دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

ئامینا زیکری سەرکەوتن بە پلەکانى متمانەدا، ژنێک وەک ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى

بۆیەکەمجار لەمێژووی پارتیدا ژنێک دەبێتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ژنێک کەپێشینەیەکی زۆری هەیە و قۆناغ بەقۆناغ لەرێکخستنەوە دەستیپێکردووە، تا یەکێک لەبەرزترین پلەکانی بریوە..

ئامینا زیکری سەرکەوتن بە پلەکانى متمانەدا، ژنێک وەک ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى

 رۆڵی ژن لە مێژوى کورددا ڕۆڵێکى ئەرێنى بوە تا ئەو کاتەى کە بەدەستێکی دەرەکی و دوور لە خواستى کورد خۆی کەوتە نێوان بەرداشی ئیسلامیەکان و ئەو هێرشە ژیارییەى کە لە رۆژئاواوە سەرچاوەى دەگرت، ئیتر لێرەوە دۆڕدنگی و گومان و دوودڵی کەوتە نێو کۆمەڵگەى کوردی و گومان لەسەر رۆڵی ژنان دروستبوو، ئەگینا لە مێژوى دورونزیکی کورددا ژنانى کورد لە پێشەنگی کاروانەکەدا بوون و سەرکردە سیاسیەکانى لە نمونەى حەپسەخانى نەقیب، خانمی وەسمان پاشا، قەدەمخێر، و خانزادی میری سۆران لەو نمونە بەرجەستانەن و لە مێژوى نوێشدا خوشکە لەیلا و دەیانى تر بۆ هەتاهەتایە ناویان وەک شاهێدییەکی مێژویی ماوەتەوە.

بەڵام لەململانێى ئەو دوو هێزەدا کە لە پێشەوە ئاماژەمان پێکرد رۆڵی ژن کەوتە ژێر پرسیارەوە، بەشێک رۆڵی ژنانیان لە هاوشانى پیاوان و هاوکاریی هەمەلایەنەوە گێرایەوە بۆ نێو کونجی ژورەکان و پەروەردەکردنى منداڵ و کاری ناوماڵ و لەبەرامبەریش دا ژنانیان هێنایە سەرشەقام و لەبری ئەوەى هەردوکیان خزمەت بە ژن بکەن ، خۆیان بوونە کێشەیەکی تر، بەڵام بەهۆی ڕێکخراوە پەیامدارەکانى ژنانی هەردوولا توانرا ململانێکە هێوربکرێتەوەو هەردولا ڕەخنە و سەرنجەکان بەهەند وەربگرن و تا ڕادەیەکی باش ڕۆڵی شایستە بۆ ژنان بگێڕنەوە، بەجۆرێک لە نێو سەرکردایەتى حیزبەکاندا، لە نێو ڕێکخراوە ئیسلامیەکانیشدا ژنان رۆڵی بەرچاویان هەیەو لە پێشەنگدان،

ئێستاش لە وەرچەرخانێکی دیکەدا بۆ یەکەمجار ئافرەتێکی کورد دەبێتە ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتى و لەوەشدا دەکرێت ستایشی کۆنگرەى 14 ى ئەو پارتە بکرێت کە توانیویەتى ڕێگە بە سەرخستنى ئافرەتێک بدرێت بۆ هەستیارترین پۆستەکانى ناو ئەو پارتە کە مەکتەبی سیاسییە لەبەرامبەردا دەیان پیاو هەبون کە شانس یاوەریان نەبوو ،
هەر لەسەرەتاوە نەیانتوانی متمانەى کۆنگرە بەدەست بێهێنن ، کەواتە ئەمە دەبێت وەک وەرچەرخانێکی مێژویی بۆ ئەو پارتە تۆماربکرێت و ستایشی ئەو کەسانەش بکرێت کە بە دەنگێکیش بووبێت هاوکاریی پرۆسەکە بوون.

ئامینا زیکری وەك یەكەمین ئافرەت لە مێژووی پارتی دا بوەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی کە پێشتر لە بارەگای بارزانی کارى کردوە، بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و خۆی لەو بارەیەوە نوسیویەتی: ئەمڕۆ وەك یەكەمین ئافرەت لە مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان بوومە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و مایەی شانازیمە کە لەلایەن جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتیمان، متمانەی ئەوەم پێبەخشرا کە وەک یەکەمین ئافرەت لەمێژووی پارتی وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەستبەکار ببم. دەزانم لەبەردەم ئەرک و بەرپرسیاریەتێکی گەورەدام و ماندووبونێکی زیاتر لەڕابردوو چاوەڕوانیم دەکات،بەڵام بەڵێن دەدەم هەموو هێزوو وزەم بخەمە خزمەت ئامانجە باڵاکانی سەرۆک بارزانی و ڕێبازی ڕاستەقینەی بارزانی و عەدالەتی بارزان.

لێرەوە دەرفەتی ئەوە بخەمە ڕوو دەورو زەمان گۆڕاوەو هێزو ئامادەیی ژن لەکایەی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و ژن ئێستا لەناوەندی بڕیاری حزب و حکومەت پەرلەمان دەبینرێت و پارتی لە هەموو لایەک زیاتر باوەڕی بەم دۆزە هەیە کە ئەمە مایەی دڵخۆشییە. لە رونکردنەوەکەی ئامینەدا دەردەکەوێت کە بارەگاى بارزانى متمانەى تەواویان پێکردوە بۆیە ڕێگەیان بە کاندید بونەکەى داوە هەر لە سەرەتاوە ئەوەش بۆ پارتى کەوەک حیزبێکی بە پرانسیپ دەناسرێتەوە و بەرنامەى کارى دیارە جێگەى ئەوەیە ڕێزی لێبگیرێت و ئەو وەرچەرخانە بەهەند وەربگیرێت کە نمونەى هاتنە پێشەوەى ئافرەتان لە 13 کۆنگرەى پێشوودا وێنەى نەبووە.

جگە لەوەش ئاماژەى بەوە داوە کە کایەى کارکردنى ئافرەتان لە روانگەى سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتى و حکومیدا گۆڕانى بەسەردا هاتوەو لەو بوارەشدا پارتى قسوری نەکردووە و لە کۆتایشدا نوسیویەتى : پارتى لە هەمولایەک زیاتر باوەڕی بەم دۆزە هەیە کە ئەمە مایەى دڵخۆشییە. ئامینا پێشینەى کاری هەبوەو لە بوارى جۆراوجۆردا و بە هەوانتە نەگەشتوەتە ئەو پلە باڵایە ئەوانیش بریتین لەمانە: لە ساڵی 2001 تا 2006 ئەندامی سەرکردایەتى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان و بەرپرسی لقى دهۆکی ئەو ڕێکخراوە بووە، لە ساڵی 2005 تا 2009 ئەندامی لقى یەکی پارتى دیموکراتى کوردستان بوە،

لە لقى یەک بەرپرسی نوسینگەى هەڵبژاردنى لق بووە کە پارتى لەو ماوەیەدا زۆرینەى ڕەهاى دەنگەکانى بەدەستهێناوە، لە 2007 تا 2009 بەرپرسی پەیمانگاى دهۆک بووە بۆ پرسە سیاسییەکان، لە بوارى نوسیندا دەستەى نوسەران بووە لە هەردوو گۆڤاری (نۆبون و مەتین) لە نێوان 2004 تا 2005 ، هەروەها ئەندامی لقی یەکێتى نوسەرانى کورد لقى دهۆک بوە لە 2004 ەوە تا ئێستا، هەروەها ئەندامى خولی چوارەمی پەرلەمانى کوردستان بوە و پێشتریش لە بارەگاى بارزانى بەرپرسی دۆسیەى پەرلەمان حکومەت بووە و لەو بوارەشدا زۆرینەى کێشەکانى پەرلەمان و حکومەتى بەرەوڕوو بوەتەوە و تیایدا سەرکەوتوانە کارەکانى ئەنجام داوە و لە کۆنگرەى پارتیدا بە کۆی 519 دەنگ بووە ئەندامی کۆمیتەى ناوەندی و لە هەڵبژاردنى کۆمیتەى ناوەندیشدا لە رۆژى 12/11/2022 بە زۆرینەى دەنگ بووە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتى دیموکراتى کوردستان و ئەوەش بەڕۆژێکی مێژووى و وەرچەرخان لە پارتى دیموکراتى کوردستان دا دەنرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP