دواین هەواڵ

ئابوری‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

تەواوكاریی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ مووچەی مانگی هەشت ڕەوانە دەكرێت

هەرێم نیوز

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی عێراق دوایین گوژمە بۆ مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، ڕاستەوخۆ خشتەی مووچە بڵاودەکرێتەوە و ڕۆژی دووشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ماڵپەڕی  "بەغداد الیوم" لە زاری سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە،  بەڵێنی ناردنی تەواوكاریی مووچە دراوە و  ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29ی9ی2024، پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی هەشت ڕەوانە دەكرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش داوە،  ئه‌مرۆ تەواوی ئەو بڕە پارەیەی كە ماوە بۆ مووچەی مانگی هەشت ماوە، رەوانە دەكرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی هەشت پێویستی بە 998 ملیار دینار هەیە، بڕی 755 ملیار لەبەردەستە و 243 ملیاریش کورتهێنان هەیە، دوای چەند ڕۆژێک کۆبوونەوە لەنێوان هەردوو شاندی کوردستان و عێراق، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری داوە کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوولیان بەبێ كەموكوڕی و بەو شێوازە پێشكەش كرد كە وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ دواین جار داوای كردبوو.

وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كردووه‌، بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی بۆ مووچەی مانگی ئاب دروست بووە كە بڕەكەی  243 ملیار دینارە، لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی تەواوكاری لەلایەن وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵییەوە، دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP