دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 3 هەفتە

وەزارەتی دارایی لەبارەی ناردنی 200 ملیارەکە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، هەواڵی بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لەبارەی ناردنی 200 ملیار دینارەكە هەواڵی ناڕاستە.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چەند دەزگایەکی راگەیاندن هەواڵێکیان بڵاوکردوەتەوە کە گوایە ئاوات جه‌ناب نوری، وه‌زیری دارایی و ئابوری له‌ كۆبونه‌وه‌ی رۆژی دوشه‌ممه‌ دا به‌به‌ڕێوبه‌رانی وه‌زاره‌تی دارایی وتوه‌ كه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڕیاریداوه‌ له‌ ساڵی داهاتوه‌وه‌ ده‌ست به‌ ناردنه‌وه‌ی 200 ملیار دیناری به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستان بكاته‌وه‌. 

ئەوەش هاتوە، بۆ هەمو هاوڵاتیانی کوردستان رونیدەکەنەوە کە "تا ئێستا هیچ پەیوەندییەكی نوێ لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا نییە و نەبوە، هەروەها لە رۆژی دوشەممە هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وەزارەت نەكراوە."

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم دەڵێت، هەواڵی ناردنی 200 ملیار دینارەكەش هەواڵی ناڕاستە و وەزیری دارایی (ئاواتی شێخ جەناب) لێی بێ بەرییە، بۆیە تکا لە هەمو ناوەندەكانی هەواڵ دەکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری و هەواڵی دارایی  دروست پشت بە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی ببەستن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP