دواین هەواڵ

کوردستان‌

 29/01/2023

هۆشدارییەک لە کەشناسییەوە سەبارەت بە دۆخى کەشوهەوا

هەرێم نیوز

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە تا کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت.

بەشی پێشبینی کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست لە ئێستادا رووى لە  ناوچەکەمان کردووە، بارانبارین و بەفربارین لەسەر ناوچەکەمان دەبارێت، ئەم شەپۆلە تا رۆژى پێنجشەممە لەسەر ناوچەکەمان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریای ناوەڕاست کە بارستە هەوایەکى سارد یاوەرى دەکات لە  ماوەى رۆژانى سێشەممە و چوارشەممە کاریگەرى ئەم بارستە هەوایە زیاتر دەبێت و پلەکانى گەرما زیاتر روو لە نزمبوونەوە دەکات، هەر لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلە بارانبارین لەکاتى جیا جیا دەبارێت، چڕترین ماوەى دابارین لە رۆژى سێشەممە و چوارشەممە دەبێت.

کەشناسی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتى نیمچە هەور دەبێت و  هەندێک کات هەورى تەواو دەبێت، لە هەندێک ناوچە ئەگەرى نمە باران هەیە، لەگەڵ کەمێک بەفر بارین لە سەر لووتکەى شاخە بەرزەکان  و ناوچە سنوورییەکان  دەبێت، ئەمڕۆ تا رادەیەک کەش جێگیرە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی پێشبینی دەکات، سبەی دووشەممە ئاسمان هەورى  دەبێت، لەگەڵ بارانبارین لە تەواوى ناوچەکەمان، بەفربارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان، ئاستى دابارین لە دواى نیوەرۆ  و ئێوارەدا زیاتر دەبێت، لە شەودا هەندێک جار لێزمە باران دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر:  12 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 10  پلەى سیلیزى
دهۆک:  10 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 14 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە:  10 پلەى سیلیزى
زاخۆ:  9 پلەى سیلیزى
سۆران:  4 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 16 پلەى سیلیزى



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP