دواین هەواڵ

کوردستان‌

 29/01/2023

هۆشدارى لە پلانێکى مەترسیدارى عێراق بەرامبەر هەرێم دەدرێت

هەرێم نیوز

فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە هۆشداری دەدات لە نیازی عێراق لە پێکهێنانی لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، ده‌شڵێت، "ڕازیبونی هەرێم بە هاتنە پێشەوەی سوپا لە ژێر ناوی هێزی هاوبەش بۆ ئەو ناوچانە، هەنگاوێکی مەترسیدارە".

فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە کە داوایکردوه‌ ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمریکای راگه‌یاندوه‌، "وەزارەتی پێشمەرگە لە مەترسییەکانی پێکهێنانی لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان ئاگادارکراوەتەوە، چونکە عێراق دەیەوێت لە ژێر ناوی لیوای هاوبەش لەهەندێک ناوچەی گرنگ و ستراتیژی هەرێم نزیک ببێتەوە".

فەرماندە باڵاکەی پێشمەرگە ڕونیکردەوە، پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە سوپای عێراق لە هەندێک ناوچەی گرنگ و ستراتیژی نزیک دەبێتەوە، وتی، "بۆشایی ئەمنی پڕ بکرێتەوە، سوپا لە کێڵگەی کۆرومۆر نزیک دەبێتەوە، لە کێڵگەکانی موسڵ و هەولێر و چەندین ناوچەی تری ستراتیژی هەرێم نزیک دەبێتەوە، ئەمانە بۆ هەرێم مایەی مەترسیین".

بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان، لە ساڵی 2017ەوە دروستبون، هیچ هێزێکی عێراقی و کوردییان تێدا نییە و بون بە پێگەی چەکدارەکانی داعش، بە پێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، دەبێت بەهێزی هاوبەش پڕ بکرێنەوە.

عەمید روکن عادل زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لەبارەی بۆشاییە ئەمنییەکانەوە رایگه‌یاند، "پێکهێنانی هێزی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیین، رەزامەندی لەسەر دراوە و بڕیاری لێدراوە، چاوەڕێی پەسەندکردنی بودجەی عێراقین".

لە زۆربەی ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بونیان هەیە، بە تایبەت لە پارێزگاکانی (موسڵ، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە)، هیچ هێزێکی عێراقی و کوردی مافی رۆیشتنیان بۆ ئەو ناوچانە نییە، بە بێ هەماهەنگی و ئاگادارکردنەوەی یەکتری.

هەرکات داعش جوڵەی هەبێت لەو سنورانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە، پێشمەرگە و سوپا پێکەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنەکان، هەردولایان دەکشێنەوە بۆ بنکە و بارەگاکانیان.

لیوا ئیسماعیل سەرحان، رێکخەری پێشوی نێوان پێشمەرگەو سوپا لە پارێزگای دیالە بە دەنگی ئەمریکای راگه‌یاندوه‌، "لیوا هاوبەشەکان پێویستیان بە موچە و نەسریە و پێداویستی هەیە، بۆیە چاوەڕوانی پەسەندکردنی بودجەن".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP