دواین هەواڵ

کوردستان‌

 29/01/2023

شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین و بەفری زۆر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

هەرێم نیوز

شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین و بەفری زۆر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.

سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی لە هەرێم، لە راگەیەنراوێکدا پێشبینییەکانی کەشوهەوای یەک هەفتەی داهاتووی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و هاتنی تۆپەڵە هەوایەکی ساردی جەمسەری پێشبینیی دەکەین لە درەنگانێکی ئەمشەوەوە تا شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی بارانبارینی ناوبەناو تەواوی ناوچەکان بگرێتەوە، بەفربارینی بەردەوامیش ناوچە شاخاوییەکان بگرێتەوە تا ڕۆژی هەینی.
 لە کۆتایی شەپۆلەکەشدا بەفربارین فراوانتر و زیاتر دەبێت و تەواوی زنجیره چیاکان و شارەکانی ناو چیاکان دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچانەی بەرزاییان لە ( 800 ) مەتر زیاترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە.

شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەو ڕۆژی پێنجشەممە تا بەرەبەیانی هەینی ئەگەر هەیه بەفربارین سەنتەری پارێزگاکانی دهۆک پاشان سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەوە.

بەهۆی بەفربارینەوە پلەکانی گەرمی چەند پلەیەک دادەبەزن، لە کاتەکانی شەودا پلەکانی دەچنە ژێر سفری سەدییەوە، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان ئەگەر هەیە بگاتە زیاتر لە -20° ژێر سفری سەدی.

له پارێزگای دهۆک و ئیدارەکانی سۆران و قەزاو ناحییەکانی باکووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی ناوچە  شاخاویەکان زۆرینەی دابارین لە شێوەی بەفر دەبێت و ئەگەر هەیە ئاستەنگی هاتوچۆی دروست ببێت و هۆشداری جدی دەدەین بەتایبەت لە ڕۆژی چوارشەمە تا بەرەبەیانی هەینی.

پێشبینیی بڕی بارانبارین و بەفربارین لە ماوەی کاریگەری شەپۆلەکە لە دووشەممەوە تاوەکو کۆتایی شەپۆلەکە واتە بەرەبەیانی هەینی :

 پارێزگای دهۆک:
 ناوشار و دەروبەری ( 45 ملم باران و  25 تا 35 سانتیمەتر بەفر ناو سەنتەری شار )
 ناوچە شاخاویەکانی دەوروبەری پارێزگای دهۆک ( 30 تا 50 ملم باران و زیاتر لە 70 سانتیمەتر بەفر )

پارێزگای هەولێر :
ناوشار و دەوروبەری ( 40 تا 55 ملم باران ).
ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ( 40 - 60 ملم باران و 70 تا 110 سانتیمەتر بەفر )

پارێزگای سلێمانی :
 ناوشار و دەوروبەری ( 45 - 65 ملم باران لەگەڵ 10 سانتیمەتر بەفر لە ناوشار ) 
ناوچە شاخاویەکانی باکووری سلێمانی (  35 تا 55 ملم  باران و 55 تا 120 سانتیمەتر بەفر )

ئیدارەی ڕاپەڕین و دەوروبەری (  60 تا 100 ملم باران 4 تا 6 سانتیمەتر بەفر لە ناوشارەکان ) 
لە نێوان 60 تا 125 سانتیمەتر بەفر لە ناوچە شاخاویە بەرزەکانی باکووری ئیدارەی ڕاپەڕین.

پارێزگای هەڵەبجەو دەوروبەری ( 45 - 80 ملم  باران و 3 تا 5 سانتیمەتر بەفر ناوشار ) ئەگەر هەیە بەفر لە بەرزاییەکانی شنروێ و تەوێڵەو بیاره و هەموو گوندەکانی دەوروبەری ببارێت لەنێوان 10 تا 15 سانتیمەتر بەفر، لە زنجیرە چیای سورێن ئەگەری زیاتر لە 1 مەتر بەفر هەیە.

هۆشداری ...
لە ڕۆژی سێشەممەوە شەپۆلەکە فراوان دەبێت و هۆشداری جدی ئەدەین لە دروستبوونی لافاو لە تەواوی چەم و دۆڵ و ناوچە نزماییەکان و بارینی بەفری زۆر لە ڕۆژی چوارشەممەو پێنجشەممە و ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆو دابەزینی پلەکانی گەرمی بۆ ژێر سفری سەدی لە ڕۆژی پێنجشەممە بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان.

بەرەبەیانی هەینی کۆتایی بە شەپۆلەکە دێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP