هەرێم نیوز
حکومەتی ئەڵمانیا رهزامەندی فهرمی لهسهر گەیاندنی تانکی پێشکەوتوی "لیۆپارد 2" بە سوپای ئۆکرانیا پشتڕاستکردەوە، لەکاتێکدا كۆشكی سهرۆكایهتی روسیا (کرێملین) هۆشداری دەداتە وڵاتانی رۆژئاوا كه رادەستکردنی تانکە قورسەکان به کیێڤ چارەنوسیان "سوتان"ە.
بەپێی ماڵپەڕی DWی ئەڵمانی، حكومهتی ئەڵمانیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، کە تانکی "لیۆپارد 2" ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکات، دوای ئهوهی بەسەر "دودڵی خۆیدا زاڵ بو" لە ناردنی چەکی قورس کە کیێڤ بە پێویستی دەزانێت بۆ شکستپێهێنانی لەشکرکێشی روسیا.
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، "بڕیارەکە تەواوکەری پاڵپشتی ئێمەیە بۆ ئۆکرانیا تاوهكو ئەوپەڕی توانامان، ئێمە بە شێوەیەکی نزیک و هاوئاهەنگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مامەڵە دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئۆکرانیا لە ئەڵمانیا مەشق و راهێنانیان پێدەکرێت، هەروەها بەرلین کەرەستەی لۆجستی و تەقەمەنی دابین دەکات، هاوكات وڵاتەکەی 14 تانکی "لیۆپارد 2" بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات.
هەر لهوبارهیهوه كۆشكی سهرۆكایهتی روسیا (کرێملین) رایگهیاند، ئهو تانكه قورسانهی كه وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا دابینی دەکەن لە بەرەکانی شەڕدا لەناو دەچن.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سهرۆكایهتی روسیا بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند، "لە روی تەکنەلۆژیاوە پلانەکە شکستی هێناوە، ئەمە زیادەخەمڵاندنێکە بۆ ئەو توانایانەی کە بۆ سوپای ئۆکرانیا زیاد دەکرێن، ئەم تانکانە وەک هەمو تانکەکانی دیکە دەسوتێن".
مۆسکۆ له زیاتر لە بۆنەیەکدا دژایەتی خۆی بۆ پلانەکانی رۆژئاوا دەربڕیوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە پێسکۆڤ رایگەیاندبو، کە هەرجۆرە دابینکردنی تانکی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا "نیشانەیەکی خراپ" لەسەر پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان مۆسکۆ و بەرلین بەجێدەهێڵێت.
ئهوهشی خستهڕو، ئەو چەکانهی وڵاتانی رۆژئاوا کە بۆ ئۆکرانیای دەنێرن، تەنها دەبێتەهۆی درێژکردنەوەی ململانێکان و لە کۆتاییدا ئازاری هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا گەورەتر دەکات.
لایخۆیەوە ئۆلێسکی ماکیێڤ، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە بەرلین دڵخۆشی خۆی بە پێکهێنانی "هاوپەیمانی گەورەی تانکەکان" دەربڕی و ئەمڕۆ لە سەردانێکیدا بۆ هامبۆرگ وتی، "ئەم تانکانە هاوکارمان دەبن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی روسیا و رزگارکردنی ناوچە داگیرکراوەکانمان لەلایەن روسیا و گەلەوە"، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەو تانکانە بەمزوانە بگەنە وڵاتهكهی.
ئۆکرانیا چەند مانگێکە بۆ بەرەنگاربونەوەی لەشکرکێشی روسیا داوای تانکی شەڕکەری رۆژئاوایی دەکات، تانکەکانیش وەک سیستەمەکانی دیكهی چەکی رۆژئاوایی یارمەتیدەر دەبن لە "رزگارکردنی ژیانی خەڵک"، مەکیڤ وتی، "پێویستمان بە هەمو شتێک دەبێت و سوپاسگوزارین بۆ هەر هاوکارییەک".
مەکیڤ هیچ کێشەیەک لە سیستەمی چەکی جیاوازدا نابینێت کە لە وڵاتانی جیاوازەوە پێیان دەگات، تەنانەت لەژێر رۆشنایی ئەگەری گەیاندنی تانکی "ئەبرامز"ی ئەمریکی، دەڵێت، "سوپاکەمان و سەربازەکانمان سەلماندویانە کە ئەوان توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئامێرە جیاوازەکاندا هەیە".