دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 15/01/2023

میدیا و کاریگەری نەرێنی دراماکان لەسەر کۆمەڵگە

سۆما ئەنوەر

تەکنەلۆژیای نوێی پەیوەندییەکان و ئەو فیلم و دراما دۆبلاژکراوانەی کە میدیا کوردییەکان بە بەردەوامی و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە میدیاکانیانەوە پەخشی دەکەن، کار دانەوەى ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی لەسەر ڕەفتارو هەڵسوکەوتی تاکەکان بەتایبەت گەنج و منداڵ دروست دەکات، بە واتایەکی دیکە گۆڕانکاری لە هەڵوێست و ئاڕاستەدا دەکات و تێڕوانینی خەڵک دەگۆڕێت .

وە تیۆرییەکی میدیایی هەیە کە زۆر بە وردی ئەو کاریگەرییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە ئەویش( تیۆری چاندنی ڕۆشنبیرییە ) کە تیۆریستی بواری ڕاگەیاندن  (جۆرج جاربنەر)خاوەنییەتی، بە کورتی ئەم تیۆرییە دەڵێت، مرۆڤەکان ژیانی واقیعی خۆیان ناژین بەهۆی کاریگەرییەکانی ڕاگەیاندنەوە بەتایبەت تەلەفزیۆن.

میدیا بەردەوام هەندێ دیمەن دەخاتە ڕوو کە پاش ماوەیەکی درێژ ئەو دیمەنانە وردە وردە دەبنە واقیع لەوانەیە لاسایی بکرێنەوەو لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا جێبەجێ بکرێن، ئەمە ئەو مەترسییە کە ئەمڕۆ زۆرێک لە کۆمەڵگەکان بەتایبەتتر کۆمەڵگە دواکەوتووەکان یان تازە پێگەیشتووەکان بەدەستییەوە دەناڵێنن، نموونەی زۆر زۆرمان هەیە کە میدییا و ئەو درامایانە بوونەتە هۆی کارەساتی زۆر گەورە لە کۆمەڵگای کوردستان، دادگاكان پڕ بوون لەو دۆسییانەى کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ میدیاو سۆشیالمیدیا.

 زیادبوونی تاوانی جۆراو جۆر کە پێشتر زۆر دەگمەن بوون ئەمڕۆ بوونەتە زۆرینەى دۆسیەکانى ناو دادگا، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان و هەزاران تاوان و رووداوی پەردە پۆشکراو هەیە کە بە رێگای کۆمەڵایەتى و کەسی و حزبییەوە چارەسەر کراون بەر لەوەى بگەنە دادگاکان، چونکە کۆمەڵگای کوردی تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە ئاین و بەها کۆمەڵایەتیەکانەوە کە ئەمەش وا دەکات تاکەکان زیاتر پەیوەست بن بەهاکانەوە، بەڵام گۆڕانی ڕەفتارەکان دژیەکییەک دروست دەکات لە نێوان بەهاو ڕەفتارەکاندا، بێگوومان ئەمەش کێشەی کۆمەڵایەتی و تاوانی لێدەکەوێتەوە، کێشەیەکی دیکەش ڕووماڵکردنی ناشارەزایانەی میدییاکانە لە کاتی پرسە هەستیارو کارەسات و جەنگەکاندا، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارەساتی گەورەتر دە خوڵقێنێ بە جۆریک ئەو کارەساتانەی دراماکان خوڵقاندویەتی میدیا جارێکی دیکە ڕوماڵی دەکات و ئەمەش وەک دوبارەکردنەوەی هەمان دیمەن وایە و وا دەکات ببێتە واقیع لای وەرگر، کەم نین ئەو رووداوانەى کە بەهۆی دراماکانی ناو میدیاکانەوە لە ژیانى ئاسایی و راستەقینەدا لاسایی کراونەتەوە و ئێستا بوون بە کێشەیەکى گەورە.

دیوێکی مەترسیداری ئەم بابەتە ئەوەیە کە لە هەموو ماڵێکدا شاشەیەک بەناوی تەلەفزیۆنەوە هەیە ئەوە ئەگەر مۆبایل و ئایپاد و ماک بووکیش نەبێت، ئەو شاشەیە واڵایە بەرووی چاوی ئەندامانى خێزانەکە لە دابیرەو باپیرەوە بگرە تا منداڵێکى یەک ساڵ کە رۆژانەو شەوانە ئەو دیمەنانە دەبیننن کە میدیا دەیگوازێتەوە، جا شەڕو جەنگەکان بن یان دیمەنى ترسناکی فیلمەکان بن یاخود دراما بیانی و بێ کوالێتی و بێ بەهاکان بن یاخود چەندین دیمەن و ڤیدیۆی نەگونجاو کە کاریگەری ناڕاستەوخۆو راستەوخۆی لەسەر دەروون و رەوشتى تاکان دەبێت، ئەمە پێویستى بە فلتەرکردن و چاودێریکردن و سنوردار کردن هەیە، پێویستە گەورەکان لەوە تێ بگەن کە ئەو بابەتانەى بۆ گەورەکان ڕەنگە کەمێک ئاسایی بێت، بۆ گەنج و منداڵەکان ئاسایی نین، درامایەک کە پڕیەتى لە وشەو رستەى نەگونجاوی ناشرین راسیتەوخۆ دەچێتە دەروون و گوێچکەو سەر زمانى کەسانى خوار ١٨ ساڵ، ئەمە ئەوەمان لەبەر چاوی خۆمان لابردووە کە کاریگەری لەسەر گەورەش هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەم کاریگەری میدیاو درامایانە لەسەر منداڵ و گەنج شرۆڤە بکەین،بۆیە پێویستە شاشەکان لە تەلەفزیۆنەوە تا مۆبایل و ئایپاد و کۆمپیتەر سنوردارو چاودێری کراو بێت، ئەو بابەتانەى پێویستە سەیر بکرێن دیاریکراو چاودێری کراو بوون لەرووی چۆنایەتى و کوالێتیەوە هەمیش لەرووی کاتەوە.

کەناڵە کوردییەکان دەبێ بە وردی لە ناوەڕۆکی دراما قووڵ ببنەوە و درامای کۆمەڵگەیەک هەڵبژێرن کە لە کەلتووری ئێمەوە نزیک بێت، دەبێ لەگەڵ پسپۆڕیی کۆمەڵناسی بڕیار بدەن کە ئایا ئەم درامایانە بە کەڵک ژینگە و عەقڵیەتی کۆمەڵگەی کوردی دێن، یان نا، کۆمەڵگە دەتوانێ ناوەڕۆکەکەی وەربگرێت، یان نا. دەبێ بۆ دۆبلاژ کردن لەگەڵ پسپۆڕی زمانەوانی بڕیار بدەن کە ئایا چ زمانێکی دۆبلاژ بە کەڵک دێت کە بەکاری بهێنن، دەبێت بزانرێت ئەو تەمەنانە کامانەن سەیری ئەو درامایانە بکەن، لە زۆرێک لە میدیاکان دونیا لەسەر شاشەى تیڤەکان لەکاتی فیلم و دراماکاندا دەنوسرێت(+١٨ یان +١٢ هتد..) ئەمە بەو مانایەى کە دەبێت گەورەکان لە ناو خێزاندا ئاگاداری ئەو هێمایە بن کە گەنج و منداڵەکانیان سەیریان نەکەن.

یەکێک لە گەورەترین کێشەکانى ئەمرۆی بەردەم خێزان ئەوەیە خەریکە کۆنترۆڵی خێزان لەدەست دەدەن بەهۆی نەرمی نواندنێکى لە ڕادەبەدەر بەرامبەر ئەندامانى خێزان لەئاست بەکارهێنانى تەکنەلۆژیا ئەوەش دەرفەتی ڕەخساندوە کە کەشی بەکارهێنانى تەکنەلۆژیا لەناو ئەندامانى خێزان لە گەورەوە تا بچوک رەخساو بێت، ئەمەش سەرەتای پرۆسە مەترسیدارەکەى تێکچوونى خێزان و دەرون و رەوشتى تاکەکانە، کە لە زانستى کۆمەڵناسیدا پێی دەوترێت(لادانى کۆمەڵایەتى).

چاودێرییەکى دیکە هەیە کە چاودێریەکی گەورەترو گشتی ترە، کە دەسەڵاتى یاسادانان و جێیەجێکردن و دادەورییە کە ئەرکێکى هاوبەشیان لەسەر شانە، ئەوەی لەسەر دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدارە چاودێری و فلتەر هەبێت بۆ بابەتی میدیایی و پەخش و بەرنامەکانی بەنمونە پێش پەخشکردنی دراما دۆبلاج کراوەکان ڕەچاوی کلتورو نەریتی کۆمەڵگە بکرێت و خوێندنەوەو لێکدانەوەی وردی بۆبکرێت و بەفلتەرێکی ئەکادیمی زانستی پرۆفیشناڵدا تێپەڕێت ئەوکات پەخش بکرێت، چونکە زۆرجار بینیومانە درامایەک چەند بەشێکی لێ پەخشکراوە دواتر بەفشاری کۆمەڵگە ڕاگیراوە ئەوەندە لەرووی کۆمەڵایەتییەوە ئاست نزم و خراپ بووە، هەر ئەمەش نییە، بەڵکو ئێستا بابەتێکى دیکە زیادی کردوە، ئەویش پیشاندانى کەسانى هەژارو کەمدەرامەت  و نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەتە، ئەمەش گەورەترین هەڵەی میدیاکانە کە کاریگەری راستەووخۆی لەسەر تاکەکان بە گەورەو بچوکەوە دەبێت کە ئەمە بۆ خوار تەمەنی ١٨ ساڵ چەند قاتە، ئەم بابەتە سۆزدرایانە کە هەستى تاکەکان دەجوڵێنن هەڵەیەکى کوشندەیەو لایەنی نەرێنی گەورەی لە سەردەرونی تاک وکۆمەڵگە دروست دەکات، لەلایەک ئەوهەژارانە بەشێوەیەک پێگەو کەسێیەتیان برینداردەکرێت لەسەر داهاتووشیان خراپتر دەبێت، لایەکی دیکەشی ئەوەیە کە کاریگەریەکى سۆزداری خراپی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، چونکە زۆرجار ڕەچاوی باری دەرونی خەڵک ناکرێت هەندێکجار بابەتەکە زیاد لەقەبارەی خۆی گەورەتر دەکرێت و جارهەبووە گەرەکردنی بابەتێکی  سیاسی و پیشاندانی بەشێوەیەک بووە کەکاریگەری لەسەرجموجوڵی بازاڕو نرخ و بەرزبوونەوەی دراوی بیانیش هەبووە.

جا کێشەی ئەمە ئەوەیە میدیاکان لەشێوەى دراما یان چیرۆکێک ئەو بابەتە سۆزداریانە دادەڕێژن و پیشانى بینەرەکانى دەدەن، ئەوەش بۆ ماوەیەکى درێژتر لە بیرو هۆشی بینەردا دەمێنێتەوە کە وەک نوسین نییە لەماوەیەکى دیاریکراودا لەبیر بچنەوە، بۆیە میدیاکان لە داڕشتن و هۆنینەوەى ئەو بابەت و رووداوانە لەشێوەى چیرۆک و درامای سەرنجڕاکێشدا کاری زۆر دەکەن و خۆیانی پێوە ماندوو دەکەن بۆ ئەوەى زیاتر و خێراتر کاریگەری لەسەر بینەر هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP