دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 4 هەفتە

هونەری خۆشەویستی سێکسوالێتی کۆمەڵگای پۆڵەندی

 نیهاد جامی

ئەگەر کتێبی "هونەری خۆشەویستی" ژنە نووسەر ڤیۆلیتا ئۆزمینکۆڤسکی" گێڕانەوەی ئەزموونێکی خودگەرایی بێت کە وەک توێژینەوەیەک پشتی بە یادەوەری خۆی بەستبێت، ئەوە ژنە سینەماکارێکی وەکو ماریا سادۆڤسکا ئەو یادەوەریە شاراوەیە دەکات بە فیلم بۆ ئەوەی ئەو بابەتەی لەڕابردوو کۆمەڵگای پۆڵەندی نەیدەویست هیچی لەبارەوە بدرکێنێت و هیچ مەعریفەیەکیشی لێی نەبوو ئەوە وەک فیلمێك لەرێی ژنە ئەکتەر ماگدالینا بۆچارسکا بەوێنەیەک بیبینین کە وێنەیەکی کۆلاژکراوی ژنی پۆڵەندی بێت، وێنەیەک نە تێی دەگات نەویستویەتی لەبارەیەوە قسەیەک بکات.

ئەو فیلمە لەساڵی ٢٠١٧ بەرهەم هاتووە، چەندین خەڵاتی وەدەست هێناوە لەوانە خەڵاتی ئەکادیمیای پۆڵەندی بۆ باشترین فیلم و ئەکتەری ژن ئەو فیلمە ناگێڕدرێتەوە، بەڵکو پێویستە ببینرێت نەک بەهۆی ئەوەی فلمێکی ئاڵۆز بێت، نا بەپێچەوانەوە کێشەی تێگەیشتن بوونی نیە بەقەد ئەوەی چۆن دەتوانین لەڕێی ئەو فیلمەوە خۆمان بناسین، پرۆسەی خۆناسین پەیوەستە بەچیرۆکی گێڕانەوە، ژنە نووسەرێک کتێبێک لەبارەی هونەری خۆشەویستیەوە دەنووسێت، چیرۆکی تێگەیشتنە لەوێنەی ئەودیوی باسنەکراو لەپەیوەندی خۆشەویستی، خۆشەویستی هونەرێکە پەیوەستە بە پەیوەندیەکی ئازادی مرۆڤ لەرێگەی جەستەوە، ئەوە گێڕانەوەی ئەزموونی خودیانەی ژنێکە کە چۆن بە چیرۆکی عیشق و سێکسدا تێدەپەڕێت، گەڕانی خانمێکی پزیشکە لەوەی ئەزموونی دەکات وپێی دەگات، توێژینەوەیەکی سێسکوالێتیە، لەرێی ئەزموونی خودەوە، دەیەوێت ئاگاییەک بخاتە ڕوو، کە برین خستنە ناو نائاگایی کۆمەڵگای پۆڵەندیە، بۆیە دژایەتیەکی تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو کتێبە چاپ نەکرێت،

دۆخە کولتووریەکەی ئەو فیلمە تەواو نزیکە لەدنیای ئێمەوە، وەک چۆن پێویستە ئەو فیلمە ببینرێت تاوەکو ئەو شاگەشکە بوونەی زۆرجار لەگێڕانەوەی کوردیدا تووشی سەرسامی دەبیت، تێبگەیت ئەوە گێڕانەوەیەکی سینەماییە و ئەفسوونی هونەر خوڵقاندوویەتی، ئەو کاتە ئەفسوونی هەندێک تێکستی باڵا لەلات بەتاڵ دەبێتەوە، فیلمێک دیدێکی ژنانەیە بۆ چێژ و خۆشەویستی، ڕوانگەیەکی ژنانەیە بۆ تێگەیشتن لەهونەرێکی باسنەکراو، ئەوە بەزاندنی هەموو سنورێکە مرۆڤ کە ئەزموونی ئەو هونەرەی کرد نابێت وابەستەی کۆت ورێسایەک بێت، تاکە شەریعەتێک کە بوونی هەبێت،

چۆنیەتی گەیشتنە بە هەستێک کە لەناوەوە وێنەی باڵا دەخوڵقێنێت تاوەکو ئەو وێنەیە لەکامل بوونیدا جەستە بیکات بە وێنەی باڵای تێگەیشتن لەخود، ئەویش پەیوەندیکردنە بە ئەویتری خۆشەویست، بە کۆتایی پەیوەندی دنیا کۆتایی نایەت بەڵکو ئەو هونەرە لەپرۆسەی گەڕانی چیژە، خەسڵەتێکی گەڕانی هەیە و هونەرەکە لەناو کەسیتر دەدۆزێتەوە، ئەو ئارەزووە ژیاندۆستیە سەرەتای چۆنیەتی سەیرکردنەوەی دنیایە کە چۆن لەپێناو ئەویتردا بژین نەک بمرین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP