دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 28/12/2022

ژیانی مرۆفی ئەم سەردەمە 600 هێندەی ژیانی مرۆفەکانی پێشووتر باشتر بووە

د. پشتیوان فەرەج

لە ئێستایا خەڵک کەمتر دڵخۆشن و کەمتر قەناعەتیان هەیە بەبەراورد بە جاران. ئەو ملیاردێرە لە ئێستایا تەمەنى 98 ساڵە و لە ساڵی 1930 دە ساڵان بووە. لەو سەردەمی ئەودا ژیان لە ئەمریکا هێجگار قورس و گران بووە. دەڵێت بیرم دێت لە ساڵانی 30 یەکانی سەدەى ڕابردوو ژیانێکی کولەمەرگی دەژیاین و سەردەمی کەئابە گەورەکە بوو.

ئەو ملیاردێرە پێ ی وایە هۆکاری غەمگینی مرۆفی ئەم سەردەمە ئیرەیی بردن و حەسوودیە. بەهۆی ئیرەیی و حەسادەت کەم کەس لە ئێستادا دڵیان خۆشە. دەڵێت پێش ساڵی 1800 ژیانی مرۆف زۆر دژوار و کورت و سنوردار و ناڕەحەت بووە. ئەم پێناسەکردنەی ئەم ملیاردێرە پێناسەکەی تۆماس هۆبسمان بەبیر دێنێتەوە کە مرۆف لەسەردەمی پێش شارستانیەدا ژیانێکی کورت, سەخت, ناهەموار ژیاون ودڵنیا نەبوون لە مانەوەیان. هەروەها دەڵێت لەوسەردەمەدا نە پرینتەر هەبووە نە ئامێری فێنککەرەوە نە دەرمانی پێشکەوتووی پزیشکی. خەڵک بەهۆی نەخۆشیەکی ئاساییەوە مردوە کەچی لە ئێستایا مرۆف زیاتر دەژی و هۆکارەکانى حەسانەوەی لەبەردەستە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە پشتڕاستی بۆچونی ئەم پیاوە دەکات %75 ی خەڵکی ئیرەیی و حەسوودی بەکەسێکی دیکە دەبەن. بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە پارە ئاستی خۆشبەختی و کاتی پشوو دیاری دەکات.هەروەها بەپێی ئەو توێژینەوەیە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاوکردنەوە و دروستکردنی هەستی ئیرەیی و حەسادەن چونکە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان خەڵک نمونەى باڵای خۆیان پیشانی ئەوانی دیکە دەدەن.

ئەم ملیاردێرە زۆر سەرسامە بە بۆچونەکانی دەرووناسی زانکۆی هارفارد ستیفن پینکەر کە تێزەی ئەو وایە بە پێ ی ڕۆژگار کوالیتی و ئاستی ژیان باشتر بووە و لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا ژیان 200 هێندە باشتر بووە و نمونەش ئەوەیە کە مرۆف زیاتر دەژی و لەسەر ئاستی جیهانیشدا هەژاری ڕووی لە کەمی کردوە.

بەڵام ڕەخنەگرانی ستیفن پینکەر پێیان وایە ئەو کابرایە زۆر سانا و سادە لە شتەکان دەڕوانێت و ژیانی هاوچەرخ ئەو ژیانە ئاسانە نیە کە باسی دەکات چونکە لەسەر ئاستی جیهاندا نایەکسانیەکی زۆر قووڵ هەیە و ساڵانە بەهۆی شەڕ و ململانێ ی سیاسی هێشتا سەدان هەزاران کەس دەبنە قوربانی و دەناڵێنن بەهەمان چەشنی مرۆف لە چاخە کۆنەکاندا.

لە ساڵی 2019 ئەو ملیاردێرە ڕایگەیاند کە نایەکسانی زۆر پێویستە بۆ ئابووری بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری پێویستی بەجۆرێک لە نایەکسانی سەرمایە هەیە. هەروەها ڕەخنەی زۆری گرتوە لە سیاسیە شەعبەەویەکانى ئەمریکا وەک بێرنی ساندەر و ئیلیزابێس وارین و فێرمۆنت سین. پێ ی وابووە ئەم سیاسیە شەعبەویانە گەمژەن و لە داینامیکی بازاڕی ئازاد تێناگەن بۆیە داوای زیادکردنی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان دەکەن. مونگەر پێ ی وایە جیهان پێویستی بە نایەکسانیە بۆ ئەوەى هەموان بەخۆشی بژین و ژیان بەرەو پێش بڕوات ئەگەر وا نەبێ کەس کار ناکات و ناکرێت هەموان دەوڵەمەند بن. دەڵێت ئەوانەش کە ڕه‌خنە لە ملیاردێرەکان دەگرن تەنها لە حەسوودی و بەغالەت و ئیرەییە.

مونگەر دەڵێ ببورن ناتوانم ئەو ڕاستیە بگۆڕم کە خەڵکێکی زۆر لە جیهاندا دڵخۆشنین لە کاتێکدا ژیانی ئەوان 600 هێندەی ژیانی مرۆفەکانى پێش خۆیان باشترە, خەڵک خەمگین و خەمبارن چونکە حەسوودن و هەمیشە کەسێک هەیە لەوان زیاتری هەیە. مونگە دەڵێت تکایە واز لە گلەیی و کڕوزانەوە بێنن.
ئایا هاوڕای ئەم بۆچونەی؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP