هەرێم نیوز
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، پرسی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەوەرێكی كۆبوونەوەكە بوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25-9-2024، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و پرسی گومرگ و باج و دەروازە سنورییەكان.
ڕوونیشیکردەوە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان كرد بەگوێرەی دەستوور، لەپێناو پتەوكردنی دەرامەتە داراییەكانی دەوڵەت.
ئاشکراشیکرد، لەسەر پێویستی گەیشتن بە قۆناغێكی نوێی لێكتێگەیشتن لەسەر بنەمای ئەرك و مافەكان و دابەشكردنی سامانەكان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.
هاوکات، لەبارەی پرسی هەناردەكردنی نەوتیش، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوایكرد چاوخشاندنەوە بە گرێبەستە نەوتییەكان لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بكرێت، بەجۆرێك كە لەگەڵ دەستوری عیراقدا بگونجێت.