دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

ئیلۆن مەسک ئەکاونتەکەی ترەمپی لە تویتەر کردەوە

هەرێم نیوز

ئیلۆن مەسک رایگەیاند، هەژماری تویتەری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دووبارە کراوەتەوە و ترەمپیش دەڵێت، "هیچ ئارازوویەکی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە نییە."

ئیلۆن مەسک خاوەنی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لە ١٨ی ئەم مانگە لە تویتەر، لەژێر ناونیشانی "ئایا ئەکاونتی ترەمپ بگەڕێتەوە؟" دەستی بە راپرسییەک کرد.

مەسک لە پەیامێکدا نووسیوویەتی، "خەڵک دەنگی داوە، هەژمارەکەی ترەمپ بگەڕێتەوە و دەستەواژەی لاتینی"Vox Populi, Vox Dei"ی کە بە واتای "دەنگی گەل، دەنگی خودایە" دێت بەکارهێناوە .

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، هیچ ئارەزوویەکی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ تویتەر تەنانەت لەکاتێکدا زیاتر لە نیوەی بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە دەنگیان دابوو بە گەڕاندنەوەی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تویتەر رایگەیاند کە لە نۆی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە هەژماری سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان بۆ هەمیشە راگرتووە کە دوای هێرشکردنە سەر کۆنگرێس لە شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ داخرابوو.

ئەو کاتە تیمی ئەمنی تویتەر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردبووەوە، "دوای ئەوەی بەوردی لێکۆڵینەوە لە پەیامەکانی ئەم دواییەی ترەمپ و ئەو کاردانەوانە کرا کە بەهۆی ئەو پەیامانەوە هاتنە کایەوە، بەهۆی مەترسی هاندانی توندوتیژی زیاترەوە، ئەم هەژمارەمان بۆ هەمیشە راگرت".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP