دواین هەواڵ

عێراق‌

 27/01/2023

دەستبەسەر 500 هەزار لیتر سووتەمەنیدا گیرا کە بۆ قاچاخکردن ئامادەکرابوو

هەرێم نیوز

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، دەستیان بەسەر 500 هەزار لیتر لە بەرهەمە نەوتییەکان گرتووە کە ئامادەکرابوون بۆ بەقاچاخبردن. لەو هەڵمەتەیدا دەزگاکە ئاشکرایکردووە کە ئەو سووتەمەنییە لە حەوت پارێزگای عێراق بووە و بەهۆیەوە 29 کەس دەستگیرکراون.

رۆژی هەینی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی راسپاردەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ راوەدوونانی ئەو کەسانەی سووتەمەنی بەقاچاخ دەبەن، دوای دەستخستنی زانیاریی هەواڵگریی ورد لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف، کەرکووک، نەینەوا، قادسییە، دیالە و بابل، توانرا دەستبەسەر 500 هەزار لیتر سووتەمەنیدا بگیرێت کە بۆ بەقاچاخبردن ئامادەکرابوو."

هەروەها لە راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا هاتووە، "ئەو بڕە نەوتە لە تانکەر و کۆگە کرابوون و دوای هەڵکووتانە سەر شوێنەکان و کۆگەکانی قاچاخچییەکان؛ دەستیان بەسەرداگیرا."

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات، لەو هەڵمەتەدا دەستبەسەر 20 ئۆتۆمبێل گیراوە و 29 تۆمەتبار دەستگیرکراون و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP