دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 01/12/2022

داتاو ژمارە مەترسیدارەکانى زۆنى سەوز لە دۆخی خراپی ئازادی ڕادەربڕینەوە تا هەوای گەڕانەوەى دوو ئیدارەیی

بەپێی راپرسییەك كە لەلایەن رێكخراوێكی ئەمریكی بەناوی پڕۆژەی ئازادیی رۆژنامەگەریی (PFP)ەوە ئەنجامدراوە، چەندین بابەتى سەرنجڕاکێش خراوەتە بەردەست، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە لاسەنگی لە دیاریکردنى ڕوبەرى جوگرافی ڕاپرسییەکەدا هەیە کە بە شێوەیەکی گشتى (یەکێتى نیشتمانى کوردستان – بەشداری تەواوەتى کابینەى نۆیەم و حکومەتى هەرێمی کوردستان و دەستڕۆشتووى ناوچەکە) لێی بەرپرسیارن، بەڵام لە داڕشتنى فۆرمەکەدا (پارتى دیموکراتى کوردستان) خراوەتە نێو بژاردەکانەوە ئەوە لە کاتێکدا کەپارتى دەسەڵاتى هیچ شتێکی نییە و تەنانەت لەو سنورەدا حساب بۆ بریارەکانى حکومەتیش ناکرێت، چ جاى بگات بەوەى بەرپرسیارێتى بخرێـتە ئەستۆ.

رێكخراوی پڕۆژەی ئازادیی رۆژنامەگەری ئەمریكی (PFP) كە بنكەكەی لە واشنتۆنە، راپرسییەكی گشتگیریی لەبارەی ئازادیی رادەربڕین و باری ئەمنی و ئیداریی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ئەنجامداوە كە ماوەی 72 کاتژمێر بەردەوام بوە لە لەكاتژمێر 10:00 رۆژی چوارشەممە 16/11/2022 تا  كاتژمێر 10:00 رۆژی شەممە 19/11/2022.

بە پێى ڕاپۆرتى کۆتایی راپرسییەكە ، کارەکە بەهاوکاری تیمێكی پسپۆڕ لە هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە (بە بێ ئەوەى باس لەو پسپۆڕانە بکرێـت کێن و پاشخانى سیاسی و ڕێکخراوەییان چییە) و 3 هەزارو 57 كەس بەشدارییان تێدا كردوە.

بەگوێرەی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، دۆخی ئازادیی رادەربڕین لە سلێمانی لە پاشەكشەدایە و زۆربەی بەشدارانی راپرسییەكە لەگەڵ ئەوەدا بون كە دۆخی ئازادیی رادەربڕین لە سلێمانی، لە دۆخێكی خراپدایە، بەشێوەیەك كە لەسەدا 25ی بەشدارانی راپرسییەكە دۆخی ئازادیی رادەربڕینیان بە خراپ و لەسەدا  24.9 یش بە زۆر خراپ زانیوە، خۆ ئەگەر ئەو دوو ڕێژەیە کۆبکرێتەوە مەترسیداریی دۆخەکە باشتر ڕوندەبێـتەوە ئەویش بەم شێوەیە (25+24.9=49.9) ئەوەش تەنها پۆینتێکی دەمێنێت بۆ نیوەى تەواوى بەشداربوان کە پێیانوایە دۆخی ئازادی ڕادەربڕین لە سلێمانیدا لە پاشەکشەدایە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا پاشەكشەی ئازادی لە سلێمانی كەی دەستی پێكردوە؟ لەسەدا  40.6ی بەشداربوانی راپرسییەكە پێیانوایە لەدوای روداوەكانی 8ی تەموزی 2021 ی نێو یەكێتی ولادانى لاهورجەنگی هاتوەتە ئاراوە و لەسەدا  35.4یشیان پێیانوایە لەدوای دەستبەكاربونی مەسرور بارزانی لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستی پێكردوە زۆرینە لەگەڵ ئەوەدان کە لە دواى ڕوداوە ناوخۆییەکانى یەکێتى و هەڵکوتانە سەر میدیاکانى لاهور جەنگی هاتونەتە کایەوە و تاک لایەنە بڕیاردان و قوڵبونەوەى کێشەى باڵەکانى ناو یەکێتى دۆخەکەى هێناوەتە ئاراوە.

لیژنەی داکۆکی لەئازادی رۆژنامەنوسان لە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بەیاننامەیەكی لەسەر دۆخی ئازادی رۆژنامەوانی لەپارێزگای سلێمانی ڕاگەیەنراوێکیان بڵاو كردۆتەوە و تێیدا هاتوە، ماوەیەکە هەڵمەتێکی ترسناک و فۆڕمێکی ترسناکی پێشێلکاریی بەرانبەر رۆژنامەنوسان لەپارێزگای سلێمانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەبینرێت، کە بریتیە لە رفاندن و دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەرماڵی رۆژنامەنوسان، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەى دۆخەکە بەیاننامەکە باسی لەوەش کردووە کە ئەگەر دۆخەکە کۆتایی پێنەهێنرێت ناچاردەبن ڕای گشتى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى لێ ئاگادار بکەنەوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ ئەمە یەکەمجارە ڕای گشتى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە دۆخى ناجێگیری سلێمانى ئاگادار دەکرێنەوە؟ ئاخۆ هەلوێستى ئەوان چی بوەو لە داهاتوشدا چی دەبێت؟ یان یەکێتی و دەزگا ئەمنیەکانى ئەم سنورە تا چەندە بایەخ بەو بابەتانە دەدەن؟

هەر بەپێی ئەنجامەكانی راپرسییەكە، لەسەدا 50.8ی بەشداران پشتیگرییان لە دوئیدارەیی كردوە و لەسەدا 49.2یشیان لەگەڵ دوئیدارەیی نین، ئەگەر سەرنج لە ڕوبەرى جوگرافى ڕاپرسییەکە بدرێت و بونى دەسەڵاتێکی دیاریکراو لەو سنورەى کە ڕاپرسییەکەى تێدا ئەنجام دراوە و هەبوونى ئەو پۆپۆلیستییەى کە بەرقەرارە، دەگەینە ئەو ڕاستییەى کە ئەو جیاوازییە کەمەى لە نێوان ئەو دوو ژمارەیەدا هەیە شتێکى ئەو تۆ نییە لە بەر ئەوەى ئیدارەدانى خراپی ناوچەکە ئەو وەهمەى لاى خەڵکى ئەو سنورە دروستکردوە ئەگینا (50.8-49.2= 1.6). دەکات و ڕێژەکەش هێندە کەمە کە شایانی هەڵوێستە لەسەرکردن نییە، خۆ ئەگەر ڕوبەرى ڕاپرسییەکە فراوانتر بوایە و پارێزگاکانى ترى هەرێمی کوردستانى تێدابوایە، گومانى تێدا نییە ڕێژەکە هێندە شایانى باس نەدەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا گومانى تێدا نییە کە یەکێتى و ئیدارەدانى لەناوچەکەدا و ماکینەى ڕاگەیاندنە ڕاستەوخۆ و سێبەرەکانى بەدرێژایی کابینەى نۆیەم  لەکاردا بوون بۆ لەمپەر دروستکردن و ناشیرینکردنی.

زۆرینەی بەشدارانی راپرسییەكە ئەدای یەكێتییان لەناو حكومەت و ئیدارەی سلیمانی بە خراپ ناوبردوە، بەشێوەیەك كە لەسەدا 44.4ی بەشدارانی راپرسییەكە پێیان وایە ئەدای یەكێتی لەناو حكومەت و ئیدارەی سلێمانی زۆر خراپەو لەسەدا 29.4یشیان پێیانوایە خراپە و کۆکراوەى ئەو دوانەش هێندەى تر دۆخى یەکێتى لەناو حکومەتدا نیشان دەدات ئەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتدارترین کەسی ناو یەکێتى نوێنەرایەتى دەکات کە قوبادی کوڕی مام جەلالە و بافلی براشی بەو پەڕی تواناوە پشتگیریی دەکات، ئاخر ئەو رێژەیە مەترسیدارە ئەگەر هەردوکیان کۆبکرێنەوە (44.4+29.4= 73.8) و زۆرینەی بەشدارانی راپرسییەكە ئەداو كارەكانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانیان بە خراپ زانیوە.هەربۆیە دوو نیە تۆرانەکەى قوباد تاڵەبانی لە کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران بۆ شاردنەوە یان ئەستۆپاکی بێت و هیچى تر.

بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە لەسەدا 57.2ی بەشداران وتویانە، بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان ناكەن لەكاتێكدا لەسەدا 42.8 وتویانە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا دەكەن.

سەبارە بەو لایەنەی كە دەنگی پێدەدەن لە هەڵبژاردنی داهاتودا، بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە دەنگەكانی یەكێتی و نەوەی نوێ لە سلێمانی لەیەكدییەوە نزیكن بەشێوەیەك كە لەسەدا 25.1ی بەشدارانی راپرسییەكە وتویانە دەنگ بە یەكێتی و لەسەدا 24.6 وتویانە دەنگ بە نەوەی نوێ دەدەن ئەوەش مانایەکی دیکە، یان ڕاستتر ئاراستەکردنێکی دەست ئەنقەست، یان ماناداری تێدایە کە ئەگەر کەسێک لە یەکێتى نیگەران و توڕەبێت با دەنگەکانى بە نەوەى نوێ بدات چوونکە ئەوانى دی، چ ئیسلامیەکان و چ گۆڕان لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە.

خۆ ئەگەر سەرنج بخرێتە سەر کۆتا خاڵی ڕاپرسییەکە دەگەینە ئەو بڕوایەى کە ئاراستەکردنێکى سەیر لەم ناوچەیدا هەیە بەو پێیەى لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کام کەسایەتى دەتوانێت دۆخی سلێمانى و هەڵەبجە پێشبخەن، لاهوری شێخ جەنگی (کە هیچ پۆستێکی حیزبی و حکومی نییە و تواناى بەرگریی کردن لە خۆی نییە) کەچی ( 43.5%) بەشداربوان دەنگیان پێداوە بەدواى ئەودا شاسوار عەبدولواحید (19.5%) و بافڵ تاڵەبانى (18.1%)  و ئیتر خۆتان سەرپشک بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP