دواین هەواڵ

وەرزش‌

 پێش 4 هەفتە

چیرۆکی هازارد لە ڕیاڵ مەدرید کۆتای هاتوە

هەرێم نیوز

 یاریزانە باڵی هێرشبەر بەلجیکا ئیدین هازارد لە پلانی کارلۆ ئەنچیلۆتیدا جێگەی نییە و یانە مەدریدیەکە لە گواستنەوەی زستانە ڕێگەی پێدەدات بڕوات

 بەگوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرت۳،  ژمارە ۱۰ی درەوشاوەی یاریگای ستامفۆرد بریج دوای گواستنەوەی بەبڕی ۱۰۰ ملیۆن پاوەند بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ نەیتوانی لە درێسی ژمارە ۷ی گالاکسیدا بەردەوام بێت لە درەوشاوەیی، هەروەها پێکانی بەردەوام هازاردی لە ڕیزی ئەستێرە یەکەمەکانی تۆپی پێی ئەوروپا دوورخستەوە .

 هەرچەندە پێکانەکەی هازارد لە پاژنەی پێیدا باشتر بووە، بەڵام کارلۆ ئەنچیلۆتی هێشتا باوەڕی پێی نییە و یاریزانانی وەک ڕۆدریگۆ و ڤینیسیۆس جونیۆر و مارکۆ ئەسینسیۆ و کەریم بێنزیمە بە باشتر دەزانرێت.

 دوابەدوای ئەم ڕووداوانە ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە یانەی ڕیال مەدرید گڵۆپی سەوزی بۆ هازارد هەڵکردوە بۆ ئەوەی لە زستاندا داوای ڕۆیشتن بکات، چونکە لەژێر سەرکردایەتی ئەنچیلۆتیدا هیچ داهاتوویەکی لەم یانەیەدا نییە.

 بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، وادیارە هازارد هیچ چانسێکی نییە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو پلانی ڕاهێنەرە ئیتاڵییەکە و ئەو هێرشبەرە دەزانێت کە دەرگا بۆ جێهێشتنی یانەکە کراوەیە.

 وادیارە فلۆرێنتینۆ پێرێز باوەڕی بە تواناکانی یاریزانە بەلجیکا نییە و پێی وایە ڕۆیشتنی هازارد لە ڕیاڵ مەدرید بۆ هەردوولایان باشترین دەبێت.

 ئیدین هازارد تا هاوینی ۲۰۲٤ لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید بۆندی هەیە بە لەبەرچاوگرتنی مووچەی ساڵانەی ۲۰ ملیۆن یۆرۆ، هیچ ئارەزوویەکی بۆ جێهێشتنی یانە مەلکیەکە نیشان نەداوە.

 لە ئەنجامدا ڕیاڵ مەدرید یاریزانەکە ناچار ناکات یانەکە جێبهێڵێت، بەڵام بە ڕوونی بە هازاردیان ڕاگەیاندووە کە لە داهاتوودا پێگەی کورسی یەدەگەکەی ناگۆڕێت و دۆخەکەش وەک خۆی دەبێت.

ئیدین هازارد لە ماوەی سێ وەرزی ڕابردوودا لە ۷۲ یاریدا تەنها ۷ گۆڵی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید تۆمارکردووە و بەهۆی پێکانەوە یان نەخۆشییەوە ۷۲ یاری دیکەی لەدەستداوە.

سەرەڕای کێشەی پێکان، هازارد کاتێکی شکۆمەندی لە ڕیال مەدرید بەسەر برد و وەک یاریزانێکی کورسی یەدەگ توانی شەش جام بەدەستبهێنێت، لەوانە دوو پاڵەوانێتی لالیگا و یەک پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا و یەک جامی سوپەری ئەوروپا و دوو جامی سوپەری ئیسپانیا لە ژیانی وەرزشیدا .
 ئەگەر هازارد لە مانگی یەکدا بڕیاری جێهێشتنی ڕیاڵ بدات، ئەوا ئەستۆن ڤێلا دەتوانرێت بە کڕیارێکی جددی بۆ یاریزانە بەلجیکییەکە هەژمار بکرێت، لەو حاڵەتەدا جارێکی دیکە لە پریمەرلیگدا دەیبینینەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP