دواین هەواڵ

ئابوری‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

وادەی دابەشکردنی موچە لەڕێگەی "هەژماری من" ڕاگەیەندرا

هەرێم نیوز

پڕۆژەی هەژماری من رایدەگەیەنێت: ئەو فەرمانبەرانەی نامەیان بۆ رۆیشتووە کە لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن، پارەکە دەچێتە سەر هەژمارەکەیان و دەتوانن لە ڕێگەی ئامێری ڕاكێشانی پارە (ئەی تی ئێم)ەوە مووچەکانیان وەربگرن.

وەکو ئەوەی تیمی پرۆژەی "هەژماری من"  باسی کرد، کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی 7ی2024، پارەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان و بە کورتەنامەیەک ئاگادار دەکرێنەوە؛ ئەوان دەتوانن لە ڕێگەی نزیکەی 100 ئامێری ڕاکێشانی پارە ATM"  لە 32 شوێنی جیاواز مووچەکانیان وەربگرن.

تیمی پرۆژەی (هەژماری من) ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم مانگە بۆ یەکەمین جار مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەکانیان لە ڕێگەی "هەژماری من" وەردەگرن.

بەگوێرەی زانیاریەکەن، مانگی داهاتووش مووچەخۆرانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆک هاوشانی پارێزگای هەولێر؛ مووچەکانیان بە شێوازی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ATMی تایبەت بە "هەژماری من" مووچەکانیان وەردەگرن.

تیمی پرۆژەی "هەژماری من" ئەوەشی خستەڕوو، بە گوێرەی ئەو پلانەی دایانناوە، کۆی گشتی ئەو مووچەخۆرانەی مانگی داهاتوو، بە شێوازی دیجیتاڵی و لە ڕێگەی (هەژماری من) مووچەکانیان وەردەگرن؛ بۆ زیاتر لە 100 هەزار مووچەخۆر بەرز دەبێتەوە.

ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی بۆ ئەم مانگە لە ڕێگەی (هەژماری من)ەوە مووچە وەردەگرن، زیاترە لە 75 هەزار فەرمانبەر.

لە 32 شوێنی جیاواز، 100 ئامێری ڕاكێشانی پارە بۆ مووچەخۆران دانراوە و دەتوانن لەو ئامێرانەدا، مووچەكانیان ڕابكێشن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP