دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

ئەمریکا چەند بەرپرسێکى ئێرانیى خستە لیستى ڕەشەوە

هەرێم نیوز

ئەمریکا هەریەک لە پارێزگاری سنە و فەرماندەی پۆلیسی سنە و فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی ئێران، بە تۆمەتى پێشێلکاری مافی مرۆڤ، خستە لیستى ڕەشى سزاکانییەوە.

براین نێڵسۆن بریکاری وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند، حوکمەتی وڵاتەکەی سێ بەرپرسی ئەمنی ئێرانی کردووەتە ئامانج تاوەکو سزایان بەسەردا بسەپێنێت بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی چەندین مانگە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ناوچەکانی ئێران بەرێوەدەچێت.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو بەرپرسانەی خراوەنەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا بریتین لە عەلی ئەسغەر پارێزگاری سنە و عەلی رەزا فەرماندەی پۆلیسی سنە و محەمەد تەقی فەرماندەی هێزە زەمینییەکای سەر بە سوپای پاسداران لەو شارە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو گەنجانە دەکوژێت کە لەسەر شەقامەکان داوای داهاتووەیەکی باشتر دەکەن و ئەو دەستدڕێژیانەی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەکرێتە سەر خۆپیشاندەران پێویستە رابگیرێت.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە هەفتەی رابردوو حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر چەند دەسەڵاتدارێکی باڵای رێکخراوی راگەیاندنی حکومی ئێران سەپاند و ئەمریکا بەوە تۆمەتباری کردن کە ڤیدیۆی دانپێدانانی چەندین خۆپیشاندەریان لە ژێر فشاردا بڵاوکردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP