هەرێم نیوز
خانەوادەی حاجی مەزهەر کە لە 17 مانگەدا بەهۆی تەقینەوەی سیستمی غاز لە سلێمانی 15 ئەندامی خێزانەکەیان گیانیانلەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربون، رایدەگەیەنن، سوپاسی هەمو خەڵکی کوردستان و بەرپرسانی ئیداری و تەندروستی سلێمانی و هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دەمەوەهاتنیان و هیواداریشن هیچ کارەستێکی هاوشێوە لەهیچ شوێنی دیکە دوبارە نەبێتەوە.
خانەوادەی حاجی مەزهەر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەیان بەوەکرد، بەهۆی روداوەکەی شاری دهۆک پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەن و بۆ دەمەوەهاتنی خانەوادەکەشیان لە روداوەکەی سلێمانی، سوپاسی سەرجەم کەسایەتی، لایەنەکان، هاوڵاتیانی سلێمانی و مامۆستایانی ئاینی دەکەن.
ئەوەشیان خستوەتەڕو، سوپاسی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دەکەن کە هاوکار و هەماهەنگی ئەوان لەگەڵ هاوڵاتیان، وایکرد روداوەکە بە زیانێکی گیانی کەمتر کۆتایی پێبهێنرێت و ئەگەر هاوکاری خەڵک نەبوایە ژمارەی قوربانییەکان لەوەی ئێستا زیاتر دەبون، کە 15 ئەندامی خێزانەکەیان گیانیانلەدەستداوە و شەش کەسی دیکەش برینداربون.
خانەوادەی حاجی مەزهەر دەڵێن، لە ئەمڕۆوە پرسەی گشتی کۆتایی پێدەهێنرێت و لە هیچ شار و شارۆچکەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان پرسە دانانرێت.