دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 4 هەفتە

لە کۆمپانیای ئەپڵەوە نهێنیە گەورەکەی سەرکەوتن فێربن

د. پشتیوان فەرەج

گرنگترین توانست یان کارامەیی کە کەسە سەرکەوتوەکان لە خەڵکی ئاسایی جیادەکاتەوە چیە؟

تیم کوکی سەرۆکی ئەپڵ دەڵێت ئەپڵ سەرکەوتووترین پڕقازانجترین و بەبەهاترین کۆمپانیای سەرزەمینە. بەڵام ئەمە پێوەر نیە بۆ سەرکەوتنی ئەپڵ هەرچەندە هیچ کۆمپانیایەک تا ئێستا ناتوانێت کێبرکێ ی ئەپڵ بکات چونکە ئەپڵ تا ئێستا 2.2 ملیار مۆبایلی ئایفۆنی فرۆشتوە.

یەکێک لەو هۆکارانەى وای کردوە ئەپڵ سەرکەوتوو بێت خەڵکی داهێنەر و زیرەک و بلیمەت لەو کۆمپانیا کاردەکەن. ئەوان بەرپرسی دیزاین کردنى بەرهەم و خزمەتگوزاریەکانن بۆ ئامێرێک کە زیاتر لە یەک ملیار کەس ڕۆژانە بەکاری دەهێنن.

ئاسان نیە بۆ کۆمپانیا ئەو جۆرە کەسانە بدۆزێتەوە و کاریان پێ بدات. سەرۆکی ئەپڵ تیم کوک دەڵێت گرنگترین توانست یان کارامەییەک کۆمپانیای ئەپڵ بەدوایدا دەگەڕێت نە داهێنانە نە زیرەکی نە بلیمەتی بە تەنها, ئێمە تەنها بەدوای ئەندازیار و دیزاینەری بلیمەتدا ناگەڕێین نەخێر ئێمە بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەرێین کە هەموو ئەو توانست و کارامەییان هەیە و جگەلەوەش لە هەمووی گرنگتر دەبێت توانای کارکردن بە شێوەی تیم و هەماهەنگیکردنیان هەبێت. بەڵام بزانە کوک چۆن باسی کارکردن بە شێوەی تیم و هەماهەنگی دەکات چونکە ئەوە نهێنیەکەیە.

لە بۆنەیەدا کە بڕوانامەی ماستەری شەرەفمەندیان پێ بەخشی لە زانکۆی ناپڵس تیم کوک باسی لە گرنگی تواناى هەماهەنگی و کارکردن بە شێوەی گروپ کرد. لە گوتەیەکیدا گوتی ئێمە بەدوای ئەو کەسانە دەگەڕێین کە هەماهەنگیکار و هاوکار بن وەک یەک تیم و گروپ کار بکەن چونکە پێمان وایە 1 + 1= 3 واتە یەک زائێد یەک ناکاتە دوو بەڵکو یەکسانە بەسێ. تیم کوک پێ ی وایە گرنگە خەڵکی بەهرەمەند و بەتوانات هەبێ بەڵام کاتێ دوو کەسی بەهرەمەند هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر دەکەن داهێنان دەکەن کاتێک چوار کەس لەو کارمەندە بەتوانایە یەکدەگرن وەک گروپی بچوک دەتوانن داهێنانی مەزنتر بکەن لەوەی کە خۆیان بە شێوەی تاک کار بکەن.

بەبۆچونی کوک سێ توانا و کارامەیی زۆر گرنگن لەوانەش داهێنان, خواستی فێربوونی بەردەوام و پسپۆری و شارەزایی, بەڵام ئەم سێ توانایە بەتەنها بەس نین.

کەس بەتەنها هیچی پێ ناکرێت. ئەگەر بتەوێ داهێنانێک بکەی لەبەرهەمێکدا یان لە خزمەتگوزاریەکدا هەمیشە پێویستت بە کۆمەڵگ خەڵکی بەهرەمەندە کە پێکەوە بتوانن هاوکاری و کۆمەکی یەکتر بکەن. ئەپڵ توانیویەتی ئەم ئامانجە بپێکێت چونکە بە کاڵاو خزمەتگوزاریەکانی ژیانی سەر زەمینى گۆڕیوە.

هیچ لەوە گرنگتر نیەکە بیرۆکەکانت لەگەڵ خەڵکی بەتوانا باس بکەی و ئەوانیش بە بۆچونى خۆیان بیرۆکەکەت دەوڵةمەنتر دەکەن.

بە کورتی نهێنی سەرکەوتنى کۆمپانیای ئەپڵ لە جیهاندا ئەوەیە کە نەک هەر خەڵکی بەتوانا و داهێنەر و بلیمەتی هەیە کاری بۆ دەکات بەڵکو ئەوکەسانە دەبێت خاوەن توانای کارکردن بن بە شێوەی تیم و گروپ. کارکردنیش بە شێوەی گروپ مەبەست ئەوەنیە کوڕی باش بی و کۆمەڵایەتی بی و خۆت بگونجێنیت بە مانا کوردیەکەى, نەخێر ئەم توانستە لەهەموو تواناکانى دیکە قورسترە و کارامەییەکە زۆر دەگمەنە.

پێویستى بەوە هەیە نەک تەنها مێشک فراوان و گەورە بیر بکەیتەوە بەڵکو وەها لە تیمەکەت بکەیت ئەوانیش وەک خۆت مێشک کراوە بن و گەورە بیر بکەنەوە. کاتێک کە بیرۆکەیەت هەیە و باسی دەکەیت باش گوێ بگرە بزانە ئەوانی دی چی لەبارەوە دەڵێن چ ئیزافەیەکیان یان بەهایەکی زیاتریان هەیە بۆ بیرۆکەکەت. مەبەستی لەهەماهەنگی و هاوکاری ئەوەیە کە بیرۆکەکانیش باهی خۆت بن بەڵکو دەبێت ئامادە بیت ئەو بیرۆکانە وەک هی تیمەکەت و گروپەکەت بزانی و تەنها خۆت خاوەنداری لێ نەکەیت.

کوک دەڵێت زۆربەی مرۆفەکان تەنانەت بلیمەتەکانیش خواستیان وەهایە کە سەرکەوتنەکان بەتەنها بۆ خۆیان بێت و خۆیان خاوەنداری سەرکەوتنەکان بکەن بەڵام پێچەوانەى ئەمە ڕاستە لە ژیانی پیشەیی و بزنس و کەسابەت. دەڵێت زۆربەی کارمەندەکانى کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەها ڕأهێنانیان پێ کراوە کە بەهۆی توانا و ماندوو بوونى تاکەکەسی خەڵات بکرێن و پلەیان بەرزبکرێتەوە و موچەیان زیاد دەکات.

ناتوانین لۆمەی کۆمپانیاکانیش بکەین بۆ ئەو کارە و ئەمە بووە بەنەریت هەر کەس دەیەوێت شەڕ بکات بۆ ئەوەی لەکارەکەی بناسرێت و پلەکەی بەرزتر بێتەوە بەڵام ئەمە تێڕوانینە ڕاستیەکە نیە بۆ سەرکەوتنی کۆمپانیاکان. کوک دەیەوێت بڵێت بەرپرسیارێتی سەرکردە ئیتر لە هەر کۆمپانیا یان دەزگا یان دامەزراوەیەک بێت ئەوەیە کە سیستەمێک دروست بکات کە تیایدا مەرجی یەکەمی کارکردن هەماهەنگی و کۆمەک و هاوکاریکردنى یەکدی بێت نەوەک کێبرکێ کردن لەگەڵ ستاف و کارمەندانی کۆمپانیاکەت یان دەزگاکەت.

کوک دەڵێـت بەوهۆیەوە ئێمە توانیومانە کۆمپانیایەکمان هەبێت کە دونیای گۆڕیوە و ژیانی خەڵکی باشتر کردوە و ئێمە وەها کاردەکەین بەهۆی کۆمپانیاکەمانەوە دونیایەکی نوێ و جیاوازتر لەو دونیایە دروست بکەین کە لە پێش دامەزراندنی کۆمپانیاکەمان هەبوو.کوک دەڵێت ئەمە نهێنی هەرە گەورەی کۆمپانیاکەمانە.

جا منیش لە میانەى ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا بیرم لە کوردستان دەکردەوە بیرم لە ڕۆحیەتى کارکردن و هەماهەنگی و دەستگرتن و هاوکاریکردن و کۆمەکی یەکتر دەکردەوە نەوەک ململانێ و ملی یەکتر شکاندن کە ئێستا بەداخەوە زیاتر باوە, بەهیوای ئەوەم ڕۆژێک لە کوردستانیش لەناو سەرجەم دامەزراوە و کۆمپانیاکان چ لە کەرتی حکومى و کەرتی ئەهلی ڕۆژێک ئەم تێڕوانینە باو بێت و هەموو کەس زیاتر هاوکار بن نەوەک کێبرکێ بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP