دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10/11/2023

هێزی 8200 ى ئیسرائیل چییە؟ و چۆن دەیەوێ دەست بەسەر جیهاندا بگرێ ؟!

‎هێزێکی 10 هەزار کەسی شاراوە لە ئیسرائیلدا هەن، کە بەهێزى ئەلیکترۆنى شاراوە بەناوبانگن و ئیسرائیل لە کارەکانیدا زۆر پشتیان پێدەبەستێت ، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەکی زۆر شارەزای ئەلیکترۆنی و سیخوڕی سەردەمیانە. لەڕێگەى ئەمانەوە هێرشدەکرێتە سەر پێگە سەربازییە هەستیارو نهێنیە گرنگەکان و ڕێگریی دەکرێت لە هێرشی نەیارەکانی ئیسرائیل ‎8200 سیخوڕی بەسەر هەموو جیهانەوە دەکات بە دەزگاى (CIA)ى ئەمریکاشەوە، هەربۆیە دەزگا ئەمریکیەکەش ئەم سوپا ئەلیکترۆنییەى خستوەتە ڕیزبەندی سێیەمى نەیارو دوژمنەکانى خۆیەوە، هەرچەندە لەڕووى سیاسیشەوە هەردوکیان دوو دیوى یەک دراون .

‎یەکەى 8200 ى ئیسرائیلی، سەرچاوەى 90% زانیارییەکانى دەزگاى هەواڵگری مۆساد و شێمبێت و سەرجەم دامەزراوە هەواڵگرییەکانى ئیسرائیل یشە، 8200 هەرچی زانیاری هەیە لەسەر نەیارەکانى لە هەرکوێیەک بن و تەنانەت دۆستەکانیشی کۆدەکاتەوە. ‎ئامانج لە دروستکردنى یەکەى 8200 گەڕان و لێکۆڵینەوە بووە لەو هۆکارانەى کە لە جەنگی 1973 دا، کاتێک سوپاى ئیسرائیل لەبەردەم هێرشی عەرەبەکاندا تێکشکا و زیانى گەورەى بەرکەوت ‎هەربۆیە دەستیى کردوە بە دروستکردنى یەکەیەکی نهێنى بۆ ئەوەى بتوانێت ڕێگری لە پێشهاتەکان بکات و لەکاتى ڕوبەڕوبونەوەشدا بزانێت لە کوێوە هێرشی دەکرێتە سەر و هێرشیش بۆ سەر کوێ ئەنجام دەدات ‎بۆ ئەو مەبەستە نیوسەدە پێش ئێستا، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان و شارەزایانى بەسەر زانکۆ جیهانییەکاندا دابەشکردووە تا بەخێرایی زانستى تەکنۆلۆژیا فێرببن و بتوانن لەو ڕێگەیەوە سەردەمیانە ڕوبەڕوى نەیارەکانیان ببنەوە.

‎کەچى دواى 50 ساڵ لە کارکردنى بەردەوام، ئەم هێزە زەبەلاحە لەبەردەم هێرشەکانى 7تشرینى یەکەمى 2023 ى حەماسدا زانیارییەکانیان بونە بڵقی سەرئاوو بونە جێگەى ڕەخنەو تەنانەت تانەو تەشەرى دۆستەکانیشیان، ئاخر 8200 ئاگایان لەو هێرشە لەناکاوە نەبوو، پسپۆڕو شارەزاکانى بە تەقەى خۆبەخش و زرمەى بۆمبی چەکدارەکانى حەماس بەئاگا هاتنەوە ‎ئەم هێرشە چاوەڕوان نەکراوەى حەماس، نەک هەر زیانى مادى و گیانى و سەربازی لە ئیسرائیل دا، بەڵکو بووە نەنگی و عەیبەیەکی گەورە بەسەر دەزگاى مۆساد و یەکەى 8200 و دەزگا هەواڵگرییە سەربازییەکانى تریشەوە. ‎سەرەڕای لۆمە ناوخۆییەکانى سەرانى ئیسرائیل لەم دەزگایانە، بەڵام هێشتا لە کارەکانیان نەوەستاون و مانگێک زیاترە شەوو رۆشیان خستوەتە سەر یەک تا بتوانن قەرەبووی ئابڕوی تکاویان بکەنەوە. ‎

تا وەڵامی ملیۆنەها پرسیارى ئەلیکترۆنى و میدیاى و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دەوڵەتەکەیان و جووەکانى جیهان و دۆستەکانیان بدەنەوە، کەچۆن ئاگایان لەو هێرشە لەناکاوەى حەماس نەبووە، ئەو هەموو ماوەیەى حەماس بەرنامە ڕێژی کردووە ئەمان و سیخوڕەکانیان لەکوێ بوون؟ ‎لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو ئەم دامەزراوەیەدا یەکەیەکی دیکە لەڕێگەى تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی ئینتەرنێتەوە سەرقاڵی ئەوەن چۆن هەواڵ و پلانە میدیاییەکانى ئیسرائیل بە ناوەندە جیهانیەکان بگەیەنن و بەشێوەیەک ئاڕاستەیان بکەن کە لەبەرژەوەندی خۆیان بێت  ‎تا بتوانن ڕاستیەکان بشێوێنن و روداوەکان هەڵبگێڕنەوەو ئەوەى خۆیان دەیانەوێت بڵاوبکرێتەوە نەک ئەوەى کە ڕاستەقینەیەو ڕوو دەدات. ‎

هەربۆیە بەشێک لە میدیاکانى جیهان کەوتوونەتە نێو ئەم داوەوە، هەرچەندە جاروبار هەندێکیان هەڵەکانیان ڕاست دەکەنەوە و داواى لێبوردن لە بینەرو بیسەر و خوێنەرەکانیان دەکەن، بەڵام هێشتا کارى ئەم بەشە لە یەکەى 8200 دا کارایە و کاریگەریی تەواویان لەسەر ناوەندە میدیاییەکانى جیهان هەستپێدەکرێت. ‎یەکێک لەکارەکانیان سەرەڕای بڕینى هێڵی ئینتەرنێت لە غەززە، لە ناوچەکانى تری فەلەستین بەرنامەى تایبەتییان هەیە، بەشێواندنى زانیارییەکان و ناردنى مەسیجی هەڵە و کۆمێنتى تایبەت بەخۆیان بە زمانە جۆراوجۆرەکان کار بۆ ئەوە دەکەن ڕەوایەتى  بە هێرشەکانیان بدەن و حەماس بخەنە نێو بازنەى تاوانبارییەوەو خۆیان لەو لافاوە خوێنە بشارنەوە کە دروستیان کردووە.

‎یەکەى 8200 پێشوتر کاریان لەسەر کۆمپیوتەرەکانى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران کردووە، لەڕێگەى ناردنى ڤایرۆسێکەوە توانیویانە زیاتر لە هەزار فایلى نهێنى لە سیستمى ئەتۆمی ئێراندا بدزن و بشێوێنن، ئەوە لە کاتێکدا کە سەرجەم سیستمی بەرگریی و بەرنامەڕێژییەکەى دامەزراوەى ئەتۆمی نەتەنز خاوەنى سێ هەزار فایل بووە، تەقینەوەکانى نەتەنز ڕویان دەدا ئەوجا ئێرانیەکان بەئاگا دەهاتن کە چى ڕوو دەدات، زاناکانیان لەبەردەمى ماڵەکانیان و لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان دەکوژران ئەوجا دەیانزانى کە سیخوڕەکانى ئیسرائیل لەناو وڵاتى ئێراندا بڵاوەیان کردووە ‎یەکێک لە ئامانجەکانى ئەم هێرشانە جگە لەوەى دزینى زانیارییەکانە، دوودڵی و گومان دروستکردنە بۆ لایەنى بەرامبەر کە متمانەیان بە کارە ئەندازیاری و تەکنیکیەکانیان خۆیان نەمێنێت و بگرە ببێتە هۆی بێمتمانەیی بەرامبەر بەخۆیان و پسپۆڕەکانیشیان، وەک ئەوەى ئێستا لە ئێراندا ڕوودەدات ‎کاتێکیش سوپاى ئیسرائیل لە ساڵی 2007 هێرشی کردە سەر دامەزراوەی ئەتۆمی سوریا کە سەرقاڵی بونیاد نانى بوون، یەکەى 8200 لە ڕێگەى ڤایرۆسێکەوە سەریان لە سیستمی بەرگری و ئاگادارکردنەوەى هاتنى فڕۆکە شێواندووە و تا فڕۆکەکەکان بۆردومانەکەیان نەکردووە سیستمى بەرگریی ئاسمانى سوریا ئاگای لە هیچ شتێک نەبووە.

‎لەگەڵ ئەوەشدا پێشتریش تیمێکیان ناردووەتە شوێنەکە بۆ ئەوەى نمونەیەک لە شت و مەکی ئەو ناوچەیە بگەیەننەوە بە ئیسرائیل کە سەلمێنەرى ئەوە بێت سوریا سەرقاڵی پرۆژەی ئەتۆمییە ‎یەکە سیبریانییەکانی ئەم دەزگایە کار بۆ ئەوە دەکەن ئیسرائیل ببێتە دێوێکی زەبەلاحی تەکنۆلۆژیی ، بەشێوەیەک ئێستا دەستى بەسەر تەکنۆلۆژیاى جیهانیدا گرتووە، ئیتر لە ڕێگەى دروستکردنى ئامێرە تەکنۆلۆژییەکانەوە بێت یان دروستکردنى بەرنامە و ئەپەکانى کۆمپیوتەر و مۆبایل ‎ئیسرائیل لەسەر زەویدا بوەتە خاوەنى کۆمپانیا زەبەلاحەکانى ئینتەرنێتى جیهان و لە ئاسمانیش دەستیان گرتووە بەسەر مانگە دەستکردەکاندا، لەگەڵ ئەوەشدا تۆڕێکی گەورەى ڕاهێنراویان بەجیهاندا بڵاوکردوەتەوە کە کاریان هاککردن و بەدواداچوونى ئەو مەترسییانەیە کە ڕوبەڕوى ئیسرائیل دەبێـتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP