دواین هەواڵ

جیهان‌

 29/01/2023

سەڵاحەدین دەمیرتاش: پێگەی یاسایم بۆ کاندیدبون بۆ سەرۆك كۆماری توركیا شیاو نییە

هەرێم نیوز

سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایدەگەیەنێت، پێگەی یاسایی ئەو بۆ کاندیدبون بۆ سەرۆك كۆماری توركیا شیاو نییەو هاوپەیمانی میللەتیش باس لەوەدەكات، لەمانگی شوباتدا كاندیدی خۆی ئاشكرادەكات، ئەردۆغانیش تائێستا خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە.

بەپێى دەستوری توركیا، دەبێت ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆك كۆماری توركیا ئەنجامبدرێت، بەڵام پێدەچێت هەڵبژاردنەكە لەمانگی ئایاردا بەڕێوەبچێت.

لەئێستادا سێ هوپەیمانی لەتوركیا ڕاگەیەندراون، ئەوانیش: (مەهەپەو ئاكەپە) بەسەرۆكایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و دەوڵەت باخچەلی‌و بەهاوپەیمانی كۆمار خۆیان ناساندوە، هەروەها، شەش حزبی تر هاوپەیمانی میللەتیان ڕاگەیاندوە كە لە(ئی پارتی، جەهەپە، دەعوا، گەلەجەك، سەعادەت‌و دیموكرات) پێكهاتون، لەلایەكی ترەوە پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەو چەند حزبێكی تر، هاوپەیمانی ڕەنج‌و ئازادییان پێكهێناوە.

ڕۆژی 27ی مانگ، شاندی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ڕایگەیاند، لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە کە لەساڵی 2016وه‌ لەزیندانی ئەدیرنە زیندانیکراوە، لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار کۆبونەوەیەکیان ئەنجامداوە.

وەك هەدەپە بڵاویكردۆتەوە، دەمیرتاش وتویه‌تى:"پێگەی یاسایی ئەو بۆ کاندیدبون شیاو نییە، لەپشت ئەو ناوەوە دەوەستێت کە وەک کاندیدی هاوپەیمانی ڕەنج‌و ئازادی دیاریدەکرێت".

لەژمارەی ئەمڕۆیدا، ڕۆژنامەی سوزجوی توركی لەزاری سەرۆكی پارتی سەعادەتەوە بڵاویكردەوە، هاوپەیمانی میللەت بەدڵنیاییەوە لەمانگی شوباتدا كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری توركیا ئاشكرادەكات.

هەرچەندە لەتوركیا جموجوڵی هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردن دەستیپێكردوە، بەڵام تائێستا وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیارینەكراوەو هەروەها، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاو سەرۆكی ئاكەپە، تائێستا لەسەر كاندیدكردنی، خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP