دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 26/11/2022

بۆچى خیانەت گەورەترین مەترسییە؟

خیانەت وا پێناسە دەكرێت كە پێشێلكردن یان هەڵوەشاندنەوەی پەیمان و ئەمانەتێكە كە دراوە، یان لەدەستدانی بڕوا و متمانەیەكە كە لە ئەنجامی ململانێیەكی دەروونی و سیاسی و بەرژەوەندی ئامێزەوە سەرهەڵدەدات لە پەیوەندییەكانی نێوان تاكەكان یان ڕێكخراوەكان و خیانەت ڕوودەدات لەكاتی هاوكاریكردنی یەكێك لە كێبڕكێكارەكاندا یان هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی كە پێشتر لەسەری ڕێکكەوتوون لەنێوان دوولایەندا.

كەسی خائین واناوزەد دەكرێت كە كەسێكی لەپشتەوە لێدەر و ناپاكە و کوردیش دەمێکە خیانەتى بە خەنجەر لێدان لە پشتەوە ناوزەد کردووە . تێگەیشتن لە چەمكی خیانەتیش وەكو هەموو چەمكەكان بەگۆڕانی سیستەمە سیاسیەكان و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگا و دەوڵەت گۆڕانی بەسەردا هاتوە، ئەوەتا لە سایەی سیستمە تاكڕەوەكانەوە لە كۆن و ئێستاشدا، لە ڕووی سیاسیەوە وشەی خیانەت بەمانای لكاندنی تۆمەت بۆ نەیارە سیاسیەكان لە دەوڵەتدا دەگەیەنێت بۆ ئەوەی ناویان بزڕێنرێت و حوكمبدرێن بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا،

بەڵام لە سایەی سیستەمی دیموكراسیە نوێكاندا كە دەوڵەت بۆتە كەسایەتیەكی یاسایی جیاكراوە لە كەسی دەسەڵاتدار، دەسەڵاتدار بۆتە ئەو كەسەی كە ئەركی پاراستنی ئەو دەوڵەتەی پێسپێردراوە، هەرچەندە لێپرسراو نیە وەك تۆمەتبار وەكو بنەما بەڵام بەرپرسیارە لە تاوانەكانی خیانەتی گەورەو دەبێت بێ ئاگانەبێت و لە بەردەم هەر ئەگەرێکدا هەڵوێستى ڕوون و ئاشکراى هەبێت.

هەربۆیە چەمك و مانای خیانەت بریتیە لە ( ڕێزنەگرتنی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەكی دەوڵەت، پیلانگێڕیی لەدژی مافە ڕەواكانی گەل، تەسلیمكردنی هەموو یان بەشێکی وڵات بە دوژمن، دروستكردنی دۆخێكی فەوزا و بێسەروبەریی كە ڕێگەخۆشكەربێت بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی بێگانە لە كاروباری وڵاتدا، كە ئەم تاوانانە وەك تاوانی ئاسایی سەیرناكرێن كە بەپێی یاسا ئاساییەكان سزایان بۆ دیاریكراوە بەڵكو دەچنە چوارچێوەی تاوانی تایبەت و گەورەوە)، هەربۆیە فەرەنسییەکان پاشاى وڵاتەکەى خۆیان لەسێدارە دا.

لەنێو جۆرەكانی خیانەتدا، خیانەتی نیشتیمانی بە (خیانەتی گەورە) ناوى براوە کە:بریتیە لە هاوكاریكردن و دەستێكەڵاوكردن لەگەڵ دوژمندا بەمەبەستی شێواندنی ئاسایش و ئارامی وڵات و پەیوەندیكردن بە وڵاتانی دوژمنەوە بۆ دركاندنی نهێنیە مەترسیدارەكانی وڵات، ڕێگریی لە پێشخستنی وڵات و پارێزگاری لێنەكردنی.شەڕكردن لەپاڵ دوژمندا دژی وڵاتەكەی خۆی، یان پلاندانان بۆ تیرۆركردنی سەرۆك یان بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکەى لە بەرژەوەندی ئەوان، ئەمە چەند نمونەیەكی خیانەتی گەورە بوو كە سزای ئاساییان بریتین لە سێدارەدان یان بەندكردن بۆ هەتاهەتایە، وكەسێك كە خیانەت بكات پێی دەوترێت خائین(ناپاك).

هەربۆیە مەسرو بارزانى (سەرۆکی حکومەتى هەرێمی کوردستان) لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لەدهۆک (خیانەت)ى بە گەورەترین مەترسی لەسەر کورد دانا (چ وەک نەتەوەو چ وەک قەوارەی هەرێمی کوردستانیش ) چوون ئەگەر خیانەتى ناوخۆیی لە ئارادا نەبێـت هەموو بابەتەکانى دیکە ئاسانن و دەتوانرێت تەجاوز بکرێن لەوانەش : کەمی خزمەتگوزاریی، چاکسازییە دارایی و کاگێرییەکان، سەروەریی یاسا، پاراستنى سنورەکان ، ڕێکخستنى کارى فرەحیزبی و ئەوانی تریش.

ئەگەر چاوێک بە مێژووى دورو نزیکی نەتەوەکەماندا بگێڕین بۆمان دەردەکەوێت کە لە هەموو قۆناغەکاندا ناپاکی و خیانەت (بە زانین بوبێت یان نەزانین) مەترسییە گەورەکەو ڕێگرە سەرەکییەکە بوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و سەرەکی ترینیش تۆڵەکردنەوە، کەمتوانایی و جارى واش هەبووە لەنێو خوێن و دەمارەکانى کەسی ناپاکدا پاڵنەرە سەرەکییەکانى خیانەتکردن بوون. لەلایەكی ترەوە تاكی كورد و تەنانەت كۆمەڵگای كوردەواریش بە سەركردە و تاكی ئاساییشەوە،هێندە لەمێژووی خۆیاندا خیانەت و وشەی خیانەتیان دووبارە كردۆتەوە، ئاسایی بونەتەوەو تەنانەت کاریگەری قورسیش لەسەر کەس و کۆمەڵگەش دروست ناکات ، هەربۆیە كاری خیانەتكردن لە نیشتیمان و نەتەوە وخەباتی كوردایەتی ئەنجامدەدرێت، ئیتر لەلایەن تاكەكانەوە یان سەركردە و حیزبەكانەوە بێت دژ بە بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان ونەتەوە و زۆر جارانیش شانازی پێوەدەكرێت و دەكرێنە دەسكەوت و وای پیشان دەدەن كە سەركەوتنیان بەدەست هێناو. خیانەتکاران دۆزی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كوردیان بۆ دواوە گێڕاوەتەوە و هەربۆیەشە تا ئێستا كورد (کە تاكە نەتەوەی گەورەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بگرە دونیاشدا)، نەبۆتە خاوەن وڵاتی سەربەخۆ.

هەربۆیە گومان دەکرێت ئەم خووە چەپەڵە دێرینەیەى کورد بۆ ئایندەش بەردەوام بێت، چونكە نە لێپرسینەوە و سزادان هەیە و نە لێكۆڵینەوەیەكی زانستی و واقعی و بێلایەن، نەك هەر لە خیانەت و خیانەتكاران بەڵكو لە هیچ كارەسات و شكستەكانیش نەكۆڵراوەتەوە كەبەهۆی هەڵەی بەناو سیاسی و سەركردە و هەندێک لەحیزبەكانەوە دژ بە گەلەكەمان كراوە، چونكە هەمیشە بەرژەوەندییە كەسی و بنەماڵەیی و حیزبیەكان زاڵتربون بەسەر ئینتیماو خۆشەویستی نەتەوە ونیشتیماندا هەربۆیە سەرۆکی حکومەت بە باشی دەرکی بابەتە مەترسیدار و هەستیارەکەی کردوەو خیانەتى لە هەموو کێشەکان بەگەورەتر ناو هێناوە و لە ڕاستیشدا شێرپەنجەى خیانەت لە هەموو قۆناغە مێژوییەکانى کورددا وەرەمە گەورەکە بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP