دواین هەواڵ

کلتور‌

 03/11/2022

کتێبە نەفرەتلێکراوەکان

ئازاد بەرزنجی
یەکێک لە بەرهەمە نوێیەکانم بۆ پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی کە لە ١٧ ی مانگی ئایندەدا دەکرێتەوە، "کتێبە نەفرەتلێکراوەکان"ە، کە لە نووسینی "عەلی حوسەین" ە و لە عەرەبییەوە کردوومە بە کوردی و لە لایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە چاپ کراوە و بڵاو دەکرێتەوە. ئەمەش پێشەکییەکە کە بۆ کتێبەکە نووسیومە:
کتێبە نەفرەتلێکراوەکان یان کتێبە مەزنەکان؟

خوێنەر کاتێک چاوی بە ناونیشانی ئەم کتێبە دەکەوێ، پرسیاری ئەوەی لا دروست دەبێت، ئاخۆ ئەو کتێبانە کامانەن نەفرەتیان لێ کراوە و بۆچی نەفرەتیان لێ کراوە و کێن ئەوانەی نەفرەتیان لێ کردوون؟

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ژیاری مرۆڤایەتییەوە، هەمیشە گوتنی هەقیقەت باجی خۆی هەبووە، ئیدی گوتنی ئەو هەقیقەتە لە هەر بوارێکدا بووبێت؛ فەلسەفە، زانست، ئەدەب و هتد... بەڵام لە هەر سەردەمێکیشدا دژایەتیی هەقیقەتێک و ئاشکراکردنی کرابێت، دواجار و گەر لە ڕۆژگاری خۆیشیدا نەبووبێت، سەرکەوتن هەر بۆ ئەو هەقیقەتە بووە.

لێ ئەوانە کێن کە دژایەتیی ئاشکراکردنی هەقیقەتیان کردووە و دەکەن؟ بێگومان ئەوانەی دژایەتیی ئاشکراکردنی هەقیقەتێکیان کردووە و دەکەن، یا دەسەڵاتێکە کە دەزانێ بە ئاشکراکردنی ئەو هەقیقەتە، دیوە ڕاستەقینەکەی کەشف دەبێت و بەمەش پێگەی دەکەوێتە مەترسییەوە، یا تاقمێک دژایەتیی دەکەن کە دەمارگیرن و بە یەقینەکانی خۆیانەوە گیرۆدەن و حەز بە هیچ شتێکی ناکۆک بەو یەقینەی خۆیان ناکەن و بۆیان قبووڵ ناکرێ، یانیش ئەوانەن کە کۆیلەی دابونەریتی باو و سەقامگیری ناو کۆمەڵگاکەیانن، بە دابونەریتی ئایینیشەوە.

خۆ گەر بڕوانینە مێژووی هەر کۆمەڵگایەکی مرۆیی، نموونەی ئەم دژایەتیکردن و نەفرەتلێکردنە لە هەقیقەتبێژان دەبینینەوە، بە کۆمەڵگای کوردییشەوە.

لە زۆربەی قۆناغەکانی مێژوودا دەسەڵاتی سیاسی و دینی و دابونەریتی کۆمەڵایەتیی چەقبەستوو، هاوشان لەگەڵ یەکدا ڕووبەڕووی ئەو بیرمەند و زانا و فەیلەسووف و نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندانە بوونەتەوە کە هەڵوەدای گەڕان بەدوای هەقیقەت و گۆڕانکاریدا بوون لە کۆمەڵگادا و زۆربەشیان باجی گەورەی کەشفکردنی هەقیقەتیان داوە، جا چ بە دادگایی و زیندانیکردنیان بووبێت، یان بە کوشتن و لەسێدارەدانیان و یاخود بە قەدەغەکردن و سووتاندنی کتێبەکانیان. ئەوەتانێ سوکرات لە ئەسینای پێش زاییندا دادگایی دەکرێ و تۆمەتی شێواندنی ئاکاری لاوانی دەدرێتە پاڵ و لەنێوان پاشگەزبوونەوە لە بیروبۆچوونەکانی و ژەهرخواردندا، ژەهرەکە هەڵدەبژێرێت.

گالیلیۆ گالیلی لەژێر هەڕەشە و گوشارێکی زۆری کڵێسادا، لە دادگا ناچار دەکرێ لە تیۆرییەکەی پاشگەز بێتەوە، بەڵام دوایی هەر پێداگری لەسەر تیۆرییەکەی دەکاتەوە، بەوەی زەوی چەقی گەردوون نییە و ئەوە ئەمە بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە، نەک بە پێچەوانەوە.

بۆدلێر بە شاعیرێکی بەدکردار و بەدڕەفتار لە قەڵەم دەدرێ، دەبێتە یەکێک لە شاعیرە گەورەکانی نەک هەر فەرەنسا، بەڵکو هەموو جیهان. تەها حوسەین لەلایەن ئەزهەر و دەسەڵاتی ئەوسای میسرەوە سووکایەتیی پێ دەکرێ و ئازار دەدرێ، بەڵام دواتر دەبێتە عەمیدی ئەدەبی عەرەبی. دی. ئێچ. لۆرەنس بەوە تاوانبار دەکرێ کە پەردە لەسەر هەستیارترین پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو هەڵدەماڵێت و بە ڕەوایەتیدان بە ژنێک کە لەگەڵ باخەوانەکەیدا سەرجێی دەکات، هەڕەشە لەسەر بونیادی خێزان دەکات، کە ئەمانەش بە هیچ جۆرێک لەگەڵ دابونەریتی ئەوسای کۆمەڵگای بەریتانیدا نەدەگونجان، بەڵام دواتر ڕۆمانەکەی دەبێتە شاکارێک و خۆیشی دەبێتە یەکێک لە گەورە ئەدیبەکانی بەریتانیا.

داروین لەلایەن کڵێساوە سووکایەتیی پێ دەکرێ و تۆمەتی ئەوەی دەخەنە پاڵ کە دەڵێت ئەسڵی مرۆڤ مەیموونە و ئەوەش ئیهانەکردنی کتێبی پیرۆزە، بۆیە بە بێباوەڕ و تێکدەر هەژمار دەکرێ، وەلێ دوایی دەبێتە یەکێک لە زانا گەورەکانی سەردەمی نوێ. هەروەها ڤۆڵتێر، کە دیسانەوە لەلایەن کڵێساوە بە بێباوەڕ تۆمەتبار دەکرێ، دواتر دەبێتە یەکێک لە ڕابەرە فیکرییەکانی هزری ڕۆشنگەری وشۆڕشی فەرەنسایی. ژان ژاک ڕۆسۆش بە هەمان شێوە. لە میسریش، دوای فەتوادان لەسەری و بەنیازی کوشتنی، لە لایەن کەسێکەوە هێرش دەکرێتە سەر ڕۆماننووسی مەزن نەجیب مەحفووز، کە هێرشکەرەکە تاقە کتێبێکی ئەویشی نەخوێندبووەوە، بەڵام لەو هەوڵی تیرۆرکردنە ڕزگاری دەبێت و دەبێتە براوەی خەڵاتی نۆبڵیش.

لەم کتێبەدا بە سەربردەی ژیان و کاری ئەم بیرمەند و نووسەرانە و دەیانی تریش ئاشنا دەبین، کە چۆن بە جەسارەتەوە ڕووبەڕووی جەهل و تاریکی و ستەم و دابونەریتی کۆن بوونەتەوە و کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی گرتن و ئەشکەنجەدان و تیرۆرکردن و کتێبەکانیشیان یان قەدەغە کراون و یاخود بە نەفرەت کراون و سووتێنراون.

ئەم کتێبە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ململانێی نێوان ئەقڵە گەورە و داهێنەر و ڕۆشنگەرەکان و ئەقڵە داخراو و چەقبەستووەکان؛ ململانێی نێوان ئەوانەی وەکو پرۆمیسیۆس ڕووناکییان بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی هێناوە و ئەوانەی ویستوویانە مرۆڤایەتی لەناو جەهل و تاریکیدا بهێڵنەوە و ملکەچی ستەمکاریی بکەن؛ گەشتێکە بەناو مێژووی کتێبە مەزنەکاندا؛ ئەو کتێبانەی ڕۆڵیان لە گۆڕینی ڕوانین و تێگەیشتنماندا گێڕاوە بۆ گەردوون و ژیان و بوون و ئینسان، ئەو کتێبانەی گەر نەبوونایە، ئێمەش ئەم مرۆڤەی ئێستا نەدەبووین، چونکە ئەو کتێبانە بوون یارمەتییان داین بە هزر و چەمکەکانماندا بچینەوە و ڕۆڵێکی گرنگیان لە فۆرمەلەکردنی هۆشیاری و جیهانبینیی مرۆڤی هاوچەرخدا بینی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP