هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵا سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، ناوچەکە و جیهان بەبێ ئەو پارێزراوترن، دەشڵێت، لەماوەی سەرکردایەتی نەسروڵڵادا، حزبوڵا خەڵکی لە سەرانسەری ناوچەکە تیرۆر دەکرد و ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی لوبنان دەکرد وەک وڵاتێک.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی 9ی 2024، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، جیهان ئێستا پارێزراوترە دوای ئەوەی ئیسڕائیل حەسەن نەسڕوڵای کوشت، نەسڕوڵای بە " تیرۆریستێکی دڕندە " ناوبرد و هاوکات جەختی لەوە کردەوە دیبلۆماسی باشترین دەرفەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ سەقامگیری.
وتیشی،" ناوچەکە و جیهان بەبێ ئەو پارێزراوترن."
بلینکن وتیشی، " حەسەن نەسڕوڵا تیرۆریستێکی دڕندە بوو کە زۆرێک لە قوربانییەکانی بریتی بوون لە ئەمەریکاییەکان و ئیسڕائیلییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لوبنان و هاووڵاتیانی مەدەنی سوریایی و زۆرێکی دیکەش." لێدوانەکەی بلینکن لە ماوەی دەستپێکی کۆبوونەوەیەکی وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بوو دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، " لە ماوەی سەرکردایەتییەکەیدا، حزبوڵا خەڵکی لە سەرانسەری ناوچەکە تیرۆر دەکرد و ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی لوبنان دەکرد وەک وڵاتێک."
وتیشی سەرەڕای پەرەسەندنی بەرچاوی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا لە لوبنان، ئەمەریکا هێشتا باوەڕی وایە دیبلۆماسی باشترین ڕێگەیە بۆ پێشەوە بۆ ناوچەکە.
باسی لەوەش کرد، " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانماندا لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهانیشدا بۆ بەرەوپێشبردنی چارەسەرێکی دیبلۆماتی کە ئاسایشێکی ڕاستەقینە بدات بە ئیسڕائیل و بە لوبنان و هەروەها ڕێگە بە دانیشتوانی هەردوو دیوی سنووری دوو وڵاتەکە بدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان."
بلینکن وتیشی " بە هەمان شێوە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززە کە ببێتە هۆی ئازادکردنی بارمتەکان و کەمکردنەوەی شەڕەکە لە غەززە و پاراستنی ئەگەری ئاشتییەکی بەردەوام بۆ سەرانسەری ناوچەکە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، دیبلۆماسی هێشتا " باشترین و تەنها ڕێگەیە بۆ بە دەستهێنانی سەقامگیرییەکی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. واشنتن پابەندە بەوەوە کە بەپەلە ئەم هەوڵانە بەرەوپێشەوە ببات."