هەرێم نیوز
وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا پشتیوانى وڵاتەکەى بۆ هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسەر ژێرخانەکانى حیزبوڵاى لوبنان دەربڕى و جەختیشی کردوەتەوە کە ئەگەر ئێران هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل روبەڕوى لێکەوتەى جددى دەبێتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە: لوید ئۆستن وەزیری بەرگری قسەی لەگەڵ یوئاف گالانت، هاوتا ئیسرائیلییەكەی كردووە، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێشهاتە ئەمنیەكان و پرۆسە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە لوبنان.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، وەزیری بەرگری ئەمریكا پشتیوانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی بۆ مافی ئیسرائیل دەربڕیوە تا بەرگری لەخۆی بكات.
ئۆستن، پشتیوانی واشنتۆنیشی دووپاتكردووەتەوە لەبارەی پێویستی لەبەریەك هەڵوەشاندنی ژێرخانی حزبوڵا بە درێژایی سنورەكان، لەپێناو زامنكردنی ئەوەی ئەو گروپە نەتوانێت هێرشی هاوشێوەی 7ی ئۆكتۆبەر بكاتە سەر هاوڵاتیان لە باكوری ئیسرائیل.
وەزیری بەرگری ئەمریكا جەختیشكردووە: وڵاتەكەی لە دۆخێكی بەرگری باشدایە لە هێزەكانی و هاوبەش و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشەكانی ئێران و رێكخراوە تیرۆرستیەكانی هاوپەیمانی.
ئۆستن، هۆشداریشداوە لە لێكەوتەی خراپەكانی لەسەر ئێران ئەگەر بڕیاری هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بدات.