دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 26/10/2023

(هونەری چاککردنەوەی مرۆڤ -kingtsugi)

هێمن عەبدولقادر

لە یابان،کاتێک قاپێک دەشکێت فڕێی نادەن، بەڵکو لەسەر بنەمای باوەڕێکی کۆن و هونەرێک کە لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، بە شێوەیەکی تایبەت شکانەکان چاک دەکەنەوە. پارچە شکاوەکان بە تۆزی زێڕ بەیەکەوە دەچەسپێنن.

ژاپۆنییەکان پێیان وایە کاتێک شتێک ئازاری پێدەگات و زیانی پێدەگات، زۆر لە پێشوو جوانتر دەبێت. ئەم هونەرە پێی دەوترێت ( کینتسوگی) یان پەیوەندی زیڕین.

لە جیهانێکدا کە شتە ساغ و دەست بۆنەبراوەکان پەسەندتربن، کەس هەیە گوێ بە پەرداخێک یان مرۆڤێکی شکاو ، یان مرۆڤێکی بریندار ، کەوتوو ، دەردەدار بدات؟
کاتێک پەرداخێک یان قاپێکمان لەدەست دەکەوێتە خوارەوە دەست بەجێ گسک و خۆڵڕێژەکە ئەهێنین و پارچە شکاوەکان کۆئەکەینەوە و ئەیخەینە تەنەکەی خۆڵەکەوە ، زۆر بەکەمی بیر لەوە ئەکەینەوە کە ئەم دەفرە ئەشێ چاک بکرێتەوە.

کاتێک مرۆڤێک تووشی هەڵەیەک دەبێت ، توشی کەموکورتیەک دەبێت ، زۆر بەکەمی بیر لەوە دەکەینەوە چاکی بکەینەوە ، بەڵکو یەکسەر فڕێی دەدەینە دەرەوەی مالەکەمان ، فڕێی دەدەینە دەرەوەی پەیوەندیەکانمان ، هەتا ڕۆژی قیامەت مۆرکی ئەم شکستە ئەم پەڵەیە بە تەویڵیەوە دەهێڵینەوە،

یابانیەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ، لەبری ئەوەی ڕابردوو ئازارمان بدات بەڵکو پیویست ئەکات لەگەڵیدا بژین ، بەڵام ژیانێک کە مانایەکی تری پێدابین ، چونکە شکست تەنها ڕوداوێکە نەک کەسێک ، کەسێکی شکاو و شکست خواردوو بە بەراورد بە کەسێکی بێ ئەزموون و (نەشکاو) هەزران جار لە پێشە چون تاڵەکانی شکست لەنێو ئەم تۆڕەدا دەناسێتەوە.
ئەگەر کەسی سەرکەوتوو شتێک فێر بووە ، ئەوا کەسێکی شکاو و کەوتوو هەزران شت فێر دەبێت.

(Learning through failure - فێر بوون لە ڕێگەی شکستەوە)

ناسا سوود لە ئەزموونی ئەو موشەکانە وەردەگرێت کە دەکەونە خوارەوە بە سەدان سەعات لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئەوەی موشەکی دواتر بەسەرکەوتووی بنێرێتە بۆشایی ئاسمان
فێربوون لە ڕێگەی کەوتن و شکاوییەوە ، بابەتێکە زۆر بەکەمی خەڵکی ئێمە پەی پێئەبات ، نەهونەرێک هەیە لە کۆمەڵگای ئێمە بۆ ئەم کارە و نە شکاوەکەش توانای بانگهێشتکردنی خەڵکی هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بە جۆرێکی تر نیشان بداتەوە ، ئەوان تەنها ئەوە دەبینن کە تۆ جیابویتەوە ، لێت قەوما ، فڵانە ساڵ ئەو قسەیەت کرد ، تۆش هەر خەریکی پاساوی بۆ ئەوە.
هونەری کینتسونگی فێرمان دەکات کە شتە شکاوەکان ، کە ڕوداوەکانی ژیانی ئێمە نیشانەی نەنگی و عەیبە نین ، بەڵکو شایەتحاڵی ڕوداو گەلێکن یان ئەزمونێکن کە ئێمە وەرمانگرتووە و بەری کەوتووین و تێمانپەڕاندووە.

هەروەکو چۆن جانتایەکی شکاو لە فڕۆکەخانەدا عەیبە نییە ،بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە ئەم جانتایە گەشتی زۆر کردووە ، هەر بەو چەشنە ، تەڵاقێک کە بەسەرتاندا هاتووە (یان ئەشێ بەسەرماندا بێت) ناپاکیەک ، پشتتێکردنێک ، تەکینەوەی خزم و هاوڕێ و هەزاران چیرۆکی سەمەرە تر کە بەسەرتدا هاتووە، ئەسێ نرخی زیاتر بێت لەو جانتایانەی یان ئەو مرۆڤانەی کە هیچیان ئەزموون نەکردووە.

پرسیاری قورس ئەوەیە چی لەم هەموو شکاویە بکەین ؟ چی لەم هەموو کێشەیە بکەین ؟ ئایا ئەم هەموو درز و چاڵ و شکاویەی ژیانمان چاک ئەکرێتەوە ؟ ئایا مرۆڤێکی شکا و وەک قاپێکی شکاو ئەکرێت جوان بێت ؟

بەڵی هونەری (کینتسوگی) بۆ ئەوەیە پێمان بڵێت (ئەو شتانەی کەبە جوانی چاک دەکرێنەوە ئەشێت نرخیان زۆر زیاتر بێت لە پێش شکانەکەی) ئەو مرۆڤانەی کە بەر هونەرێک ، هونەرمەندێک ، کۆمەڵگایەک دەکەون و توڕیان نادەن ئەشێ باشتر ژیان بکەن.

لەم هونەرە بچوکەوە ئەتوانین لە کۆمێنت و پۆستکردن و بەرپرسیارێتی و خێزان و کۆمەڵگا و ئیدارە و تاکە کەس و زۆر شتی تریش تێبگەیت
چون پیشینان لە مێژە وتوویانە (ماقوڵی جێگە ، بە ماقوڵی دانیشتوانەکەیەتی) ئەگەر خۆیان شکێنرابوون ئەوا تۆش ووردتر دەکەن ، خۆ ئەگەر خۆیان چاککرابوونەوە ئەوا تۆش لە زێڕ دروست دەکەنەوە.
نوقتە سری دێڕ .......

*حەمدی دەلێت :-
بزانە ماڵ و دەرکی پێکەوە قابیل بەکێ دیوە؟
چ بێ دەرک و کەماڵە ڕەببی جەند ناقیسە گەردوون!
گەردوون هیچ شتێکی بە کامڵی بەکەس نەداوە ، کاتێک بەدوای شکاوی کەسێکدا دەڕۆیت بزانە خۆت چەند دەرگا و پەنجەرەت پێوە نەماوە
**هیوادارم ئەم بابەتە وەڵامێک بێت بۆ ئەو نامانەی کە بەبەردەوامی دێن و داوای یارمەتی دەکەن ، تەنها ئەتوانم بلێم لەگەڵ شتەکانتدا بژی و ئەزموونیان لێوەرگرە و لێیانەوە فێربە .
*** زۆرجار پێم ئەڵێن بۆ قژت بۆیاخ ناکەیتەوە تۆ هێشتا گەنجی ئەم عەینەکە لابەرە ، خاڵەکانی روخسارت ، جەمانەوەی پشتت ، پێڵوی پشتە چاوت ڕاکێشە، بەڵام من ئەم تێپەڕین و چرچیانەم خۆشدەوێن ڕێزیان دەگرم و لەگەڵیان دەژیم نەنگی من ئەمانە نین ئەمانە ئەزمونەکانی فێربونمن، شتێکی تر هەیە لە هەمووماندا شکاوە و کەس نیە چاکمان بکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP