دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

پەیامی پشت هێرشەکان نەهێشتنى مەیلى بەغداد بۆ چارەسەری کێشەکانى لەگەڵ کورد

بۆ جارێکیتر ئێران هێرشەکانى بۆ سەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانى خۆی لەنێو هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە، لەبەرامبەریش دا وەک پیشەی هەمیشەیی عێراق ئیدانەى هێرشەکانى کردەوە و لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، لە ئاستى باڵادا ڕێگەى دبلۆماسی دەگرنە بەر، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە عێراق جگە لەو بەیاننامانەى دەریان دەکات و بانگهێشتى باڵیۆزی ئێران چى تری پێدەکرێت لە کاتێکدا بە بێ ئێران ناتوانێت هەنگاوێک بنێت؟

ئاخۆ ئەو هێرشانە پەیامێکی پێش وەختە نییە بۆ محەمەد شیاع سودانى کە لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەو سنورە دەرنەچێت کە ئەوان دەیانەوێت و نەگاتە ئەو ڕادەیەی کە هەرێمى کوردستان تەمەناى دەکات؟ یان ئەمە بیانوویەکە بۆ ئەوەى چاوی میدیاکان لەسەر خۆپیشاندانەکان دووربخاتەوەو تاوانەکە لەخۆی دوربخاتەوەو بڵێت ئەوەى دنەى بارودۆخەکە دەدات ئۆپۆزسیۆنە نەک نیگەرانى شەقامی ئێرانى ، ئەوە لەکاتێکدا لە کۆمەڵێک شار و شارۆچکە خۆپیشاندان دەکرێت کە رۆژێک لە رۆژان لەگەڵ دۆزی کورددا نەبوون و نەیانبیستوە زڕگوێز دەکەوێتە کوێوە کۆیەش چەند کیلۆمەتر لە سنورەکانى وڵاتەکانەوە دوورە؟

سەرلە بەیانى رۆژى دووشەمە 14 تشرینى دووەمى 2022 بۆ جارێکی دی، ئێران لە ڕێگەى فڕۆکەى بێفرۆکەوان وموشەکی دورهاوێژەوە چەند ناوچەیەکی بۆردومان کرد و بوە هۆی شەهید بوونى دوو پێشمەرگە و بریندار بوونى چەند کەسێکی دیکە، ئەمجارەشیان کۆیە و زڕگوێز کەوتنەوە بەرهێرشەکانى ئێران.

بەپێى ڕاپۆرتێکی پێگەى ئەلیکترۆنی (تەسنیم) ى سوپاى پاسداران کۆیە لەڕێگەى موشەکی دوور هاوێژو زڕگوێزیش لە ڕێگەى فرۆکەى بێفرۆکەوانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لە ڕاپۆرتەکەى تەسنیمدا سەبارەت بە هەرێمی کوردستان هاتوە هەندێک لە بەرپرسانى هەرێم بە نەشارەزایی و هەندێکی تریان دەست ئەنقەست هاوکارى دژبەرەکانى ئێران دەکەن کە چەند ساڵێکەى لە هەرێمی کوردستان پەنادراون، هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە سەرەڕای هۆشداریی و ئاگادارکردنەوەى بەرپرسانى هەرێمی کوردستان کە ئۆردوگاکانیان دابخەن و چەکیان بکەن، تا نەبنە هۆی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی خەڵکی عێراق، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداریی و کاریگەر لەو بارەیەوە نەنراوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا کە بەناوى پەیامی سوپاى پاسدارانەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە: جارێکی دیکە لە بەرپرسانى باڵای حکومەتى ناوەند و هەرێم داواکارین بۆ پاراستنى دراوسێیەتى باش و بەرقەراریی ئاسایشی سنورەکانى هەردوو وڵات بەو پەیمانەى کە داویانە بە حکومەتى ئێران بیبەنەسەر و جێ بەجێی بکەن بۆ ئەوەى زیان بە هاوڵاتیانى هەردوو وڵات نەگات و ڕێگری لە کارى تێکدەرانە بگیرێت.

ئەوەى کە باسکرا پەیامی سوپاى پاسداران قەرارگاى هەمزەیە کە کاروبارى عێراق لە ڕێگەى ئەوانەوە بەڕێوە دەچێت، هەرچی هەرێمى کوردستانیشە تا ئێستا رێگەى نەداوە بە هیچ لایەنێکى ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە چەکدارەکانیان ببنەوە ناو ئێران و ڕێگری لە هەموو کردەوەیەکی سەربازییان کردووە ، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئەو دۆخەیان بە باشی هەڵسەنگاندووەو بەلەبەرچاوگرتنى ڕەوشی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لەو هەموو خۆپیشاندانەى ئێراندا لێرەوە بێدەنگیی سەربازییان هەڵبژاردوە و بەهیچ شێوەیەکی چەکداریی دەستێوەردانیان نەکردووە، هەرچەندە ئێران پاساوى درێژە کێشانی خۆپیشاندانەکان بە کارى ئەوان دەزانێـت.

بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە لە زۆر شوێن و جێگەى ئێران خۆپیشاندان لە دژى پێشێلکارى ئازادیی و مافەکانى مرۆڤ دەکرێت و بە سەدان کیلۆمەتر لە سنورەکانەوە دورەو بگرە هەر خۆشیان لە کورد نایەت، هیچ پەیوەندییەکی هاوسۆزیی یان نەتەوەیی و تەنانەت هاوسنوریش لە نێوانیاندا نییە، ئەى ئەوانە ناودەنرێت چی؟

بە پێى وتەى شرۆڤەکاران هۆکارەکانى ئەم هێرشانە (هەرچەندە مێژویەکی دورودرێژیان هەیە) بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە فشارەکانی ناوخۆ کەم بکاتەوەو لەبەر ئەوەى خۆپیشاندانەکان زۆر لەوە زیاتر درێژەیان کێشا کە ئەوان نەخشەیان بۆی هەبوو یان پێشبینییان بۆ کردبوو.

لە لایەکی تریشەوە دواى ئەنجامدانى هێرشەکان و بەیاننامەکەى سوپاى پاسداران حوسەینى یەزدان پەنا بە میدیایەکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانى ڕاگەیاندووە ئەگەر هەرێمى کوردستان بیەوێت چەک لە ئۆپۆزسیۆن دابماڵێت ئەوا ناچار خەباتى چەکداریی دەگوازنەوە بۆ نێوخۆی شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئەوەش هێندەى تر دۆخی خۆپیشاندانەکان بەرەو پێشەوە دەبات، کەواتە لەئەگەرى هەر گۆڕانکارییەکدا لەبەرژەوەندی ئێران نابێت

شرۆڤەکاران لەو باوەڕەدان خۆپیشاندانى ئەمجارە درێژەى دەبێت لەبەر ئەوەى دەستبردن بۆ زەوتکردنى ئازادی سنورێکی هەیەو سەردەمەکەش گۆڕاوەو تواناکانى ئێرانیش لەبەردەم ئابڵۆقەکانى ئێراندا خەریکە بەچۆکدا دێت ولەو ڕێگەیەوە دەیەوێت عێراق و هەرێمی کوردستان ناچار بکات کە هەمیشە گوێیەکیان لە تاران بێت و سەرچاوەیەکی بڕیاریان لە بەیتى شیعیەوە سەرچاوە بگرێت، ئەوە لە کاتێکدا کە محەمەد شیاع سودانى دەیەوێت کێشەکانى نێوخۆی عێراق بەرەو کەمبونەوە ببات و پەیوەندییەکانى لەگەڵ کورد ئاسایی بکاتەوە.

هەربۆیە ئەم هێرشانە بە پەیامێکیش دەزانن بۆ سودانى تا نەتوانێت ئەوەى دەیەوێت لەگەڵ کورددا ئەنجامی بدات بەو پێیەى لە بەرنامەدا هەیە شاندێکی هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد بکات و لە نزیکەوە باس لە ئەجێنداکەى بکەن و ڕێژەى بودجەى هەرێمی کوردستانیش بەرزبکرێتەوە بۆ 14% کە ئەوەش بوژانەوەیەکی زۆر باش دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP