دواین هەواڵ

کلتور‌

 26/10/2023

"گرنگ گەڕانە، نەک دۆزینەوە" ڕانانێکی کورت بۆ ڕۆمانی "ماندەلایەک بۆ ئیزابیل"

ئارام سدیق

چێژی گەڕان بەدوای ونبوویەکدا، چێژێکە وەسف ناکرێت، من هەمیشە چێژ لە گەڕان دەبینم و بۆم گرنگ نییە ئەو شتەی دەمەوێت بیدۆزمەوە، ڕەنگە ئەم خووەم لەژێر کاریگەریی ئەنتۆنیۆ تایبوکی ڕۆماننووسی ئیتاڵیدا بێت، ئەویش قسەیەکی سەرنجڕاکێشی لەو بارەیەوە هەیە دەڵێت "گرنگ گەڕانە، نەک دۆزینەوە"، لای منیش بە دەقیقی ئەمە پرەنسیپی ژیان و خوێندنەوە و گەڕانی منە. ئەوەی هەفتەی پێشوو لەبارەی نەجیب مەحفوزەوە سەبارەت بە گەڕانی مەحفوز بەدوای ونبوویەکدا نووسیم بۆ تابوکیش هەر دروستە، چونکە زیادەڕەوی نییە، کە بڵێین مانیفێستی تابوکی لە گەڕانەوە دێت. مرۆڤ بوونەوەرێکە هەمیشە دەخوازێت بەدوای ونبوویەکدا بگەڕێت، چەشنی پاڵەوانی ڕۆمانی "ماندەلایەک بۆ ئیزابیل". ئەو بەبێ وچان دەگەڕێت، بەبێ ئەوەی ماندوو بێت و کۆڵ لە گەڕان بدات.

تابوکی هەر لە ناونیشانی دەقەکەوە دەستی بە ونکردنی خوێنەر کردووە و ئەو وشەی ماندەلا-ی بەکارهێناوە کە لە زمانی سانسکریتیدا بەمانای دیاریکردنی پیرۆزییەلە چەقدا کێشانی بازنەی زانیارییەکانە بە دەوریدا. بێگومان ئەم وشەیە زۆر مانای تر دەگەیەنێت کە پێموایە لەم کتێبەدا ئەم مانایەی هەڵگرتووە.

دوای ڕۆمانی "وڕێنە" و "خەونی خەونان" و "شەوانی هیندی"، ماندەلایەک بۆ ئیزابیل"، چوارەم ڕۆمانی تابوکییە، کە خوێندمەوە، ڕۆمانەکانی جیهانێکی تایبەت و چیرۆکێکی تایبەتمەند دەگێڕنەوە، بۆیە ڕیشەی چیرۆکەکانی ناچێتەوە سەر هیچ نووسەر و قوتابخانەیەکی دیکە، بۆیە زۆرجار هەندێک لە خوێنەران چێژ لە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی تابوکی نابینن، بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە خاڵی جیاواز و لێکنەچووی تابووکییەوە هەیە لەگەڵ نووسەرانی دیکە کە بەشێک لە چێژی خوێندنەوەی خوێنەران دیاری دەکەن.

تابوکی لە ڕۆمانەکانیدا گەمەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێش لەنێوان خەیاڵ و واقیعدا دەکات و زۆرجار سنوور لەنێوانیاندا ناهێڵێتەوە، بۆیە ئەوەی خەیاڵە خوێنەر لێی دەبێتە واقیع و زۆرجاری دیکەش ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە دەبێتەوە و واقیع دەگێڕێتەوە، بەڵام خوێنەر ناتوانێت باوەڕ بەوە بکات، کە واقیعە، بەڵکو لێی دەبێتە خەیاڵ. توانای ئەم نووسەرە لەم خاڵەدا گەلێک سەرسوڕهێنەرە. ڕەنگە نموونەیەکی دیاری ئەم تێکەڵکارییە چەند لاپەڕەی کۆتایی هەردوو ڕۆمانی "شەوانی هیندی" و "ماندەلایەک بۆ ئیزابیل" بێت، کە لە هەردوو ڕۆمانەکەدا سنووری واقیع و خەیاڵ نامێنێت و خوێنەر بەتەواوی هەست بە سڕینەوەی ئەو سنوورە دەکات.

ئەوەی ئەم نووسەرە نەیتوانیوە لەژێر هەژموونیدا بێتە دەرەوە پێسوای شاعیر بووە، کە خاوەنی 72 سێبەر بووە (پێسوا ئەو شاعیرە فرە سیمایەیە کە ژیانی بۆ خۆی چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە). ئەم کاریگەرییە بە ژیانی ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕۆمانەکانی تابوکی هەیە و ئەمەش تایبەتمەندییەکی دیاری سەرجەم کارەکانییەتی.

"ماندەلایەک بۆ ئیزابیل" چیرۆکی گەڕانی تادیۆسی پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە بەدوای ئیزابێلدا، گەڕانێک بەبێ کۆڵدان و ماندووبوون. کاتێک تابووکی دەڵێت "گرنگ گەڕانە نەک دۆزینەوە"، ئەمە تەنها قسەیەکی سەرپێی نییە، بەڵکو پرەنسیپێکە بۆ ئیشکردن و گوزارشتکردن لە دۆخی ڕاستەقینەی مرۆڤ لەنێو ژیاندا. مرۆڤ بوونەوەرێکە هەمیشە دەگەڕێ و وزە لەو گەڕانە وەردەگرێت و هەر ئەوەشە نهێنی زیندوومانەوەی هەر مرۆڤێک. مرۆڤ کاتێک دەگەڕێت نیشانەی ئەوەیە خەونێکی هەیە ڕووی لە هیوایە و دەیەوێت بیهێنێتە دی. گەڕان؛ جۆرێک لە چالاکییە، کە ئومێد و هیوایەک لە مرۆڤدا دەچێنێت، ئەمەش نیشانەی زیندوومانەوەیە. زۆرن ئەو مرۆڤانەی بە جەستە زیندوون، بەڵام خاوەنی ڕۆحێکی مردوون، چونکە وزەیەکیان بۆ کار و چالاکی نەماوە و گۆشەگیریی سووچێک بوون و بوونەتە مرۆڤێکی کۆڵەوار و دەستەپاچە. فەلسەفەی ئەم کتێبەی تابوکی نیشاندانی زیندووێتی مرۆڤە لەو دۆخەی دەگەڕێت، چونکە هەموو گەڕانێک لە ڕۆمانەکەدا بەرکەوتنی ژیان و لێکەوتی جۆراوجۆرە، کە دەبیتە ئەزموون بۆ مرۆڤە گەڕۆکەکە.

چیرۆکی گەڕان بەدوای ئیزابێلدا، هەوڵێکە بۆ پیشاندانی زیندووێتی مرۆڤ لەو ساتەی کە دەگەڕێت، لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا تابوکی یارییەکی سەیر لەگەڵ خوێنەردا دەکات، کە واقیع و خەیاڵ تێکەڵ دەکات و ئیزابێل دەردەکەوێتەوە، بەڵام لە خەیاڵی تادیۆسدا، نەک لە واقیدا. ئەمە هێز دەداتە چیرۆکەکەی تابوکی کە خوێنەر وا هەست بکات بەردەوامی هەیە. بێگومان بەردەوامی هەر چیرۆکێک کە نووسەر دیاری دەکات جۆرێک لە کراوەیی لەبەردەم خوێنەردا دەهێڵێتەوە و خوێنەر خۆی بەشداربێت لە دیاریکردنی چارەنووسی کاراکتەرەکاندا، یان تەواوکردنی ئەو ژیانەی تابوکی خولقاندوویەتی.

ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها سەرنجێکی کورتبوو، کە حەزم کرد خوێنەران کەمێک بە دونیا تایبەتەکەی ئەم نووسەرە ئاشنا بکەم و دەستخۆشیش بۆ وەرگێڕی ئەم کارە ناوازەیەی تابوکی، کە جێگەی دەستخۆشییە.

* ماندەلایەک بۆ ئیزابیل، ڕۆمانی ئەنتۆنیۆ تابکۆکییە و وەرگێڕانی لە ئیتاڵییەوە "سەردانی عەبدوڵڵا"یە و ساڵی 2021 چاپ و بڵاوکراوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP