دواین هەواڵ

ئابوری‌

 29/01/2023

بانکى ناوەندى عێراق بەم ڕێگایە دۆلار دادەبەزێنێت

هەرێم نیوز

بانكی ناوەندیی عێراق، لەپێناو دابەزاندنی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناردا، بڕیاریدا پەنجەرەكانی فرۆشتنی دۆلار بەشێوەی نەختینە بۆ گەشتیاران زیادبكات.

نوسینگەی راگەیاندنی بانكی ناوەندی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، رێنوێنی دراوەتە بانكە حكومییەكانی (رافیدەین، رەشید و بانكی بازرگانیی عێراقی TBI) بۆ فراوانكردنی پەنجەرەكانی فرۆشی دۆلار بە شێوەی نەختینە لە فڕۆكەخانەكانی (بەغداد، بەسڕە، نەجەف، هەولێر و سلێمانی).

بانكەكە رێنماییشی داوە بەوەی وەرگرتنی داواكارییەكان بەیانیان و ئێوارانیش بێت، بۆ ئەوەی زۆرترین گەشتیار بگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، فرۆشتنی دۆلار گەشتیارانی دەروازە سنوورییەكانیش دەگرێتەوە لەڕێی پەنجەرە تایبەتەكانی فرۆشتن لە بانكەكاندا، پاش پێشكەشكردنی داواكاریی تایبەت بە گەشت (ڤیزا یان چوونەدەرەوەی ئۆتۆمبێل).

بەپێى ئەم بڕیارە گەشتیاران دەتوانن بڕى کەمتر لە 5 هەزار دۆلار بە نرخى فەرمى دۆلار بکڕن و ئەم هەنگاوەش لەرێگەى بانکى بازرگانى و  بانکەکانى رافیدەین و رەشیدەوە دەبێت و لە فڕۆکەخانەکانى بەغداد و بەسڕە و نەجەف و هەولێر و سلێمانی کارى پێدەکرێت و ئەو کەسانەیش دەگرێتەوە کە لە دەروازە سنورییەکانەوە گەشت دەکەن.

بەپێى زانیارییەکان، مەرجەکانى کڕینى دۆلار بۆ گەشتیاران بەمشێوەیە دەبێت:

- دەبێت گەشتیار ڤیزاى ئەو وڵاتەى وەرگرتبێت کە بۆى دەچێت
- تیکتى رۆیشتن و هاتنەوەى کڕیبێت
- بەڵگەنامەى بەکڕێگرتنى هۆتێلى هەبێت لەو وڵاتەى کە بۆى دەڕوات
- بۆ  5 هەزار دۆلارەکە بڕى 37 هەزار دینار وەک عوملە وەردەگیرێت



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP