دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 23/11/2022

عێراق بەرەو تونێلە تاریکەکە هەنگاو دەنێت.. کاریگەرییەکانی کەش وهەوا لەسەر عێراق و ناوچەکە

کاریگەرییەکانی کەش وهەوا لەسەر عێراق و ناوچەکە

عێراق کەوتوەته سەرڕێگەیەک کە ئەگەر وابڕوات و بەم دارو پەردووەی ئێستاوە بچێتە پێشەوە، مەترسی و هۆشدارییە پێشوەختەکانی بانکی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان سەبارەت بە وشکە ساڵی و بە بیابان بوون و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا دەبنە هەڕەشەی جدی و ڕاستەقینه.

راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی تایبەت بەکاریگەرییەکانی کەش و هەوا باس لەوە دەکات لەعێراق و چەند وڵاتێکی تری ناچەکەدا لەهەر دە هاوڵاتی شەشیان بێ ئاو دەمێننەوە، ئەوەش بەومانایە دێت کە نیوەی هاوڵاتییان زیاتر تینوو بێ ئاو دەمێننەوە.. نەتەوە یەکگرتوەکانیش پشتڕاستی ڕاپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتییان کردوەتەوە و ڕایانگەیاندووە گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا کاریگەریی زۆریان کردوەتە سەر عێراق و بەوپێیەش بڕوات دیمۆگرافیای وڵاتە دەشێۆێنێت، لەلایەک دیاردەی بە بیابان بوون نیوەی زیاتر لە خاکی عێراق دەگرێتەوە و ساڵانەش ۳٥۰ هەزار خێزان گوندەکان بەجێدەهێڵن و ڕوو لەناوەندی شارەکان دەکەن بە تایبەتی لە پارێزگاکانی بەسرە، میسان، زیقار و موسەننا و جوتیارەکانیش توانای وەبەرهنانی کشتوکاڵیان نەماوە..

بەو پێیەش عێراق لە ڕیزبەندی پێنجەمی وڵاتانی مەترسیدایە. هۆکارەکانی دیاردەی بە بیابانبون و کەمبونەوەی ئاو چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانەش:

۱.بەرزبونەوەی پلەی گەرما، هەرچەندە دیاردەی بەرزبونەوەی پلەی گەرما جیهانییە، بەڵام کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق زۆرترە لەبەر ئەوەی دیاردەی بە بیابانبون و وشکبونی سەرچاوە ئاوییەکان هاوکاری بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمان.

۲. کەمی ڕێژەی باران بارین یەکێکی ترە لە هۆکارەکان، لەبەر ئەوەی ماوەی چەندساڵێکە بە ئەندازەی پێویست باران لە عێراقدا نەباریوە بوەتە هۆی کەمبونەوەی ئاوی سەرزەوی و وشکبونی سەرچاوە ئاوییەکان و لەوڕێگەیەشەوە کشتوکاڵ، ڕوبەری سەوزایی، دارودرەخت و دارستانە سروشتی و دەستکردەکان ڕوویان لەکەمی کردووە.

۳. بەو پێیەی زۆرینەی ڕەهای ئاوی عێراق لە سەرچاوە دەرەکییەکانی هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێرانەوە دابین دەکرێت و ئەو دوو وڵاتەش بەشێکی زۆری ئاوەکان دەگرنەوەو پرۆژەی بەنداوی گەورەیان لەسەر ڕێڕەوی ڕوبارەکان پێش لەوەی بگەنە عێراق دروستکردووە، بوەتەهۆی دابەزینی ئاوی هەردوو ڕوباری دیجلە و فورات و ئاوی بەنداوەکانی موسڵ، حەبانیە، دوکان و دەربەندیخان و ئەوانی تریش.

ئەوەش بوەتە هۆی دابەزینی زیاتری ئاوی ژێر زەوی و وشکبونی زیاتری سەرچاوە ئاوییەکان.. بەرپرسانی عێراقیش لەبەر دۆخی ناهەموار وناسەقامگیری وڵاتەکەیان توانای پێداگیری و داواکردنی ئاویان لەو دوو وڵاتە نیەو هەرکاتیش بیانەوێت ڕێککەوتنێک لەوبارەیەوە ئەنجام بدەن، لە پێگەیەکی لاواز و دەرونێکی ڕوخاوو شەرمنەوە واژۆ لەسەر ڕێککەوتنەکان دەکەن و،بێگومان بەزیانیشەوە لێی دێنە دەرەوە. هەر بۆیە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆ نادەن بەدەستەوە... شارەزایان پێیان وایە دەبێت پێش لەوەی کێشەکان بگەنە کۆتایی مەبەست و نەتوانرێت چارەسەر بکرێت، دەبێت ئەولەویەتی حکومەتی عێراق ببێتە خەمی ئاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەواو وشکەساڵی ئەویش بە گرتنە بەری چەندڕێگەیەک لەوانەش:

۱. دروستکردنی چەندین بەنداوی گەورە، مامناوەند وبچووک. و پشت بە بانکی نێودەوڵەتیی ببەستێت بۆ دابینکردنی بودجەکانیان، لەلایەکی تریشەوە بانکی نێو دەوڵەتی بڕی ۳۲ ملیار دۆلاری بۆ ئەو هاوکاریی ئەو وڵاتانە تەرخانکردووە، هەرچەندە ڕێژەیەکی ئەوتۆی بەرعێراق ناکەوێت، بەڵام دەستبارێکی باش دەبێت ودەکرێت سودی باشی لێوەربگیرێت.

۲. گفتوگۆی جدی لەگەڵ ئێران و تورکیا بکرێت بە ئامادەبوونی نەتەوە یەکگرتوەکان بە جۆرێک زیان لە عێراق نەدات، لەبەر ئەوەی ڕێڕەوی ئاوەکان سروشتین و مافی تەنها وڵاتێک نییە و ئەو سەرچاوانە مافی هەموو ئەو هاوڵاتیانیە کە دەکەونە بەردەمڕێڕەوی ڕوبارەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێککەوتنە نێو دەوڵەتییەکان ئەکتیڤ بکەنەوە.

۳. ڕۆڵی میدیا کارا بکەن بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاوو ڕێگریی بکرێت لە زیادەڕۆیی و هەرکەسێک پابەند نەبوو سزای توند و قورس بدرێت لە لایەکی تریشەوە ماوەیەک پێش ئێستا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیش ڕایگەیاندووە مەترسییەکی گەورە ڕوی لە عێراق کردووە و کۆی گشتی گلدانەوەی ئاوی عێراق ۱۲٪ کەمیکردووە...

سەرەڕای هەموو ئەو ڕاستی و هەواڵە پڕ لەمەترسییانە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی بەرپرسانی عێراق بەجدیی وەریاننەگرتووە؟ ئەگەر ئەم هەواڵە مەترسیدارانە ڕووی لە هەر وڵاتێکی تر بکردایە ئێستا بەگەورەو بچوک،سیاسی و خەڵکی ئاسایی، دەسەڵات و ئۆپۆزسێنەوە کەوتبوونە دۆخی ئاگاداریی سوور و بەهەموان کاریان بۆ ئەوە دەکرد عێراق نەچێتە نێو ئەو تونێلە تاریکەوە کەکەس نازانێت ئەوسەرەکەی کوێیە و کەی لێی دەچنە دەرەوە..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP