دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 رۆژ پێش ئێستا

حاکم ئازاد: لەگەڵ زۆربوونی رووداوەكان پێشێلکاریش بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەبن

محەمەد جەمال – هەولێر

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەبارەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت، هەر کات ڕووداوەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوون بن، ئاماری پێشێلکارییەکانیش بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەبن.

حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ هەرێم نیوز وتی، ئەو ڕاپۆرتەی کە ئەمڕۆ لەبارەی ئاماری پێشێلکارییەکان و مافی ڕۆژنامەنووسان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوکرایەوە، گوزارشتێکی سروشتی دۆخی ڕۆژنامەوانییە لە هەرێمی کوردستان داو هەر کات ڕووداوەکان و خۆپیشاندان و گردبوونەوە لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوون بن، ئاماری پێشێلکارییەکانیش بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەبن.

سەبارەت بە میدیای نوێ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە ئێستا ڕۆڵ و کاریگەری زۆریان لە کۆمەڵگەدا هەیە، حاکم ئازاد ڕوونی دەکاتەوە، میدیای نوێ داهێنانی کوردە، چونکە لە وڵاتانی تر شتێک نیە بەناوی میدیای نوێ، بەڵکو هەمووان هەر میدیان.

لەبارەی هەواڵی فەیک و ناڕاستیشەوە ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە میدیای نوێش لە سەندیکا تۆمار دەکرێت و مۆڵەتی دەستبەکاربوون وەردەگرێت، بەڵام لەبەرئەوەی دۆمێنەکان هیچیان لەژێر دەسەڵاتی ئێمە دانیە، بۆیە هەر کەسێک هەڵدەستێ پلاتفۆرمێک بە بینراو و بیستراو پەخش دەکات و  کۆمەڵیک هەواڵی فەیک و بێ بنەما و بێ ناوەڕۆک بڵاودەکەنەوە بەبێ ئەوەی ئێمە دەسەڵاتمان لەسەری هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP