دواین هەواڵ

کلتور‌

 14/10/2023

كێشەی باسترناك -میحنەتی قەڵەمێك لەگەڵ شۆڕشی بەلشەفی دا-

شوان ئەحمەد

بۆریس باسترناك (1890 -1960) ناوێكی گەورە و دیاری ئەدەبیاتی ڕوسییە. ڕۆماننوس و شاعیرێكی داهێنەر و هەست ناسكە. لە شاری ماربۆرگی ئەڵمانیا فەلسەفەی خوێندووە. باوكی نیگاركێش و دایكی موزیسان بووە.
ئەلیكسەندەر بلۆك و ڕانیار ماریا ڕێلكە، كاریگەری گەورەیان لەسەر شیعر و ئەدەبیاتی ئەو هەبووە. بەرهەمەكانی (شكسپیر و فاوستی گۆتە و تێكستە شیعریەكانی ڤێرلین و كلاسیت و ڕێلكە)ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ڕوسی.

ئەدیبێكی دژە ئایدیۆلۆژیابووە. كاتێك لە ئۆكتۆبەری١٩١٧ بەلشەفیەكان شۆڕشیان بەرپاكرد، ئەو تەمەنی 27 ساڵ بوو.. گوێی بە هەراو زەناو مژدە درۆینەكانی شۆڕش نەدا، ئەوەی گوێ‌ لە مستی بوو ترپەی دڵی خۆی بوو.

باسترناك ئەدیبێك بوو گوێی بەشتە ڕوكەشەكان و بە دونیای دەرەوەنەدەدا، ئەوەی كوشتەیبوو ناخی ڕۆحی مرۆڤایەتی بوو.. ئەوەی وەك دەسكەوتێك بۆ ئەو حیساب دەكرێت ئەوەیە، توانی لە سایەی حوكمی كۆمۆنستیدا، چل دانە ساڵ وەك مرۆڤێكی ئازاد و هەق بێژ و تاكوتەنها بمێنێتەوە.

لە سەردەمی ستالیندا تاوانبار دەكرێت بەوەی فۆرمالیستە، ئەوەش وەك ئاقارێكی كۆنەپەرستانە و دژە شۆڕش سەیركراوە، هەربۆیە هۆشداری دەدرێتە دەزگای چاپ و خانەی بڵاوكردنەوەكان كە هیچی بۆ چاپ نەكەن.

لەنێو قەفەزی ئاسنینی یەكیەتی سۆڤیەتی جاراندا، ئەوەی ئەوی لە مردن پاراست ئەوەبوو، شیعرێكی زۆری شاعیرانی جۆرجیایی وەرگێڕابووە سەر زمانی ڕوسی، ئەوەش شفاعەتی بۆكردبوو، چونكە (براگەورە) جۆزیف ستالین خۆی بە ڕەگەز جۆرجی بوو.

بۆریس باسترناكی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی 1958، لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا (1960) لەسەر شۆستەیەك، دڵی لە لێدان دەكەوێت. ئەو لە وڵاتێكدا ژیا و سەرینایەوە كە ڕیالیزمی سۆسیالستی یان (ڕیالیزمی سیاسی)، گیانی دەیان ئەدیب و نوسەر و هونەرمەندی گەورەی دروێنەكرد.

(سێرگی یەسەنین و مایاكۆڤسكی) خۆیان كوشت. ڕۆماننوسی گەورە (ئیزاك بابل)، لە تاراوگە گیانی سپارد. (ئەلیكسەندەر بلۆك)ی شاعیریش هەمان چارەنوسی هەبوو. (برۆدسكی و سۆلجێنستین)، شاربەدەردەكران. ((ڤالدیمێر بیاستەر)، بە فالینەكەی ژێرەوەی خۆی خنكاند. (فیلمبێر خلینیكۆف)، بەهۆی برسیەتی و بێ‌ خانە و لانەییەوە سەری نایەوە.

(ماریتا تزڤیتایڤا و ئەندرێ‌ سوبۆل)، خۆیان خنكاند. (نیكۆلای گۆمیلۆف و سێرگی تریڤیاكۆف و ئەدریان بیۆترۆڤسكی و بۆریس بیلیناك و برۆنۆ ژاسینیسكی)، لە سێدارەدران. (ئۆسیب ماندلستامی) شاعیر سەرنگومكرا و كەس نەیزانی چی بەسەرهات.

بە كورتیەكەی نوسەران و ئەدیبان و هونەرمەندان، لە ساوپەنای شۆڕشی ئۆكتۆبەر و دیكتاتۆریەتی پڕۆلیتاریادا، دوو ڕێگایان لەبەردەمدابوو: (یان مردن یاخود ملدان بە سیاسەت و ملكەچكردن بۆ ئایدیۆلۆژیای حیزب).

بەلشەفیەكان دوای هەشت ساڵ لە بەرپاكردنی شۆڕش (1925)و بەمەبەستی لە قاڵبدانی ژیان، بیر لە دامەزراندنی یەكەم یەكیەتی نوسەرانی كۆمۆنیزم لە ڕوسیادا دەكەنەوە، بە ناوی یەكیەتی نوسەرانی پڕۆلیتاری ڕوسیا كە ئامانج لێی دروستكردنی ئەدەبێكی پڕۆلیتاری و دژایەتیكردنی ڕەوتە بۆرژوازیەكان بوو، لە كایەی هونەر و ئەدەبدا.

بەڵام دوای شاربەدەركردنی ترۆتسكی و پاكتاوكردنی هەوادارانی، لە لایەن ستالین و دارودەستەكەیەوە، یەكیەتی نوسەرانی كۆمۆنیزم، بەهۆی تۆمەتباركردنیان بە لایەنگریی بۆ ترۆتسكی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەدرێت و زۆرێك لە ئەندامانی تاروماردەكرێن.

دوای ئەوە بە بڕیاری پارتی كۆمۆنیست لە 23/4/1933، یەكیەتی نوسەرانی سۆڤیەت دادەمەزرێت. ئامانجی یەكەم لەوەش، سەرپێخستنی كولتوورێكی سۆسیالستی و پشتیوانیكردنی دەسەڵات و بەرگریی لێكردنی بوو.

دوای پانزە ساڵ (1947 -1948)، تاریكترین قۆناغ لە تەمەنی ئەدەبیاتی سۆڤیەتیدا دەست پێدەكات كە بەقۆناغی (ژادانۆڤیەت) ناسراوە. ژادانۆڤ پشت ئەستور بە وتارێكی (لینین) لە ساڵی 1905 بەناوی (سیستەمی حیزب و ئەدەبی حیزب) كە تیایدا جەخت لەوەدەكاتەوە: (ناشێت ئەدەب بەبێ‌ حیزب هەبێت و پێویستە لەسەر ئەدەب، بەشێكی گرنگ بێت لە پرسی گشتی پڕۆلیتاریا و ئەدەب دەبێت ئەدەبی حیزب بێت. با بڕوخێت ئەدەبی نا حیزبی)، ئەویش دەڵێت: (ئەدەب لە حیزب جیانابێتەوە، واتە ئەدەب ناتوانێت سیاسی نەبێت).

ژادانۆڤیەت تا ئەوكاتەی بڕیكرد لە یەكیەتی سۆڤیەتی جاراندا، ڕۆحی داهێنانی لە زۆرێكی زۆردا كوشت.

لەو فەزا پڕ ترس و تۆقاندنەدا، ساڵی 1956 باسترناك شاكارە گەورەكەی (دكتۆر زیڤاگۆ) تەواودەكات و دەینرێت بۆچاپ، بەڵام بەبیانوی ئەوەی ڕۆمانەكە گومان لە ڕاستیودروستی شۆڕشی ئۆكتۆبەر دەكات و وەك گەورەترین تاوان لە مێژوی ڕوسیدا سەیری دەكات، چاپكردن و بڵاوكردنەوەی لە ڕوسیادا قەدەغە دەكرێت.

لە ئەیلولی 1956 گۆڤاری (نۆڤی میر) بۆی دەنوسێت: (كۆی تێكستەكەت، دژی ڕوسیا و گەلانی سۆڤیەتە).

دواتر و بەنهێنی دەستنوسەکەی دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات و لە كۆتاییەكانی تشرینی دووەمی 1957دا، لە شاری میلانۆی ئیتاڵیا چاپ دەكرێت. سەرباری ئەوەی دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت بە شێوەیەكی فەرمی، داوای ڕاگرتنی دەكەن.

تەنانەت جەماعەتی كرملین كۆ لەوەش ناكەنەوە كە بڵێن: (بڵاوكردنەوەی ئەو ڕۆمانە، ژیانی باسترناك دەخاتە مەترسییەوە و سەرسەلامەت دەرناچێت). بەڵام هەوڵەكەیان سەرناگرێت و لەماوەی كەمتر لە دوو ساڵدا، بۆسەر بیست زمانی زیندووی دونیا وەردەگێڕدرێت و لە (23 - تشرینی یەكەمی - 1958) خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پێدەدرێت.

ئەوە دەسەڵاتدارانی ئەوسای یەكیەتی سۆڤیەت شێتگیر دەكات و كۆمەڵە بڕیارێكی زۆر توند، لە دژی باسترناك دەردەكەن. (لە ڕیزی نوسەران دەردەكرێ‌ و ڕەگەزنامەی لێدەسەندرێتەوە و تاوانباری دەكەن بەوەی، ناپاكی دەرهەق بە میللەت كردووە و دوژمنی گەلە). وەك چۆن ژادانۆف بە ئانا ئاخماتۆفی دەوت ڕاهیبەیەكی سۆزانی، لە پای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵیشدا، سكرتێری لاوانی كۆمۆنیزم بە باسترناك دەڵێت: (زۆر لە بەراز كەمتر و بێنرختری).

لەولاشەوە (پراڤدا) دەنوسێت: (با بڕوا و ملی بشكێنێ‌. ئاو و هەوای ئەم نیشتیمانەی پێ‌ حەرامە. دەركەوت كە مرۆڤێكی بێ‌ كەڵكە و ڕقی لە ماركسیزمە وەك فەلسەفە و ڕیالیزم لە ئەدەبدا. ڕۆمانەكەشی خراپەیەكە دەرهەق بە شۆڕشی سۆسیالستی و گەلی سۆڤیەت و ڕۆشنبیرانی. ئەو جگە لە وردە بۆرژوایەكی هیچوپوچ و زیانبەخش لە ڕوسیای كۆمۆنستیدا، شتێكی دیكە نییە).
باسترناك لە پای ئەو شاڵاو و پەلاماردانەدا، ناچاردەبێت خەڵاتەكە ڕەتبكاتەوە و بۆ ئەكادیمیای سویدی دەنوسێت: (من زۆر سوپاس گوزارتانم و پێزانینم هەیە و شانازی دەكەم و واق وڕماو و شەرمەندەم.. ناچارم خەڵاتەكەتان- كە شایەنی نیم - ڕەتبكەمەوە، چونكە لە كۆمەڵگەكەمدا بە خراپ لێی حاڵیبوون و هیوادارم ڕەتكردنەوەكەم بە خراپ لێكنەدەنەوە).

كاتێك ڕادیۆی مۆسكۆ داوای شاربەدەركردنی دەكات، ناچار دەبێت نامەیەك بنێرێت بۆ نیكیتا خرۆشۆف و لێیبپاڕێتەوە و بڵێت: (جەناب جێهێشتنی وڵاتەكەم بۆ من، مانای مردنە. لەبەرئەوە تكاتان لێدەكەم بڕیارێكی وەها لە دژم نەدەن. دەتوانم پێت بڵێم و - دەستیشم لە سەر دڵمە – كە من ئەوەم بۆخاتری ئەدەبی ڕوسی نوسیووە، ڕەنگە تا ئێستاش بۆ ئەو بوارە بەكەڵك بم. من لەوەتەی چاوم كردۆتەوە و دەژیم، پەیوەستم بەم خاك و ئاواوە و ناتوانم خۆم لە دەرەوەی ئێرەدا ببینم).

(دكتۆر زیڤاگۆ) كە ڕەخنەگران و ئەدەبناسان بە گرنگترین ڕوداوی ئەدەبی ئەژماردەكەن، لە ڕوسیای دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەردا و تەنانەت هەندێك وەك درێژەپێدەر و تەواوكەری ڕۆمانی (جەنگ و ئاشتی) لیۆتۆلستۆی سەیری دەكەن، لەسەر ئاستی فیكری و مێژویی، كەچی خاوەنەكەی بەو دەردەبرا.

لەڕاستیدا ڕۆمانی (دكتۆر زیڤاگۆ) تێكستێكبوو، بۆ بەگژاچونەوەی ستەمكاری كۆمۆنیزم و داد و فوغانێكی ڕۆحی قوڵبوو، بە ڕووی ماركسیزمدا. ڕۆمانەكە لە دووبەشی سەرەكی و پاشەكیەك و كۆمەڵە چامەیەكی شیعریی پێكدێت كە كارەكتەری سەرەكی ڕۆمانەكە (یۆری ئەندریڤتیش زیڤاگۆ)، دوای مەرگی خۆی بەجێی دیڵێت.

بەشی یەكەم باس لە ساڵانی نێوان 1903 بۆ 1917 (واتە تا سەروەختی شۆڕشی ئۆكتۆبەر) دەكات. بەشی دووەمیشی تایبەتە بە دەورانی شۆڕش و شەڕی ناوخۆ و تا جەنگی دووەمی جیهانی دەخایەنێ‌ و لە ساڵی 1943 كۆتایی دێت.

شۆڕشی ئۆكتۆبەر هات و ڕۆیشت، ئیمپراتۆریەتی سور كۆتایی هات، ستالین و ژادانۆف و كێ‌ و کێ چونە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووەوە، وەلێ‌ باسترناك و تێكستە ئەدەبیەكانی بە زیندویەتی مانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP