دواین هەواڵ

کلتور‌

 03/12/2022

گەوهەرێک لە نێو دڵی شاردا

‏‎عەتا مەحمود

ڕەنگە زۆربەمان سەردانی ئەم کتێبخانەیەمان نەکردبێت و زانیاری پێویستمان لەبارەیەوە نەبێت، کە نەک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی هەموو عێراق، کتێبخانەی ئەوقاف، یەکێکە لە هەرە کۆنترین ئەو جێگایانەی، کە کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر دەستنووس و سەرچاوەی مێژوویی لەخۆ گرتووە. دیارە کە دەڵێم کۆنترین مەبەست لە بینا و باڵەخانەکەی نییە، بەڵکو مەبەستم ئەو دەستنووسانەیە کە لێرەدا پارێزراون.

لێتان ناشرمەوە، منیش بۆ یەکەمجارم بوو سەردانی ئەم شوێنە بکەم، چونکە پێشتر کە ناوی ئەم شوێنەم دەبیست، وا بە خەیاڵمدا دەهات کە تەنها چەند کتێب و سەرچاوەیەکی ئاینی تێدابێت و هیچی تر، کە ئەوەش دەتوانین لە هەموو شوێنێکی تر پەیدای بکەین، بەڵام بەم شێوەیە نییە، لێرە بە سەدان دەستنووسی جۆراوجۆری لە زۆربەی بوارەکاندا لێیە، دەستنووسی لێیە کە میژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (٦٠٠) ساڵ پێش ئێستا! کە ناوەڕۆکی بابەتەکانیان، لە بوارەکانی شیعر و ئەدەبییات، فەلسەفە، جوگرافیا، فەلەکناسی، حسابات، مەنطق و سەرجەم بابەتە ئایینییەکانە. بە کۆی گشتی زیاتر لە (٣٨٠٠) دەستنووسە، بەڵام لە نێو ئەم دەستنووسانەدا بابەتی مێژوویی و نووسینەوەی ژیننامەی زاناکانی تێدا نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو سەردەمە وا بیریان کردووەتەوە، ئەوەی کە دەینووسن لە پێناوی خودادایە بۆ ئەجر و پاداشتە، نەک بۆ خۆدەرخستن و ڕووپەرمایی، بۆیە باسی خۆیان نەکردووە. لە پێش ساڵانی حەفتاکانەوە ژیننامەی چەند مامۆستا و زانایەک نووسراوەتەوە، ئەوەش لەلایەن خۆیانەوە نەبووە، بەڵکو لەلایەن فەقێ و هاوڕێ و هاوپیشەکانیانەوە بووە.

‏‎ئەم شوێنە سامانێکی نیشتمانی گرنگە، گەوهەرێکە لە نێو دڵی شاردایە... سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتی و داگیرکارییەی لە ڕابردوودا لەلایەن تورکەکان و ئینگلیزەکان و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە بەسەر ئەم شارەدا هاتووە، هێشتا شوێنێک لەنێو جەرگەی شاردا ماوە، کە مێژووی نووسین و ئەدەبیات و ئایین و زانست و شارستانییەتی سەدان ساڵی ئەم نەتەوەیەی تێدا پارێزراوبێت و بە سەدان بەڵگە و دۆکیۆمێنت و دەستنووسی گرنگی تێدا پارێزراوبێت.

‏‎بەم کتێبخانەیە دەوترێت کتێبخانەی دایک، چونکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندن و بنیاتنانی شاری سلێمانی، کاتێک میرەکانی بابان بڕیار دەدەن پایتەختی میرنشینەکەیان لە قەلاچوالانەوە بگوازنەوە بۆ سلێمانی، یەکێک لەو شوێنانەی درووستی دەکەن، مزگەوتی گەورەیە، هەموو ئەو دەستنووسانەی ئەوێ دەگوازنەوە بۆ مزگەوتی گەورە، شێخ مارفی نۆدێی و لە دوای ئەویش کاک ئەحمەدی شێخ سەرپەرشتی دەکەن.

تا لە ساڵانی دواتردا دەستنووس و سەرچاوەکان دەبرێنە کتێبخانەی ئەوقاف و لە ساڵی (١٩٧٨)ز بووە بە بەڕێوەبەرێتی و سەرەتا لە شەقامی سابوونکەران بووە، بەڵام نزیکەی (١٥) ساڵێک دەبێت گواستوویانەتەوە بۆ سەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، لە گەڕەکی تووی مەلیک، لە چەند بەشێک پێکهاتووە:

‏‎- بەشی کتێبخانە: ئەم بەشە زیاتر لە (٣٠) هەزار کتێب و سەرچاوەی جۆراوجۆری تێدایە، جگە لەوەی کتێبخانەی تایبەتی کۆمەڵێک کەسایەتی لێرە دانراون.

‏‎- بەشی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان: ئەم بەشە دەوڵەمەندە، بە نموونەی ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی لە ساڵانی زوودا بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ و بڵاوکراونەتەوە، بە شێوازی (مجلد) لێرە پارێزراون.

‏‎- بەشی تەجلید: لەم بەشەدا، کتێب و گۆڤارەکان، تەجلید دەکرێن و بە مەبەستی مانەوە و پاراستنیان، بەرگی ڕەقیان بۆ ئامادە دەکرێت.

‏‎-بەشی پێڕست و پۆلێن: لەم بەشدا ژمارە دەدرێت بە کتێبەکان وپۆلێن دەکرێن.

‏‎- بەشی دەستنووسەکان: ئێرە بەشێکی گرنگی کتێبخانەکەیە، لەبەر ئەو دەستنووس و بەڵگەنامانەی کە لێرەدایە، لە دوای بەغداد بەدووەم گەورەترین شوێن دادەنرێت لەسەر ئاستی عێراق، وەک لە پێشەکیدا ئاماژەم بۆ کرد، زیاتر لە (٣٨٠٠) دەستنووسی جۆراوجۆرن لە بوارە جیاوازەکاندا. بە دەیان تێزی ماستەر و دکتۆرای توێژەران، سودیان لە دەستنووسەکانی ئەم بەشە وەرگرتووە.

‏‎بەشێک لەم دەستنووسانە؛ بە هۆی کۆنیی و تەمەنی زۆریانەوە، لە لێواری لەناوچووندان، هەر بۆیە ئیدارەی ئەم شوێنە بیریان لەوە کردووەتەوە ئەم دەستنووسانە لە فەوتان ڕزگار بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش دوو بەشی بچووکی تریان لێرە داناوە، کە تەنها بە پێنج کارمەند کارەکانی دەبەن بەڕێوە، ئەوانیش بەشی: سکانکردن، هەوڵیان داوە بەشی زۆری ئەو دەستنووسانە سکان بکەن و وێنەی تریان لەبەر بگرنەوە. لەگەڵ بەشی مەشفی: لەم بەشەدا کاری چاککردنەوەی لاپەڕە کۆن و دڕاوەکان دەکرێت، سەرەتا بە فڵچەی تایبەت لاپەڕەکان پاک دەکەنەوە، پاشان بە دەرمانی تایبەت ڕووپۆشی لاپەڕەکان دەکەن، ئەمەش وا دەکات کە لاپەڕەکان نوێ ببنەوە و لە فەوتان ڕزگارببن.

‏‎لە نێو ئەم بەشەدا، مەبەستمە، وەک نموونە سەرنجتان بۆ دوو سەرچاوەی گرنگ ڕابکێشم، کە خۆیان دەستنووس نین وەک کتێب چاپکراون، بەڵام لەبەر گرنگییان لە ڕیزی دەستنووسەکاندا دانراون:

‏‎* کتێبێک لێرەیە، تۆماری خەرجی و داهاتی پارەیە لە سەردەمی حکومەتەکەی شێخ مەحمود دا، ئەمەش دەچێتە چوارچێوە بەڵگەنامە و دۆکیۆمێنتەوە، پسووڵەکان لەلایەن شارەوانی ئەو کاتەوە ئامادەکراون، شێخ مەحمود ئەو کاتە شارەوانی سەرپشککردووە، لەو داهاتەی کە دەستیان دەکەوێت، لێی خەرج بکەن بۆ ماڵی شێخ مەحمود و میوان و دامودەزگاکانی، ئەو شتانەی کە کڕدراون، کراون بە وەسڵ و بڕی پارەی هەموویان نووسراوە، بۆ نموونە ئەو کەسانەی هەژار بوون و پارەی نەخۆشخانەیان نەبووە، پارەیان دراوەتێ، یاخود بۆ چاککردنی چاڵ و چۆڵیی ڕێگەوبانەکان... هتد هەمووی بە فلس و عانە یاداشت کراوە.

‏‎لە ساڵی (١٩٨٣) شارەوانی ئەوکاتە بەمەست بێت، یاخود بە بێ مەبەست، بە بیانووی پاککردنەوەی کۆگاکانی؛ بەڵگەنامەکانی ئەرشیفی شارەوانی دەباتە تانجەرۆ بەمەبەستی سووتاندنیان، کەسێک بەناوی ئەحمەد حسێن ئەحمەد کە مامۆستابووە لەوبەری تانجەرۆ لەهاتوچۆدا، ئەوراقی فڕێدراوی شارەوانی لە کارگەی قیری تانجەرۆ بینیووە و م.عەبدولڕەقیب یوسف لێ ئاگادارکردووە، ئەویش لەگەڵ ئەکرەمی ساڵحە ڕەشەدا، بەشێک لەم بەڵگەنامە گرنگ و ناوازانە لە نێو ئاگرەکەدا دەردەهێنن و نەیانهێشتووە بسووتێت. تەسلیمی کتێبخانەی ئەوقافیان کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٤ دا لە لایەن بنکەی ژینەوە کراوە بە کتێب بە ناونیشانی لە بەڵگە نامەکانی حکومەتی شێخ مەحمود لە سلێمانی ١٩٢٣-١٩٢٤، ئامادەکردنی عەبدولڕەقیب یوسف و لێکۆڵینەوەی سدیق ساڵح.

‏‎*یەکێکی تر لە سەرچاوەکان، کتێبێ کنز السن ی سەید ئەحمەدی فائیزی بەرزنجییە، کە لە ١٨٩٥ دا لە موسڵ چاپکراوە، بریتییە لە نووسینی شیعر بە شێوازێکی زۆر تایبەت، شیعرەکان لە پێنج لاوە دەخوێنرێنەوە بەبێ ئەوەی ماناکەی تێکبچێت. لە ساڵی ١٩٨٠ز دا لەلایەن م. شێخ محەمەدی خاڵەوە پێشەکی بۆ نووسراوە و چاپکراوەتەوە.
‏‎پێویستە لەلایەن دامودەزگاکانی تری حکومەتەوە گرنگییەکی زۆر بەم کتێبخانەیە بدرێت، بەتایبەتی بەشی دەستنووسەکان، چونکە ئەم شوێنە بە تەنها موڵکی ئەوقاف نییە، بەڵکو سامانێکی گەورەی نیشتمانییە:

‏‎- لەپێناو بە ئەلیکترۆنیکردنی بەڵگەنامە و دەستنووسەکاندا، زۆر گرنگە ئامێری تایبەتیان بۆ دابین بکرێت و دەستنووسەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی یاداشت بکرێن و بۆ هەتا هەتایە لە فەوتان بپارێزرێن.

‏‎- بینا و شوێنی باشتریان بۆ دابین بکرێت. ئەو شوێنەی دەستنووسەکانی تێدایە، بەشێوەیەک بێت کە ڕەچاوی پلەی گەرما و سەرما و شێ بکرێت، لەپێناو زیاتر مانەوە و درێژکردنەوەی تەمەنی کاغەزەکان.

‏‎- کارمەندەکانیان خولی ڕاهێنانیان بۆ بکرێتەوە و سود لە ئەزموونی وڵاتانی تر وەربگرن.بەمەبەستی هاندانیان دەرماڵەی مەترسییان بۆ خەرجبکرێت

‏‎- سەنتەرێکی توێژینەوە دابمەزرێت، کە لە کەسانی پسپۆڕ

‏‎پێکهاتبن و توێژینەوە لەسەر ئەو بەڵگەنامە و دەستنووسانە بکەن.

‏‎تێبینی: بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم باسەم لە بەڕێزان؛ بەڕێوەبەر و لێپرسراوی بەشەکان و کارمەندەکانی کتێبخانەکە وەرگرتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP