبینی مانگی نۆش، بەغدا هەندێک تێبینی ناردووە دەڵێن دەبێت کوردستان مووچەی مانگی دوو بکەنە بنەمای دابەشکردنی مووچە. لە کاتێکدا هەموو مانگێک عەلاوەی و تەرفیعاتی وەزارەت هەیە، بەتایبەت وەزارەتە ئەمنییەکان، لەبەر ئەوە جیاواز دەبێت، لیستی مووچە هیچ مانگێک وەک مانگێکی دیکە نابێت، ناتوانی بڵێیت لیستی مانگی نۆ هاوشێوەی لیستی مانگی هەشتە یان حەوتە، هەر مانگە لیستی مووچە بە جۆرێک دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو بیانوانەی بەغدا دەیگرێت، بیانووگرتنە تەنیا بۆ دواخستنی مووچەی خەڵك، وەزارەتی دارایی بە تەنسیق لەگەڵ دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە گفتوگۆدان، بەڵام ئەو بەشەی كە نوقسانە بڕێكی گەورەیە كە 243 ملیار دینارە، هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆكەی 50% بۆ بەغدا دەنێرێ، داهاتی نەوتی نەماوە و هیچ شتێكی كەی نییە كە قەرەبووی ئەوەی بۆ بكاتەوە، ناشكرێ دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێ و هەندێ شوێن وەریبگرێ و هەندێ شوێن وەرینەگرێ!"
ئەوەشی خستە ڕوو: "هیچ پاساوێك نەماوە بۆ ئەوەی ئەو تەواوكارییە نەنێرن، ئێستا نوێنەری وەزارەتی دارایی لەوێیە بۆ تەواوكردنی ئەو بابەتە."
وتیشی: مووچەی خەڵکی کوردستان لە دوای هەناردەکردنی نەوت کەوتووەتە دەست بەغدا، بە پلانی ئەو لایەن و کەسانەی کە ئێستە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، مووچەی خەڵک دوا کەوتووە، بەهۆی ئەوانەوە حکوومەتی عێراق یاری بە ژیانی خەڵکی کوردستان دەکات، هەر ئەوان مووچەی خەڵکیان خستە دەست بەغدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڕی 755 ملیار دیناری لەبەردەستە بۆ مووچەی مانگی هەشت، لەکاتێکدا پێویستی بە 998 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی مووچە، واتە 243 ملیار دینار کورتهێنان هەیە.
هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نۆ ڕۆژ بەسەر ناردنی دوایین گوژمە بۆ مووچەی مانگی هەشت، هەر ئەمڕۆ و سبەی دەکات. لەگەڵ گەیشتی پارەکە ڕاستەوخۆ وەزارەتی داریی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات.