دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 19/11/2022

سالار مەحمود :هەوڵەکان بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد هەوڵی ستراتیژی و نیشتیمانی نین

ئا: بەهەست بەختیار- سلێمانی

سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دەربارەی بە نێودەوڵەتی کردنی تاوانی جینۆساید دەڵێت، تاوانی جینۆساید تاوانێکی نێودەوڵەتییە و یاسای نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاراستنی، ئەمەش ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەکانە بەتایبەت ئەوانەی سەرپەرشتی سەروەری دەوڵەتەکان دەکەن بە نموونە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش.

سالار مەحمود، سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان تایبەت بە هەرێم نیوز دەڵێت، کاتێک دەوڵەتێک ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتوانێت ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی و یاسای ناوخۆی لە ڕووی مافی مرۆڤەوە بگرێت، ئەوکاتە دەبێتە ئەرکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە لە جیاتی دەوڵەتەکە سەروەری وڵاتەکە بپارێزێت و ڕێز لە دانیشتوانەکەی بگرێت.

دەشڵێت: لە ئێستادا ، کورد لە بەردەم جینۆسایدێکی نوێدایە لە چەند ئاستێکی جیاواز، ئەم مەترسیەش دەبێتە بانگەوازێکی گشتی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان بە حکومەت و پەرلەمانیشەوە، چونکە زەمینە لە بارە بۆ جینۆساید کردن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا ناوچەکە بۆتە جێگای ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان عێراق و تورکیا ئەمەش زەمینە دەرەخسێنێت بۆ مەترسی جینۆسایدێکی تر لەسەر ئیزێدیەکان و ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنییە کە پارێزگاری لە هەوڵاتیان بکات.

وتیشی،  کوردستان پێویستی بە کەمپینێکی نێودەوڵەتی نوێ هەیە و دەبێت تێکگەیشتنێکی ناوخۆی دروستبێت،دەبێت هاوڵاتیان هۆشیاربکرێنەوە و ئەوتاوانانەی بەرامبەرمان کراوە بناسین و لە ناوەندەکانی خوێندن پڕۆگرامی تایبەت دەربارەی جینۆسایدی کورد بخوێندرێت و گرنگی پێبدرێت.

ڕونیشیکردەوە، هەوڵەکان بۆ ناساندنی جینۆسایدی كورد  لەسەر ئاستی جیهان  هەوڵی تاکە کەسین و هەوڵی ستراتیژی نیشتیمانی نین، هەرچەندە هەوڵی تاکە کەس هەوڵی ڕێزلێگیراوە و لە ئاستی گشتی و نیشتیمانی دا، بەڵام هیچ هەوڵێک ناگاتە هەوڵی گشگیر کە دەسەڵاتە گشتیەکانی وەک و پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم دەیدەن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP