دواین هەواڵ

ئابوری‌

 18/09/2023

شاخەوان عەبدوڵا: قەرزەکەی بەغدا هیچ سودێکی ناچێتە سەر

هەرێم نیوز

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایدەگەیەنێت، سبه‌ی یان دووسبه‌ی بڕی 700 ملیار دیناره‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، بخرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكی هه‌رێمی كوردستان، دەشڵێت، ئەو پارەیە هیچ سودێکی ناچێتە سەر.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای كرد بڕی 800 ملیاره‌كه‌ به‌شێوه‌ی قه‌رز بێت و هیچ سوویێكی نه‌چێته‌ سه‌ر و بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ بێت، به‌ڵام عێراق بڕه‌كه‌ی بۆ 700 ملیار دینار كه‌م كرده‌وه‌ و له‌ بری شه‌ش مانگدا كردییانه‌ سێ مانگ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌رگایه‌كه‌ و چاوه‌ڕوانی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای دیكه‌ی لێ ده‌كرێته‌وه‌.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاماژه‌كان بۆ ناردنی بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌غدا بڕیاری له‌سه‌ر داوه‌ ئه‌رێنین و ره‌نگه‌ به‌ خێرایی بگات، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌وان بارودۆخی ئابووری و بژێوی خه‌ڵك و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانن.

شاخەان عەبدوڵا پێشبینیشی كرد كه‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌ یان رۆژی چوارشه‌ممه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بچێته‌ سه‌ر هه‌ژماری هه‌رێمی كوردستان.

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق جه‌ختیشیكرده‌وه‌ هیچ رێگرییه‌كی یاسایی بۆ ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ ئارادا نییه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌وڵانه‌شی كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ رێگه‌ی دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ رێگری له‌ ناردنی ئه‌و پاره‌یه‌ بكه‌ن، پاساو و تانه‌كانیان چونكه‌ نایاسایین بۆیه‌ ناتوانن رێگری بكه‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ قه‌رز بدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP