هەرێم نیوز
مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق جێگەی نیگەرانین، بەردەوامی پێشێلکردنی دەستوری عێراق و پابەندنەبون بەو رێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دوبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە.
مهسرور بارزانی ئهمڕۆ دوشهممه لهمیانی وتارێكدا له کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە "MEPS" له دهۆك، رایگهیاند، "ئەو ئەجێندایەی لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە دانراوە، بریتین لەو کێشانەی ڕۆژانە ڕوبەروی هەمومان دەبنەوە، بابەتەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کۆچی بەکۆمەڵ، توندڕەویی و پاڵنەرەکانی و درێژە پێدان وبەردەوامیی سەرچاوە سرووشتییەکان و سیستمەکانی بەرێوەبردن، هەمو ئەمانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، پێشبینی ئەوەش دەکەم هەندێک لەو گفتوگۆیانەی دەکرێن زانیاری و بەرچاوڕونیان تێدا بێت لەبارەی بڕیاردان و بژاردە سیاسیەکان، لەبەرئەو هۆکارانە، کۆبونەوەیەکی لەمجۆرە و ئەو گفتوگۆیانەشی تێدا دەکرێن لەلایەن ڕۆشنبیر و شارەزایان، دەتوانن هاوکاربن بۆئەوەی دەرئەنجامێکی باشیان هەبێت".
ئاماژهی بهوهشكرد، "دەبێت ئامادەبین بۆ تێگەیشتن و داننان بەوەی، هەندێک لەو کێشانەی لێرە گفتۆگۆیان لەبارەوە دەکرێت مەترسین بۆسەر هەمومان، بەرزبونەوەی خێرای پلەی گەرمای هەسارەی زەوی، لێکەوتەی زۆر مەترسیداری دەبن لەسەر ناوچەکەمان و جیهانیش، نەبونی ئاسایشی خۆراک و کەمئاوی و کۆچی بەکۆمەڵ خێراتر دەکات، ئەمەش کێشەیەک نیە دوای بخەینن چونکە ئێستا وا ڕودەدات".
مهسرور بارزانی باسی لهوهشكرد، "شەپۆلەکانی گەرما و لافاوەکان زیاتر بون، ئێستا ناچاربوین بیری قوڵتر لێ بدەین بۆئەوەی بگەینە ئاو، بەگوێرەی تازەترین ئاماژەکان، پێشبینیەکانی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر نزیکن لەوەی بەڕاستی ڕوبدەن، پێویستە کاری باشتر بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی کاربۆن، هەمو هۆکارێکیشمان هەیە بۆئەوەی ئەو کارە بکەین و هیچ هۆکارێک نیە بۆئەوەی نەیکەین".
ئهوهشی خستهڕو، "ئێستا کاتی ئەوە نیە خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوە یان دەستەوەستان بین و خۆمان لە کێشەکان بەدور بگرین، پێویستە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کار بکەین، پێش هەمو شتێک وەک هاوڵاتی، بەڵام بە ڕەهەندێکی جیهانی، لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕوبەروی هەمومان دەبنەوە، خۆبەستنەوە بەو هەستەی، لەکوێ دەژین، دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەرمان، کوردستان ناتوانێت بۆ نمونە لە دەرئەنجامەکانی گەرمبونی کوەیت هەڵبێت، بەحرەین و بەسڕە، نەک تەنیا لەڕێگەی دەریاوە بەڵکو، بە چارەنوسێکی هاوبەشی کەشوهەواشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە".
مهسرور بارزانی دهڵێت، "هەمومان دیمەنی دڵتەزێنی خەڵکی سیڤل و بێتاوانمان بینیوە، منداڵ و بە تەمەن بونەتە قوربانی شەڕێکی دیکەی وێرانکەر، پێویستە ئەم دیمەنانە بەئاگامان بێنێتەوە، ئەو توندوتیژییانەی ئێمە دەیانبینین، هیچکات چارەسەر نین و ئاشتی بەدیناهێنن، بەڵکو دەبنە هۆی بەردەوامی وێرانکاری و کارەساتەکان".
رونیشیكردهوه، "پێویستە ئێمە نەک تەنیا سەرکۆنەی شەڕ و توندوتیژییەکان بکەین، بەڵکو دەبێ چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکان و ناکۆکییەکانیش، پێش ئەوەی بگاتە ڕوبەروبونەوەی سەربازی، بدۆزینەوە، نابێت بۆ چارەسەری کێشەکان چاوەڕێ بکەین، لەکاتێکدا دەتوانین پێش ئەوەی لە کۆنتڕۆڵ دەربچن چارەسەریان بکەین، پێویستە جیاوازییەکانی یەکتر قبوڵ بکەین و فێربین بەرێزەوە لەگەڵ یەکتر بژین، نەوەکو بەدوای پاساودا بگەڕێین بۆ ڕەتکردنەوەی بەرامبەر".
ههر پهیوهست به كێشهكانی رۆژههڵاتی ناوهڕاست، بارزانی وتی، "هەمومان لە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست شۆک بوین، چارەسەرنەکردنی ناکۆکییەکی دەیان ساڵە و لە قاڵبدانیشی بەهەمان شێوە کێشەیە، بۆ نمونە، 30 ساڵە چارەسەریی دو دەوڵەت بۆ فەڵەستین و ئیسرائیلیەکان وەک پێویستی و مۆدێلێک دەبینرێت، کوردیش بەهەمان شێوە داوای هەمان ماف و شکۆمەندییان کرد، بەڵام هێشتا دۆزی ئێمە پشتگوێ خراوە، چۆن پشتگیرییەکی زۆر لە دۆزی کەسێک دەکەیت و لەبەرامبەر دۆزی ئەوانی دیکەدا، خۆت بێدەنگ دەکەیت؟ ئێستا کاتی ئەوەیە کاری باشتر بکەین".
دهشڵێت، "کێشە چارەسەر نەکراوەکان پێویستیان بە وەڵامی بوێرانەیە، ئێستا کە جیهان بەدوای چارەسەرێکی هەمیشەییدا دەگەڕێت بۆ دۆزی فەڵەستین، منیش داوای رێگەیەکی نوێ دەکەم، بۆئەوەی بزانین ئێمەی کوردستانی، چۆن بتوانین لەگەڵ دراوسێکانمان بەیەکەوە بژین".
بەردەوامی پێشێلکردنی دەستوری عێراق و پابەندنەبون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە مەترسی لێ دەکەوێتەوە
لهبارهی دۆخی عێراقیشهوه وتی، "پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستوری عێراق و پابەندنەبون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دوبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە".
هۆشداریشدا لهوهی "ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گروپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قوڵتر دەبێتەوە، بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش، گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژراییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە، شێوازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ بەرێوەبردنی عێراق و جێبەجێکردنی کارە تەواو نەکراوەکانی ناوچەکە، پێوێستیەکی بەپەلەیە".